کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکران و ڕفاندنی ٣٦ هاووڵاتیی کورد لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا

17:27 - 12 خاکەلێوه 2723

ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو" بڵاوی کردووەتەوە کە لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا، لانیکەم ٣٦ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون یان ڕفێندراون کە تۆمەتەکانیان چالاکیی سیاسی و مەدەنی بووە. 

هەر بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا لە کوردستان، ١٥ هاوولاتیی کورد بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی و هاوکاریکردنی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەسبەسەر کراون.

هەنگاو ڕایگەیاندووە کە ١٢ کەسیش بە هۆکاری ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر ژەهراویکردنی قوتابخانەکان لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر و ڕفێندراون و ٩ کەسی دیکەش، بەهۆی چالاکی لە ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکاندا لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

لەو ڕێژەیە لە دەسبەسەرکراوان، لانیکەم دوو کەسیان ژن بوون و منداڵێکی تەمەن ١٨ ساڵیش لەنێو ئامارەکاندایە. هەروەها ٨ کەس لە دەسبەسەرکراوانیش مامۆستای قوتابخانەکان بوون.

هەنگاو باسی لەوە کردووە کە ٣٢ حاڵەتی دەسبەسەرکردنەکان لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بووە و زۆربەی دەسبەسەرکراوان کە ١٧ کەس دەبن، لە ماڵی خۆیاندا دەسبەسەر کراون.

لەو ٣٦ حاڵەتەی دەسبەسەرکرانی هاووڵاتیاندا، چوار هاووڵاتی دوای بانگکردنیان بۆ لقی جیبەجێکردنی سزاکانی دادگای ڕێژیم لە شارەکانی خۆیان دەسبەسەر کراون و بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزاکانیان بۆ گرتووخانە گوازراونەتەوە.

جێی ئاماژەیە کە زۆربەی حاڵەتەکانی دەسبەسەرکران لە پارێزگاکانی سنە و ورمێ بووە.