کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سیمینارێک بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە لە وڵاتی سوید

10:55 - 20 خاکەلێوه 2723

لە شاری یۆتۆبۆری سوید، لەلایەن کۆمیتەی حیزبەوە سیمینارێک بۆ ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی ١٠ی خاکەلێوە بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ١٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری یۆتۆبۆری وڵاتی سوید بە بەشداریی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە وڵاتی سوید، بۆ بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی کورد و کوردستان، سیمینارێکی بەڕێوە برد.

سیمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

پاشان سمایل ساڵحیان، بە نوێنەرایەتیی کۆمیتەی یۆتۆبۆری بەخێرهاتنی بەشداران و نوێنەرانی هێزە سیاسییە کوردی و کوردستانی و ئێرانییەکانی بەشدار لە سیمینارەکەی کرد و بە نیشاندانی فیلمی دێکومێنتاریی بەشێک لە وەسییەتنامەی پێشەوا قازی محەممەد، سەرنجی بەشداربووانی بۆ لای  سیمینارەکە ڕاکێشا.

‎دواتر کاک باباعەلی مێهرپەروەر، سیمای ناسراوی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، باسێکی تیروتەسەلی لەسەر ١٠ی خاکەلێوە و کەسایەتیی پێشەوا قازی محەممەد، پێشکەش بە بەشداربووانی سیمینارەکە کرد.

کاک باباعەلی مێهرپەروەر بە ئاوڕدانەوەیەک لە شۆڕشی ژینا، ئاواتی خواست بەردەوامیی ئەم شۆڕشە دەستەبەری خواست و داخوازیی گەلی کورد بێت.

ناوبراو بە جەختکردنەوە لەسەر یەکڕیزیی ناوماڵی کورد و گرینگیی تەبایی لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وتی: لەسەر ئەو باوەڕەم کە کورد بەتەنیا حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی پێ ناڕووخێت و دەبێ هەموو گەلانی ئێران پێکەوە هاوپەیمان بن.

سیمینارەکە بە پێشکەشکردنی سروودێکی شۆڕشگێڕی لەلایەن فەریبۆرز کەرەمی و شاپوور کیانی کۆتایی پێ هات.