کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات لە ئۆتریش لە حیزبی نیولیبراڵ- دێموکرات

11:53 - 21 بانەمەڕ 2723

بەرپرسی بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئۆتریش، سەردانی دوکتور ''کریسپەر شتێفانی''، ئەندام پارلمان لەسەر لیستی حیزبی نیولیبراڵ- دێموکرات کرد.

محەممەد فەقێ عەلی، بەرپرسی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئۆتریش، سەردانی دوکتور ''کریسپەر شتێفانی''، ئەندام پارلمان لەسەر لیستی حیزبی نیولیبراڵ دێموکرات و بەرپرسی بەشی قەزایی و ئەمنییەتی نێوخۆی ئەو حیزبەی لە بنکەی سەرەکیی پارلمانتارانی ئەو حیزبە کرد.

لەو سەردانەدا محەممەدی فەقێ عەلی، باسێکی تێروتەسەلی لەسەر بارودۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پێشێلکارییە مافە مرۆییەکانی ڕێژیمی ئێران، پێشکەش کرد.

ناوبراو باسێکی لەسەر جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی کە بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژی گەلی کورد بەڕێوە دەچن، خستە بەر سەرنج، لەوانە گرتن و کوشتنی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخوازی سەر شەقامەکان، تەقەی ڕاستەوخۆ و کوشتن و بریندارکردنی کۆڵبەران و هێرشی کیمیایی دەستوپێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر قوتابخانەکان.

لە درێژەدا بەرپرسی بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات چەند داواکارییەکی خستە بەر باس، وەک پێناسەکردنی ئێران وەک ئێرانێکی فرەنەتەوە، بەربەستنانەوە و داخستنی ناوەندەکانی ڕێژیم لەو وڵاتە و بەتایبەتی ئەو ناوەندانەی زۆر دیار و بەرچاون و خەریکی کاری سیخوڕی و تێکدەرانەن، بەشداری پێکردنی کورد و نوێنەرایەتییەکەی لە هەر کۆڕ و کۆبوونەوەیەک کە لەسەر ئێران بەڕێوە دەچێت.

محەممەدی فەقێ عەلی هەروەها داوای وەگەڕخستنەوەی دۆسیەی شەهیدانی ڤییەنی کرد، بە تایبەتی لە هەلومەرجی ئێستادا کە دەتوانێت شوێندانەر بێت.

لە کۆتایدا دوکتور کریسپەر، خۆشحاڵیی خۆی لەو سەردانە دەربڕی و سپاسی پێدانی ئەو زانیارییانەی کرد و بەڵینیی دا کە ڕەخنە و پێشنیارەکان وەبەرچاو بگرن.