هاوکات لەگەڵ گرانیی لەڕادەبەدەری نان و چوونەسەرەوەی نرخی ئەو پێداویستییە سەرەکییەکانی خەڵکی ئێران، خەڵکی لوڕستان سەرەڕای ناڕەزایەتی لەمەڕ گرانیی ئارد باسیان لە دابەزینی بەرچاوی چۆنایەتیی نان و خراپیی ئاردی بەکارهێندراو لە نانەواخانەکان کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "تەسنیمـ"ـی سەر بە ڕێژیم، خەڵکی خوڕەماوا لە ساڵانی ڕابردوودا لەهەمبەر لە خوارەوەبوونی چۆنایەتیی ئارد و نان، سووتاوی و هەویربوونی نانەکان و ناستانداردبوونیان ناڕازی بوون.
ئەو ڕاپۆرتەی هەواڵدەریی "تەسنیم" دەرخەری ئەوەیە کە نەک هەر خەڵکی ئاسایی بەڵکوو بەپێی وتەی کارناسان ئەو جۆرە نان و ئاردانە نەک هەر هیچ جۆرە مۆرێکی تەندروستییان لەسەر نییە و بەڵکوو زیانی زۆریان بۆ سەر تەندروستیی گشتیی خەڵکی لوڕستان هەیە.
ئەو هەواڵدەرییەی ڕێژیم لە زاری کەسێکی خەڵکی ئەو شارەوە نووسیویەتی: "لە کلتووری خەڵکی ئێراندا نان هەموو کات هێمای بەرەکەت و ڕزقی حەڵاڵ بووە و ئەو نانەی کە جێگای بایەخ بوو کاتێک دروست دەکرا بۆن و بەرامەیەکی خۆشی هەبوو بەڵام نانی ئێستا نەک هەر ئەو نانە بۆن خۆشە نییە بەڵکوو هیچکات تام و بۆنی ئەو نانەی جارانی نەماوە".
بەپێی بەدواداچوونەکان، کارخانەکانی ئاردی ئەو پارێزگایە بۆ خۆدەربازکردن لە بەرپرسایەتی لە ئاستی دابەزینی چۆنایەتیی ئارد، پەنجەی تاوانیان بۆ یەکتر ڕادەکێشن و بەرپرسان و دامودەزگا پێوەندیدارەکانی ڕێژیم یەکتر بە کەمتەرخەم و خەمسارد لەقەڵەم دەدەن.
شایانی باسە نەبوونی چاوەدێریی بەرپرسان، بەڕێوەبەریی لاواز، کەمتەرخەمی لە ئاستی تەندروستیی خەڵک و پشتگوێخرانی داواکارییان ئەو کێشەو گرفتانەن کە خەڵکی لوڕستان لەگەڵی بەرەوڕوون.