کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی سەقز، هۆشداریی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دەدات

17:30 - 12 خاکەلێوه 2723

ئەنجومەنی سینفیی مامۆستایانی کوردستان لە شاری سەقز تەنیا چەند ڕۆژ دوای بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک کە تێیدا بەردەوامیی دەسبەسەرکرانی سولەیمان عەبدی، مامۆستای بەندکراوی خەڵکی شاری سەقزی مەحکووم کردبوو، لە بەیاننامەیەکی نوێدا هۆشداریی بە لایەنە پێوەندیدارەکانی کۆماری ئیسلامی دەدات کە ئەگەر بەندکرانی ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی سەقز درێژەی هەبێت، ئەوە ئەوانیش کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی وەڕێ دەخەن.

ڕۆژی شەممە ١٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان لە شاری سەقز و زێویە، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاندووە کە سولەیمان عەبدی، مامۆستای قوتابخانەی دواناوەندیی فەننیی شاری سەقز تا ئێستاش دەسبەسەرە و لە گرتووخانەدا بەسەر دەبات. سەرەڕای ئەوە کە بنەماڵەی ناوبراو و هاوڕێیانی چەندین جار هەوڵیان داوە کە لە دۆخی جەستەیی و دەروونیی ئاگادار بن، تا ئێستا هیچ هەواڵ و زانیارییەکی ورد لە چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە و وڵامێکی دروست لەلایەن دامودەزگا حکوومی و قەزاییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بە بنەماڵەکەی نەدراوەتەوە.

هەروەها لە بەیاننامەکەی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی سەقزدا باس لەوە کراوە کە لەو ماوەیەدا کە سولەیمان عەبدی لە گرتووخانەدا بووە، پێوەندییەکی ئەوتۆی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە و بنەماڵەی ناوبراو دەڵێن کاربەدەستانی زیندان تەنیا بۆ سڵاو و ئەحواڵپرسی ڕێگەیان داوە کە تەلەفۆن بەکار بێنێت کە ئەمە بە دوور لە هەر مافێکی ئینسانییە و هەر تاکێک لە گرتووخانەدا مافی ئەوەی هەیە کە پێوەندیی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبێت.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: هەڵسوکەوتی بەشێک لە هێزەکانی ڕێژیم نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەم کارەی ڕێژیم ئامانجدارە و بۆ ئازاری دەروونیی سولەیمان عەبدی و بنەماڵەکەی و فەرهەنگییانی شاری سەقز و هاووڵاتییانی حەقخوازە.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی سەقزدا هۆشداریی توند دراوە کە ئەگەر سولەیمان عەبدی بە هەمان شێوە لە بەنددا بێت، بەپێی ئەسڵی ٢٧ی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی، مامۆستایانی شاری سەقز ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، کاتژمێر ١٠ تا ١٢ی پێشنیوەڕۆ، لە ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری سەقز کۆ دەبنەوە و ناڕەزایەتیی خۆیان لەمبارەوە دەردەبڕن.

جێی ئاماژەیە کە سولەیمان عەبدی یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی شاری سەقزە و ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بۆ لێکۆڵینەوە، ڕەوانەی گرتووخانەی شاری سنە کرا.

ناوبراو تا ئێستا لە مافی هەبوونی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.