(بەبۆنەی ١١ی بانەمەڕ ڕۆژی لەدایک بوونی پێشەوا قازی محەممەد دامەزرێنەر و ڕێبەری گوتاری ناسیونالیسیتی کورد)
ئاگری باڵەکی
پێشەوا قازی محەممەد، ڕێبەر و ڕێنیشاندەرو یەکەم سەرکۆماری کوردستان، ڕێبەرێک کە «کەم ژیا‌و کەڵ ژیا». ئەو وەک ڕێبەرێکی ئەفسانه‌یی بۆ کورد لە سەردەمێکدا بوو بە ڕێنیشاندەر کە ئێستاشی لەگەڵ بێ، لەسەر ئەم ڕێگه‌یە کورد هەنگاو دەنێ، ئەوەی فەیلەسووفە جیهانییەکان لەبارەی دەوڵەت و ڕێبەریی خەڵک بە نووسین باسیان کردبوو و لە کتێبەکانیاندا وەک بیرۆکە هێنابوویان، پێشەوا بە کردەوە ئەو بیرۆکانەی لە ماوەی ڕێبەریی خۆیدا جێبەجێ کرد. ئەو مۆمێک بوو لە تارکییەک لە مێژووی هەزاران ساڵەی نەتەوەیەکی خۆشی لە خۆی نەدیو.
هەر وەک پێشەوا قازی محەممەد لە نوتقێکی مێژوویی کە لە ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٢ی ٨ی گەلاوێژی ١٣٢٥ بڵاوبۆتەوە، دەڵێ:
"بۆ خۆتان ده‌زانن که ئه‌من بۆ وه‌رگرتنی حقووقی کورد شه‌و و ڕۆژ وچانم نه‌داوه و ئه‌و زه‌حمه‌ته‌ش به فه‌خر ده‌زانم. تا یه‌ک ڕۆژم له دنیا مابێ ده‌ست له فیداکاری هه‌ڵناگرم و به هه‌موو که‌سێکی ده‌سه‌لمێنم که کورد شایانی ژیانه".
کە باس لە «ژێکاف»، «حیزبی دێموکراتی کوردستان» و «کۆماری کوردستان» دەکرێ، ڕاستیەک هەیە دەبێ باس بکرێت ئەویش ئەوەیە کە نەخش و کاریگەریی تایبەتی پێشەوایە لە بەدەستهێنانی گەورەترین دەسکەوتی مێژوویی بۆ کوردستان و نەتەوەی کورد. بۆ ئەو کەسەی کە دەیهەوێ بزانێ کۆماری کوردستان چ بووە دەبێ سەرەتا لە هزر و بیری پێشەواوە دەست پێ‌بکات و کۆماری کوردستان چ دەستکەوتێکی مێژوویی بووە بۆ کورد هەر وەک جەعفەر عەلی لە کتێبی « ناسیۆنالیزم و ناسیۆنالیزمی کوردی» ئاوا باسی پێشەوا دەکات:
"ئه‌گه‌ر بزاڤی ناسیۆنالیستی کوردی له بیسته‌کاندا بێ ناوی شێخ مه‌حموود ده‌بێته که‌م و کۆڕییه‌ک، ناوهێنان و قسه‌کردنیش له‌سه‌ر ژێکاف و حیزبی دێمۆکرات و کۆماری کوردستان وه‌ک به‌رهه‌می تێکۆشانی ناسیۆنالیزمی سیاسی کورد له ڕۆژهه‌ڵات بێ ناوی قازی محه‌ممه‌د له که‌موکورتی به‌ده‌ر نابێت."
ئەگەر بە کورتی چاوێک بە سەرەتای لاویەتیی پێشەوادا بخشێنین، دەبینین پێشەوا کەسێک بووە کە هەمیشە هەوڵی خۆ فێرکردن و خۆ پێگەیاندنی داوە و هەوڵی داوە لە زانیارییەکانی خۆی بە قازانجی کۆمەڵانی خەڵک کەڵک وەرگرێ، پێشەوا کەسێکی زیرەک و خاوەن بیرێکی تیژ بووە ئەو لە سەردەمی خۆیدا شارەزایی چەندین زمانی جیاواز لە زمانی کوردی بووە، لە ژمارە ١٥ی ڕۆژنامەی «کوردستان» دەوری دووەم لە ساڵی ١٣٥١ ئاوا باسی پێشەوا کراو..
"ئه‌و زانستی ئایینی و فه‌لسه‌فه‌ی کۆن و ئه‌ده‌بیاتی فارسی و عه‌ره‌بی هه‌ر له مه‌ڵبه‌ندی مه‌هاباد و له خزمه‌ت مامۆستا زاناکانی ئه‌م مه‌ڵبه‌نده خوێند. هێشتا مێرمنداڵ بوو که له زانستی زه‌مانی خۆیدا به مامۆستا ده‌ناسرا. پاش ئیجازه وه‌رگرتن، چالاکانه خه‌ریکی کاری کۆمه‌ڵایه‌تی بوو بێ ئه‌وه‌ی مه‌عاش وه‌ربگرێ نوێنه‌ری فه‌رهه‌نگی مه‌هابادی وه‌ئه‌ستۆ گرت. یه‌که‌مین قوتابخانه‌ی نوێی ئه‌م شاره له سایه‌ی هه‌ڵسووڕان و تێکۆشانی ئه‌و دروست کرا که خۆی به سه‌ری ڕاده‌گه‌یشت و ده‌رسیشی ده‌گوته‌وه. بناغه‌ی هه‌وه‌ڵین نه‌خۆشخانه‌ی مه‌هابادیش به‌ده‌ستی ئه‌و داڕێژراو له ژێر چاوه‌دێریی ئه‌ودا که‌وته کار".
پێشەوا قازی لەسەردەمی خۆیدا زمانزانێکی گەورە بووە کەسێک بووە کە توانیویەتی بە ٦ زمانی جیاواز لە زمانی کوردی قسان بکات ئەو له ماوه‌یه‌کی که‌م دا "فێری زمانی ئینگلیسی، ڕووسی و فه‌رانسه‌یی بێ و بێجگه له‌و سێ زمانه، زۆر باش له زمانی عه‌ره‌بی، فارسی و تورکی شاره‌زایی پێدا بکات".
پێشەوا کەسێک بوو کە خوێندنی ئایینی تەواو کردبوو و قازی شەرعی مەهاباد بوو لەگەڵ ئەوەیدا هەمیشە هەوڵی داوە کە بەدوای شتی نوێ‌دا بگەڕێت و فکر و بیرە جیاوازەکانیش بخوێنێتەوە هەربۆیە لە کتێبخانەکەیدا کتێبی جۆراوجۆری لە هەموو بیر و هزرێک تێدا بوو، شاعیری کورد جەلالی مەلەکشا لە سەردانێکیدا ئاوا باسی کتێبخانەکەی پێشەوا دەکات: «جۆره‌ها جۆر عینوان کتێب له‌م کتێبخانه‌دا بوون و ئه‌وه‌ی ده‌گه‌یاند که پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د له باری ئه‌ندیشه و فیکره‌وه چه‌ند کراوه بووه… له گۆشه‌یه‌کدا، هه‌ر چوار ئینجیلی پیرۆز (عه‌قیق، لۆقا، جه‌دید، ومه‌تی) ده‌بینران و زۆر ڕۆمان و کتێبی شێعر و فه‌لسه‌فه و… کتێبی مێژوویی و زانستی...
٧٠ ساڵ پێش ئێستا لە ناوچەیەکی دواکەوتووی جیهاندا و لە ناوچەیەک کە خەڵکەکەی ئاگادارییەکی ئەوتۆیان لە جیهانی شارستانی و پێشكەوتوو نەبوو، پێشه‌وا ڕوو له نه‌ته‌وه‌که‌ی ده‌کا و ده‌ڵێ:
"برایانی خۆشه‌ویست: ئه‌من له ئێوه‌م ده‌وێ که ته‌نیا شه‌ڕکه‌ر نه‌بن به‌شکوو چه‌کێکی وا هه‌ڵبگرن که بتوانن به‌رامبه‌ری ده‌گه‌ڵ له‌شکری میلله‌تانی تر بکه‌ن، ئه‌و چه‌که‌ش (عیلم و زانسته) مه‌رحه‌له‌ی شه‌ڕ ته‌واو بووه نۆبه‌ی هونه‌ره… ئه‌من له ئێوه‌م ده‌وێ که به زانست به‌ربه‌ره‌کانێی دوژمنان بکه‌ن. چه‌کی بێ عه‌قڵ دوژمنان نابڕێ. به‌ڵام داخه‌که‌م ئاغاکان ئاماده نین که له میوه‌ی خوێندن به‌هره‌وه‌ر ببن. ئه‌گه‌ر بڵێم کوڕه‌کانتان، برایه‌کانتان بهێنن بیاننێرم بۆ جه‌بهه باکیان نییه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بڵێم بۆ خوێندنیان ده‌نێرم ڕووی خۆیان گرژ ده‌که‌ن و عوزری ناموه‌جه دێننه‌وه، ئه‌گه‌ر پێیان بڵێم مه‌دره‌سه‌یه‌ک له دێیه‌کانتان بکه‌نه‌وه مات ده‌بن…›› .
له ڕێگای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و دێڕانه‌ی پێشه‌واوه یه‌که‌م شتێ که بۆ مرۆڤ ده‌رده‌که‌وێ ئه‌وه‌یه، پێشه‌وا به مانای ڕاسته‌قینه‌ی وشه ڕێبه‌ر و سه‌رکرده‌یه‌کی نوێخواز بووه و ڕێفورم و گۆڕانکاری له بونیادی کۆمه‌ڵی کورده‌واری، به‌شێکی هه‌ره گرینگی له هزر و فیکری پێکهێنابوو. کاتێ له لاپهڕەکانی ڕۆژنامه‌ی کوردستانی ئه‌و سه‌رده‌مه ڕاده‌مێنی و له وتاره‌کانی پێشه‌وا ده‌ڕوانی، که‌متر سوخهنڕانییهکی پێشه‌وا ده‌بینی که بێ نێو‌بڕ وشه‌گه‌لی: ته‌ره‌قی، پێشڕه‌فت و فێربوونی زانست و گه‌شه و به‌ره‌وپێشچوون له میانه‌ی وته‌کانیدا به‌دی نه‌کرێ. به‌ڵام چه‌مکی نوێخوازی و پێشکه‌وتن و به‌ره‌وپێشچوون له بیری پێشه‌وادا ته‌نیا به مانای که‌ڵکوه‌رگرتن له ئامراز و که‌ره‌سه و ته‌کنیکی نوێ نه‌بوو، به‌پێچه‌وانه پێشه‌وا له ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتداره‌تییدا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌وڵی ده‌دا له که‌ره‌سه و ئامرازی نوێ بۆ نوێکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵی کورده‌واری که‌ڵک وه‌رگرێ، هه‌ر له‌و کاته‌دا به هه‌موو توانایه‌وه تێده‌کۆشا به‌شێوه‌یه‌کی بنهڕەتی سه‌رجه‌م ده‌روازه‌کانی پیوه‌ندیدار به ڕه‌وتی گه‌شه و به‌ره‌وپێشچوونی کۆمه‌ڵی کورده‌واری، بۆ مرۆڤی کورد به‌ڕوودا بکاته‌وه.
پێشه‌وا له یه‌کێک له کۆبوونه‌وه‌کانیدا ڕوح و سروشتی نه‌ته‌وه‌خوازیی کوردی دێنێته سه‌ر زمان و ده‌ڵێ:
"ئێستاش له سایه‌ی هێز و قودره‌تی ئازادی ئێمه‌ش چاو و گوێمان کراوه‌ته‌وه و جارێکی دیکه ناچینه‌وه ژێر چنگاڵی بێدادی، کورد له حه‌قی خۆی زیاتر هیچی له خه‌ڵکی نه‌ویستووه، ده‌یه‌وێ به زمانی خۆی بخوێنێ، له پیت و کانگای وڵاته‌که‌ی سوود به‌رێ، ببێته خاوه‌نی کارخانه و کانگا. کورد نایه‌وێ ده‌ستدرێژی بۆ خاکی هیچ میلله‌تێک بکا.
پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د ئه‌و مرۆڤه ده‌گه‌مه‌نه کاریزمایییه بوو که شه‌وه‌زه‌نگی نه‌زانی و کۆیله‌تی شه‌ق کرد. هه‌توانێک بوو بۆ برینی هه‌زاران ساڵه‌ی کورد، بارانێکی ڕه‌حمه‌ت بوو بۆ سەحرای قاقڕیی کۆیله‌تی و بنده‌ستی. ئه‌و بوو به پێشه‌وای گه‌ل و به‌و په‌یامه که پێی بوو هێزی نوستووی گه‌لی کوردی وه‌خه‌به‌ر هێنا، کۆشکی سه‌ربه‌رزی و سه‌ربه‌خۆیی کوردی له‌سه‌رده‌می بێده‌ره‌تانیدا، دامه‌زراند. ئه‌و بوو به پێشه‌وای گه‌ل و به‌و په‌یامه که پێی بوو هێزی نوستووی گه‌لی کوردی وه‌خه‌به‌ر هێنا، کۆشکی سه‌ربه‌رزی و سه‌ربه‌خۆیی کوردی له‌سه‌رده‌می بێده‌ره‌تانیدا، دامه‌زراند" .
کاتێک هێندوستانییەکان کاریزمایەکیان هەیە بە ناوی گاندی و ئەفریقاییەکان ماندێلایان هەیە، ئەوا کوردیش بێبەش نەبووە لە هەبوونی کاریزما. پێشەوا قازی محەممەد نموونەی هەرەبەرزی کاریزما و ڕێبەری کوردە، لە ڕاستیدا بیر و کردارەکانی پێشەوا نەک هیچی کەمتر نییە لە بیر و کردەوەکانی گاندی و ماندێلا و ئەوانی تر، لە ڕاستیدا پێشەوا گوتاری کردە کردار کە ئەمە بەکەم سەرکردە دەکرێ لەڕاستیدا.
هه‌روه‌ک مامۆستا هێمنی موکریانی به‌دروستی لە گەورەیی پێشەوا دەنوسێ:
زانا بوو، کوردپه‌روه‌ر بوو
پێشه‌وا بوو، ڕابه‌ر بوو
هه‌ر کورد نه‌بوو به‌شه‌ر بوو
خه‌می خه‌ڵکی له‌به‌ر بوو.
هەق وایە کە ڕۆژی ١١ی بانەمەڕێ ١٢٧٩ هەتاوی بەرامبەر بە ٣٠ی ئەپریلی ١٩٠٠ کە ڕۆژی لەدایکبوونی پێشەوایە، ساڵانە وەک یادێکی نیشتمانی یادی بکرێتەوە. ئەو ڕۆژە واتە ١١ی بانەمەڕ ڕۆژی لەدایک بوونی کەسێکە کە مێژووی هاوچەرخی کوردی گۆڕی و جیهانی ناسیۆنالیزمی کوردی لەوێرا دەستی پێ‌کرد.
سەرچاوەکان:
١- نوتقی پێشه‌وا. ڕۆژنامه‌ی کوردستان ژماره 72 8ی گه‌لاوێژی 1325.
٢- ناسیۆنالیزم و ناسیۆنالیزمی کوردی. جه‌عفه‌ر عه‌لی. سلێمانی 2004
٣- «کوردستان» ئۆرگانی کومێته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان (ئێران) ژماره 15 خاکه‌لێوه‌ی 1351
«٤- کوردستان» بڵاوکراوه‌ی بیری حیزبی دێمۆکراتی کوردستان ژماره 25. یه‌کشه‌ممه 26ی ڕه‌شه‌مه‌ی 1324ی هه‌تاوی. 17ی مارسی 1946. بروانه وتاری ‹›حه‌زره‌تی محمد قازی پێشه‌وا.
٥- جه‌لال مه‌له‌کشا، وتاری زیاره‌تی کتێبخانه پیرۆزه‌که‌ی پێشه‌وا، وه‌رگیراو له سایتی www.peshewa.com
٦- ڕۆژنامه‌ی «کوردستان» ژماره 72 سێشهممۆ 8ی گه‌لاوێژی 1325. نوتقی حه‌زره‌تی پێشه‌وای موعه‌زه‌می کوردستان له کاتی ڕۆیشتن بۆ ورمێ.
– دورگەی بەختەوەریی، ئەیوب ئەیوبزادە