مەسعوود پزشکییان لەحاڵێکدا باس لە بڕینی یارانەی ١٥ میلیۆن کەس دەکات کە مەجلیس خەریکی بڕینی یارانەی ٢٧ ملیۆن کەسە؛ ناکۆکییەک کە ڕەنگدانەوەی قەیرانی قووڵی دارایی و لاوازی پێکهاتەیی سیستمی ئابووری ئێرانە.
ئەحمەد مەیدری وەزیری کار بە ئاماژەدان بە ژمارەیەکی سنوورداری ئۆتۆمبێلی لووکس لە ئێراندا ئیدعای ئەوەی کرد کە دانیشتووانی دەوڵەمەندی ڕاستەقینە زۆر کەمن و بڕینی بەربڵاوی یارانەکان دەتوانێت لێکەوتەی کۆمەڵایەتیی جیددیی هەبێت.
لەبەرامبەردا محەممەدباقر قاڵیباف، بەرپرسی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، دەوڵەتی بە جێبەجێنەکردنی تەواوەتی یاسا و بەردەوامیی پێدانی نایاسایی یارانەکان تۆمەتبار کرد.
بەڵام ڕاستییەکە لە جیاوازییەکانی نێوان دەوڵەت و مەجلیس تێدەپەڕێت؛ بەهۆی ئەوەی هێڵی هەژاری زیاتر لە شەش میلیۆن تمەنە و ڕێژەی هەژاری ٣٦ لەسەدە، بڕینی یارانەکان بۆ میلیۆنان کەس نابێتە دەستپێوەگرتنی ئابووری، بەڵکوو دەبێتە بارگرانیی دووبارە بۆسەر چینی هەژار.
دەوڵەت لە بەرامبەر دابەزینی داهاتی نەوت و کورتهێنانی لەڕادەبەردەری بوودجە، بڕینی یارانەکانی کردووە بە ڕێگەیەکی کاتی بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمی سەرچاوەکان، نەک چاکسازیی پێکهاتەیی.
لەکاتێکدا بەشێکی زۆری بوودجە لە ڕێگەی قەرزکردنەوە دابین دەکرێت، بەڵام سیاسەتی بڕینی یارانەکان زیاتر ڕەنگدانەوەی سەرلێشێواوی و ناکارامەیی درێژخایەنە لە بەڕێوەبردنی ئابووریدا نەک نیشانەی "ئامانجکردن"، بڕیارێک کە دەتوانێت دابەشبوونی چینایەتی قووڵتر بکاتەوە و ناڕەزایی کۆمەڵایەتی فراوانتر بکات.