ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە ڕایگەیاند کە بەهۆی گەمارۆی دەریایی ئەمریکاوە، بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی نەوتی ئێران لە مانگی ڕابردوودا زیاتر لە یەک میلیۆن بەرمیل دابەزیوە و لە ٣.٣٦ میلیۆن بەرمیلەوە بۆ ٢.٣ میلیۆن بەرمیل کەم بووەتەوە.
دوای سەپاندنی گەمارۆی دەریایی واشینگتۆن لە ناوەڕاستی مانگی ئاوریلدا، هەناردەی نەوتی تاران بە تەواوی ڕاوەستا. ڕاپۆرتەکان دەریدەخەن کە ٨٠٪ی کۆگاکانی ئێران پڕ ببوون و ٦٠ میلیۆن بەرمیل نەوتیش لە گەمارۆکەدا گیریان خواردبوو.
بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی لادانی کاتیی گەمارۆکە، هەناردەکردن دەستی پێکردووەتەوە و دوو نەوتهەڵگر بە ٣.٨ میلیۆن بەرمیل نەوتەوە چوونەتە ئاوە ئازادەکانەوە.
ئەم ئاڵۆزییانەی گەرووی هۆرمۆز بەرهەمهێنانی جیهانیی بە ڕێژەی ١٣.٦ میلیۆن بەرمیل کەم کردەوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناچار بوو لە مانگی ڕابردوودا ١٤٣ میلیۆن بەرمیل نەوت لە پاشەکەوتە ستراتێژییەکانی بەکار بهێنێت.
ئاژانس دەڵێت ڕێککەوتنی کاتیی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، کە بڕیارە ١٩ی ژوئەن لە سویس واژۆ بکرێت، دەبێتە هۆی لادانی گەمارۆ نەوتییەکان و کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز، هەرچەندە هێشتا چەندین تەوەری جێی ناڕوونی تێدا ماوەتەوە.