کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ حیزبی كوردستانی ئێران سەردانی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی نۆروێژیان کرد

10:33 - 20 بانەمەڕ 2723

نوێنەرانی پێوەندییە نۆروێژییەکانی هەریەک لە حیزبەکانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمونیستی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، لەگەڵ نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژ- بەشی پێوەندییەکانی باکووری ئافریقا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کۆ بوونەوە.

ڕۆژی دووشەممە ١٨ی بانەمەڕ، نوێنەرانی بەشی پێوەندییە نۆروێژیەکانی سێ حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ پێکهاتوو لە بەڕێزان ئیدریس ئابدە، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕامیار ئیزەدی، نوێنەری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشان و ڕامین حوسێنی نوێنەری کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ کارگێڕ و بەرپرسی کاروباری ئێران بەڕێز" توور مارتین مۆلـەر" لە بەشی پێوەندییەکانی باکووری ئافریقا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژ پێک هێنا.

ئیدریس ئابدە، نوێنەری حیزب بە کورتی باسێکی سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و مێژووی ئەم پارچەیەی کوردستانی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

 ناوبراو هەروەها وێڕای پێناسەکردنی سێ حیزبی ڕۆژهەڵاتی و کورتەیەک لە کار و چالاکیی ئەم حیزبانە، بەتایبەت لە دیاسپۆرا جەختی لەسەر هاوکاری و پێوەندییەکانی لەگەڵ حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردەوە.

لە بەشێکی دیکەدا ڕامیار ئیزەدی، نوێنەری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، سەبارەت بە سیاسەتەکانی ڕۆژی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان جەختی لەسەر توندوتیژیی ڕێژێمی داگیرکەری ئێران لەهەمبەر ناڕازییان و خۆپێشاندەرانی ئێران و کوردستان، بەتایبەت لە شۆڕشی ئەم دواییانەی گەلانی ئێران کە بە "شۆڕشی ژینا" ناسراوە، کرد.

پاشان ڕامین حوسێنی، نوێنەری کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، باسێکی لە سەر ستەمی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵات و دەستدرێژی نامرۆڤانەی ئەم ڕێژیمە   بەرامبەر خەڵک و زیندانییانی سیاسی لە ئێران پێشکەش کرد.

ناوبراو لە درێژەدا وتی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر دڕندانە  مووشەکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی کردووە.

لە بەشی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، بەرپرسی کاروباری باکووری ئافریقا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، وێڕای سپاس و پێزانین بۆ زانیارییەکانی هەیئەتی بەشدار، نیگەرانیی خۆی و وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی نۆروێژی سەبارەت بە بابەتە باسکراوەکان دەربڕی و وتی کە دەوڵەتی نۆروێژ پێبەندە بە پرەنسیپی دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی.