کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێكی حیزبی دێموكرات بۆ وەرگرتنی خەڵاتی یادی ''شەبانا ڕەحمان'' بەربژێر کراوە

10:39 - 20 بانەمەڕ 2723

فەریبا ڕەشیدی، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و چالاکی مافی ژنان، یەکێک لە بەربژێرەکانی خەڵاتی "شەبانا ڕەحمان" لە وڵاتی نۆروێژە. 

فەریبا ڕەشیدی، نموونەی یەكێک لەو ژنانەیە کە قوربانیی توندوتیژی بووە و ئێستا یەکێک لە بەربژێرەکانی ئەو خەڵاتەیە کە دەنگی هەزارن ژنی قوربانیی دابونەریتە دواکەوتووەکان و سیستمی زاڵ بە سەر وڵاتەکەیاندان و یەکێک لەو ژنانەیە کە دژی سیستمی حیجابی زۆرەملێ‌ لە ئێران چالاکی دەکات.

شەبانا ڕەحمان، خەباتکارێکی چاونەترس بوو کە لە ساڵی١٩٧٦ زایینی لە وڵاتی پاکستان لە دایک بووە و لە ساڵی ٢٠٢٢ی زایینی لە شاری ئۆسلۆی وڵاتی نۆروێژ بەهۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

 ناوبراو یەکێک لە ژنانی چالاکی مافی مرۆڤ بوو کە دژ بە چەوسانەوەی ژنانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئاست ئەو کۆت و بەندانەی کە کۆمەڵگە و بەشێک لە بنەماڵەکان لەبەردەم کچان و ژنان دایدەنێن و ڕێگە لە گەشەکردن و ئازادییان دەگرن، چالاکیی دەکرد.

خەڵاتی یادی "شەبانا ڕەحمان" لە مانگی یەکی ئەمساڵدا لەلایەن کۆمپانیای ''نێتاڤیسن'' بە ڕاوێژ لەگەڵ خێزانەکەی و خۆشەویستەکەی "پیتەر سیمۆنسن" ڕێک خراوە و لە ١٦ی ئەم مانگە خەڵاتەکە دەبەخشن بە یەکێک لە پێنج بەربژێرەکان کە فەریبا ڕەشیدی یەکێک لەو کەسانەیە.