کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل: ئەگەر تاران بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەست پێ بکاتەوە، هێرشی سەربازیی دەکەینەوە

15:17 - 27 جۆزەردان 2726

ئێلی کۆهێن، وەزیری وزەی ئیسرائیل و ئەندامی کابینەی ئەمنییەتی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند، تێلاڤیڤ خۆی بە هیچ ڕێککەوتنێکەوە پێبەند ناکات کە ئەمنییەتی وڵاتەکەی دابین نەکات و هۆشداریی دا لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی بەرنامەی ئەتۆمی یان مووشەکە بالستییەکانی کۆماری ئیسلامی، ئامادەی هێرشی سەربازین.

کۆهێن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کاناڵی "ئەلحوڕە" جەختی کردەوە کە ئیسرائیل خاوەنی توانای هەواڵگری و سەربازیی پێویست بۆ لێدانی زیانی بەرچاو لە ڕێژیمی ئێرانە.

ناوبراو تارانی بە هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لوبنان دانا و ڕایگەیاند کە وڵاتانی عەرەبی میانەڕەویش هاوشێوەی ئیسرائیل، کۆماری ئیسلامی وەک هەڕەشە دەبینن.

وەزیری وزەی ئیسرائیل حیزبوڵڵای وەک "باڵی کۆماری ئیسلامی" ناو برد و وتی تا چەک نەکرێت، سەقامگیری نایەتە دی و هۆشداریی دا لە ئەگەری هەر هێرشێک لە خاکی لوبنانەوە، ئەرتەشی ئیسرائیل ئامانجەکان لە سەرانسەری ئەو وڵاتە و بە تایبەت بەیرووت بۆردومان دەکات.

کۆهێن لە کۆتاییدا ڕەخنەی توندی لە تورکیە و قەتەر گرت و ئانکارای بە پاڵپشتیکردنی حەماس و دەوحەی بە پشتیوانیکردنی تاران و گرووپە تێرۆریستییەکان تۆمەتبار کرد.