کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات لە ئۆتریش لە حیزبی سەوزی ئەو وڵاتە

21:51 - 19 بانەمەڕ 2723

بەرپرسی بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئۆتریش، سەردانی دوکتور "ئێڤا ئێرنێست جیجیج"، ئەندام پارلمان لەسەر لیستی حیزبی سەوزی کرد.

ڕۆژی دووشەممە ١٨ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، محەممەد فەقێ عەلی، بەرپرسی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئۆتریش، سەردانی دوکتور "ئێڤا ئێرنست جیجیج"، ئەندام پارلمان لەسەر لیستی حیزبی سەوز و بەرپرسی بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی ئەو حیزبەی لە بنکەی سەرەکیی پارلمانتارانی ئەو حیزبە کرد.

لەو سەردانەدا محەممەدی فەقێ عەلی، باسێکی تێروتەسەلی لەسەر بارودۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پێشێلکارییە مافە مرۆییەکانی ڕێژیمی ئێران، پێشکەش کرد.

ناوبراو باسێکی لەسەر جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی کە بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژی گەلی کورد بەڕێوە دەچن، خستە بەر سەرنج، لەوانە گرتن و کوشتنی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخوازی سەر شەقامەکان، تەقەی ڕاستەوخۆ و کوشتن و بریندارکردنی کۆڵبەران و هێرشی کیمیایی دەستوپێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر قوتابخانەکان.

لە درێژەدا بەرپرسی بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات چەند داواکارییەکی خستە بەر باس، وەک پێناسەکردنی ئێران وەک ئێرانێکی فرەنەتەوە، بەربەستنانەوە و داخستنی ناوەندەکانی ڕێژیم لەو وڵاتە و بەتایبەتی ئەو ناوەندانەی زۆر دیار و بەرچاون و خەریکی کاری سیخوڕی و تێکدەرانەن، بەشداری پێکردنی کورد و نوێنەرایەتییەکەی لە هەر کۆڕ و کۆبوونەوەیەک کە لەسەر ئێران بەڕێوە دەچێت.

لە کۆتاییدا خاتوو ئێرنێست جیجیج، خۆشحاڵیی خۆی لەو سەردانە دەربڕی و بەڵێنیی دا کە پشتیوانی لە مافە ڕەواکانی گەلی کورد، بە تایبەتی حیزبی دێموکرات بکات.