
ئاسۆ ساعێدی
(شیکارییەکی دەروونی بۆ دەرئەنجامەکانی ڕادەستنەکردنەوەی تەرمی لەسێدارەدراوانی سیاسی لەسەر تەندروستیی دەروونیی بنەماڵەکانیان)
دەروازە:
سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ڕادەستنەکردنەوەی تەرمی لەسێدارەدراوان، بەتایبەت زیندانییانی سیاسی و ئایدۆلۆژی، بەشێکە لە ستراتیژییەکی سیستماتیکی سەرکوت. ئامانجی ئەم کارە ڕێگریکردنە لە پێکهاتنی ناڕەزایەتی، دروستکردنی ترس و شاردنەوەی ڕەهەندە ڕاستەقینەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ. ئەم سیاسەتە لە سەرەتای جێگیربوونی حکوومەتەوە (بەتایبەت لە دەیەی ١٣٦٠ی هەتاوی) دەستی پێکردووە، تا ئێستاش بەردەوامە و بنەماڵەکان ناچار بە "شینگێڕی شاراوە" و بێدەنگییەکی سەپێندراو دەکات.
لە پێکهاتەی کۆمەڵگە مۆدێڕنەکاندا، ڕێوڕەسمی ماتەمینی و ناشتن تەنیا نەریتێکی کولتووری یان ئایینی نییە، بەڵکوو وەک بەشێک لە "مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ" و میکانیزمێک بۆ پاراستنی تەندروستی دەروونیی بەکۆمەڵ دادەنرێت. بەڵام لە سیستەمە سیاسییە سەرکوتکەرەکاندا، "مردن" لە فەزای تایبەتی دەردەچێت و دەچێتە چوارچێوەی "نکرۆپۆلیتیک (Necropolitics)"ەوە؛ واتە حکوومەت نەک هەر مافی ژیان لە "سوژە" (تاکی سیاسی) دەسەنێتەوە، بەڵکوو لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵی شێواز و شوێنی ناشتن (وەک گۆڕە بێناونیشان یان بەکۆمەڵەکان)، دەسەڵاتی خۆی بەسەر جەستەی مردوودا دەسەپێنێت. ئەمە بۆ ئەوەیە کە جەستە نەبێتە هێمای بەرخۆدان و هیچ پەیامێکی سیاسی بە بنەماڵە و کۆمەڵگە نەگوازێتەوە. (٢٠٠٣ (Achille Mbembe
سیاسەتی نکۆڵی؛ جەستە وەک ئامرازێکی سیاسی
لە سیستەمە تۆتالیتارییەکاندا، ڕادەستنەکردنەوەی تەرمی لەسێدارەدراوان ئامرازێکی سیاسی - ئەمنییەتییە.
حکوومەت ترسی ئەوەی هەیە ڕێوڕەسمی ناشتن ببێتە گۆڕەپانی خۆپێشاندان و هاوپێوەندیی گشتی. بەو پێیەی کە پرسەی سیاسی دەتوانێت ببێتە بزوێنەری شەپۆلێکی نوێی تووڕەیی خەڵک، حکوومەت بە "ناشتنی نهێنی" هەوڵی پچڕانی ئەم هاوپێوەندییە دەدات. ئەم کارە لە ڕاستیدا جۆرێکە لە ئەشکەنجەی دەروونیی درێژخایەن بۆ سەر بنەماڵەی قوربانییان. لێرەدا دەکرێت لە ڕێگەی دوو تیۆری سەرەکیی دەروونناسییەوە سەیری ئەم دۆخە بکەین:
یەکەم، بێبەشکردن لە شینگێڕی
کێنت دۆکا، (١٩٨٩)، دەروونناسی ناوداری بواری "ماتەم"، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم جۆرە ماتەمینییە کاتێک ڕوودەدات کە کۆمەڵگە یان دەسەڵات مافی شینگێڕی لە بنەماڵە زەوت بکات. ئەمە ماتەمێکە کە نە تەرم، نە ڕێوڕەسم و نە باوەشێکی گشتی بۆ سوکنایی تێدا هەیە. کاتێک دەسەڵات ئەم ئازارە بەفەرمی ناناسێت، خێزان لە مافی پرسە بێبەش دەبێت و تەنانەت هێمای یادەوەریی (گۆڕ)یشی لێ زەوت دەکرێت. لە کاتێکدا پێویستە ئەم شینە بە شێوەی سروشتی و تەندروست دەرببڕدرێت، تا نەبێتە هۆی ئازارێکی درێژخایەن و بێدەنگ و شاراوە؛ ئازارێک کە لە ژێر پێستی ژیاندا دەمێنێتەوە.
دووهەم، لەدەستدانی ناڕوون
پاولین باس (Pauline Boss)، پێی وایە ئەمە خراپترین جۆری ترۆمایە (زەبری دەروونی)؛ چونکە مەرگ ڕووی داوە، بەڵام بەڵگەی فیزیکی (تەرم) بوونی نییە. شینگێڕی پێویستی بە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستی لەدەستدانە. کاتێک شوێنی ناشتن نادیارە، بنەماڵەکان تووشی "لەدەستدانی ناڕوون" دەبن.
لەم دۆخەدا، کەسە لەدەستچووەکە لە ڕووی جەستەییەوە "غایب"ە، بەڵام لە ڕووی دەروونییەوە هێشتا لای بنەماڵەکەی "ئامادە"یە. ئەم هەڵپەساردنە لە نێوان مەرگ و ژیاندا، ڕێگری لە تێپەڕبوونی بنەماڵە بەناو قۆناغە سروشتییەکانی ماتەمینیدا دەکات. دەرئەنجامەکەی بریتییە لە: سڕبوونی دەروونی، هیوای درۆینە، نائومێدی ڕەها و سەرهەڵدانی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک خەمۆکی قووڵ و "ماتەمینی ئاڵۆزە."
پرسیار لێرەدا ئەوەیە: بێبەشکردن لە ڕێوڕەسمی پرسە و ماتەمینی و ڕادەستنەکردنەوەی تەرمی قوربانی، چۆن پڕۆسەی شینگێڕی لە بنەماڵەی لەسێدارەدراوەانی سیاسیدا، دەگۆڕێت بۆ ترۆمایەکی درێژخایەن؟
١. دەروونناسیی نکۆڵی و ترۆما
ڕادەستنەکردنەوەی تەرم یان ناشتنی نهێنی لە شوێنە نادیارەکاندا، ئەشکەنجەیەکی سیستماتیکیی دەروونی بۆ بنەماڵەی لەسێدارەدراوی لێ دەکەوێتەوە. لە دەروونناسیی جەماوەردا، گۆڕ شوێنێکە بۆ بەتاڵکردنەوەی هێماییی خەم و تووڕەیی. حکوومەت بە بێبەشکردنی بنەماڵە لە هەبوونی گۆڕ، ڕێگری لە ساڕێژبوونی ئەم خەمە لە هزری خێزان و کۆمەڵگەدا دەکات و لە دۆخی سەرگەردانی و دڵەڕاوکێیەکی هەمیشەییدا دەیانهێڵێتەوە، کە ئامانج لێی داڕمانی سیستەمی دەروونیی تاکە.
دەروونناسیی ماتەم جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بینینی تەرم وبەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی پرسە، پڕۆسەی "قبووڵکردنی مردن" ئاسان دەکاتەوە؛ چونکە ماتەمینی میکانیزمێکی چارەسەریی بۆ بەتاڵکردنەوەی خەم و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستییەکانە. کاتێک تەرم بوونی نییە، ماتەم لە قۆناغی "نکۆڵی" یان "تووڕەیی"دا دەمێنێتەوە. ئەم حاڵەتی "ناڕوونی لە لەدەستدانە" بنەماڵە لەناو ترۆمایەکی هەتاهەتاییدا (شۆکی دەروونی) دەهێڵێتەوە.
لە دەروونناسیی دەماردا (Neuropsychology)، مێشک بۆ تێپەڕین بەسەر ترۆما پێویستی بە "بەڵگەی هەستپێکراو" هەیە. کاتێک چاو تەرم نابینێت یان دەست لە جەستە نادرێت، سیستەمی لیمبیکی مێشک لە حاڵەتی "ئامادەباشیی بەردەوام"دا دەمێنێتەوە. مێشک ناتوانێت بڕوا بەو مەرگە بکات، ئەمەش دەبێتە هۆی خەمۆکیی توندی دوای کۆست. بۆ ئەم خێزانانە، کات لە ساتەوەختی لەسێدارەدانەکەدا دەوستێت، هەر بۆیە "کات" لە دەروونیاندا دادەڕمێت.
بەپێی تیۆریی "پێیر نورا"، کۆمەڵگەکان بۆ مانەوەی یادەوەریی بەکۆمەڵ پێویستیان بە شوێن هەیە. گۆڕ وەک "لەنگەرگایەکی سۆزداری"، ڕێگە بە بنەماڵەکان دەدات خەمەکانیان لە شوێنێکی دیاریکراودا چڕ بکەنەوە.
٢. ترۆما و سترێسی دوای کارەسات (PTSD)
ڕادەستنەکردنەوەی تەرم، کە زۆرجار لەگەڵ ناڕوونی لەبارەی ساتەکانی کۆتایی ژیانی کەسەکەدا هاوڕێیە، دەبێتە هۆی دروستبوونی "وێناسازییە ترۆماتیکەکان." مێشکی خێزان بەردەوام دیمەنەکانی ئەشکەنجەدان یان لەسێدارەدان دووبارە دەکاتەوە. نەبوونی جەستەیەک بۆ ماڵئاوایی لێکردن، ئەم خەیاڵە ئازاربەخشانە دەگۆڕێت بۆ واقیعی دەروونیی بەردەوام.
٣. گواستنەوەی نێوان نەوەکان
دەرئەنجامەکانی ئەم ڕووداوە تەنیا لە نەوەی یەکەمدا قەتیس نامێنێتەوە. "گۆڕی ونبوو" و "چیرۆکی تەواونەکراو"ی جەستەی ڕادەستنەکراو، وەک گرێیەکی دەروونی دەگوازرێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو. منداڵ و نەوەکان باری گرانی خەم و پەژارەیەک هەڵدەگرن کە هەرگیز بە دروستی بەتاڵ نەکراوەتەوە.
بۆچی حکوومەت لە ڕادەستکردنەوەی تەرمی لەسێدارەدراوان بە بنەماڵەکانیان دەترسێت؟
یەکەم، گۆڕ؛ جوگرافیای هاوپێوەندی
لە ژینگەیەکی پاوانخوازانەدا، کە ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان سەرکوت دەکرێن، "گۆڕستان" دەگۆڕدرێت بۆ تاقە کەشی نیمچە گشتی-تایبەتییەک کە مابێتەوە. گۆڕ دەبێتە خاڵێکی جوگرافی بۆ کۆبوونەوە. کاتێک خەڵک لەسەر گۆڕەکان کۆدەبنەوە، لە ڕاستیدا خەریکی پڕاکتیزەکردنی "ئامادەبوون لە فەزای گشتیدا"ن. ڕێوڕەسمی ماتەمینی لە فۆڕمە نەریتییەکەی دوور دەکەوێتەوە و دەبێتە "مێتینگێکی سیاسی"؛ لێرەدا گریان و ماتەمینی دەگۆڕدرێن بۆ سروود و دروشم. ئەگەر گۆڕ دیار بێت، دەبێتە شوێنی کۆبوونەوەی نەوەکانی داهاتوو کە "بەهاکان"ی کەسی لەسێدارەدراو بەرهەم دەهێننەوە. ئەمەش بە واتای چاندنی ئایدۆلۆژیای دژبەرە لە دڵی خاکدا.
دووهەم، خاوەندارێتی جەستە و ترساندن
لە ڕوانگەی دەسەڵاتەوە جەستەی لەسێدارەدراو تەنانەت دوای مردنیش لەژێر خاوەندارێتی حکوومەتدایە. خۆبواردن لە ڕادەستکردنی تەرم، لە ڕاستیدا دوا ئامرازی ئەشکەنجەدانی بنەماڵەکان و بارمتەگرتنی سۆزدارییە، تا لەم ڕێگەیەوە خێزان و کۆمەڵگە چاوترسێن بکەن.
سێیەم، یادەوەری دژی لەبیرچوونەوە
هەر گۆڕێک، گێڕەرەوەی چیرۆکێکە. گۆڕەکان یادەوەریی زیندووی شارن؛ تا گۆڕ بوونی هەبێت، تاوان لەبیر ناکرێت.
بەمجۆرە لە ڕوانگەی کلینیکییەوە، خۆبواردن لە ڕادەستکردنەوەی "تەرم" دەبێتە هۆی ئەوەی بنەماڵە تووشی "شیوەنی سڕبوو" بێت. لە شینی سروشتیدا، "ڕاستی مەرگ" بە بینینی تەرم و ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی پرسە لە مێشکدا جێگیر دەبێت، بەڵام لەم دۆخەدا:
- جێگیربوون لە قۆناغی نکۆڵیدا: مێشکی بەجێماوان بەهۆی نەبوونی بەڵگەی فیزیکییەوە بە شێوەیەکی لەنکاو لە بۆشایی نێوان هیوا و نائومێدیدا گرفتار دەبێت. ئەم دۆخە دەبێتە هۆی تێکچوونێک کە لە دەروونشیکاریدا پێی دەوترێت "شیوەنی ئاڵۆز و درێژخایەن"؛ حاڵەتێک کە تاک تێیدا نە دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ژیانی ئاسایی و نەش دەتوانێت ماڵئاوایی لە ئازیزی لەدەستچووی بکات.
- ئەشکەنجەی دەروونی بەردەوام: هەر ڕۆژێک کە تەرم ڕادەست ناکرێتەوە، ترۆما دووبارە بەرهەم دێتەوە. ئەم "ڕووداوە ترۆماتیکە" سەر بە ڕابردوو نییە، بەڵکوو "ئەشکەنجەیەکی بەردەوام لە ئێستادا"یە.
- لە ڕوانگەی کۆمەڵناسی سیاسییەوە، لەناوبردنی بۆنە و یادەوەری: کۆمەڵناسەکان پێیان وایە سیستەمە سیاسییە تۆتالیتەرەکان، تەنیا لە ڕێگەی جەستەوە مرۆڤ کۆنتڕۆڵ ناکەن، بەڵکوو هەوڵ دەدەن دەست بەسەر شێوازی بیرکردنەوە و مێژووشدا بگرن. بە سڕینەوەی یادەوەرییە ڕاستەقینەکان و گۆڕینی مێنتالێتیی (کۆئەقڵی) تاکی کۆمەڵگە، دەسەڵات دەتوانێت بەبێ بەرگری بەردەوامی بە خۆی بدات.
- بێبایەخکردنی هاوسۆزیی گشتی: ڕێوڕەسمی پرسە و ناشتن، بەکۆمەڵترین شێوازی دەربڕینی هاوسۆزییە. حکوومەت بە شاردنەوە و وەلادانی تەرم، ڕێگری لە دروستبوونی "ناوکی سەرەتایی کۆبوونەوەکان" دەکات. بەم کارە، خەمی بەکۆمەڵ دەگۆڕێت بۆ ئازارێکی تاکەکەسی و گۆشەگیری لە سووچی ماڵەکاندا، تا لەو ڕێگەیەوە وزەی پەنگخواردووی تەقینەوەی شینگێڕی پووچەڵ بکرێتەوە.
- شەڕ لەگەڵ گۆڕستان: گۆڕەکان "شایەتحاڵە بێدەنگەکان"ی مێژوون. لابردنی گۆڕ، هەوڵێکی ئەندازیارییە بۆ فەرامۆشی و لەبیرچوونەوە. حکوومەت دەیەوێت گێڕانەوەی کەسی لەسێدارەدراو لە جوگرافیای شار بسڕێتەوە، بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو هیچ پەیوەندییەکی فیزیکییان بەو ئازارە مێژووییەوە نەمێنێت.
- لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە، تاوان دژ بە مرۆڤایەتی: لە ڕوانگەی یاساییەوە، ئەم کارە لە پێشێلکارییەکی نیوخۆیی تێدەپەڕێت و لە چوارچێوەی تاوان دژ بە مرۆڤایەتیدا ئەژمار دەکرێت.
- بەردەوامیی پڕۆسەی تاوان: بەپێی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، تا ئەو کاتەی چارەنووس یان شوێنی ناشتنی لەسێدارەدراو بۆ بنەماڵەکەی ڕوون نەکرێتەوە، بە "تاوانێکی بەردەوام" دادەنرێت.
- مافی گەیشتن بەڕاستی: خێزانەکان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان "مافی زانینی ڕاستی"یان (Right to Truth) هەیە. خۆبواردن لە ڕادەستکردنەوەی تەرم، پێشێلکردنی ئاشکرای پرۆتۆکۆلەکانی مافی مرۆڤ جۆرێکە لە سزادانی بەکۆمەڵی خێزانەکان، کە دەتوانرێت لە دادگا نێودەوڵەتییەکاندا بەدواداچوونی یاسایی بۆ بکرێت.
- لە ڕوانگەی فەلسەفی و بوونگەراییەوە: مردن بەبێ گۆڕ لە مێژووی شارستانیەتدا، ناشتنی مردوو سنووری جیاکەرەوەی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵە. کاتێک حکوومەت مافی هەبوونی گۆڕێک زەوت دەکات، لە ڕاستیدا بەدوای "داماڵینی مرۆڤایەتی" لە کەسی لەسێدارەدراو و خێزانەکەیدایە. ئەمە پەیامێکی سەرکوتکەرانەیە بۆ خێزانەکان کە پێیان دەڵێت: "ئازیزی ئێوە تەنانەت مافی ئەوەی نییە بستێک لە خاكی ئەم وڵاتە داگیرکراوەی هەبێت."