کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دنیای ئازاد دەبێ لەدژی سپای تێرۆریستیی پاسداران بوەستێ

23:24 - 22 بانەمەڕ 2723

عەلی بداغی

ورووژاندنی بابەتی گرینگ و هەستیاری بەتێرۆریست‌ناساندنی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی کە تا ئێستا چەند قۆناغی باشی لە هاوکێشە سیاسی و دیپلۆماسییەکاندا بڕیوە، لەجێدا یەکێک لە دەسکەوتەکانی بزووتنەوەی سیاسیی خەڵکی ئێران بەدوای شۆڕشی ژینایە. لە تازەترینی ئەو هەوڵانەدا پاڕلمانی سۆئێد بوو کە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بەفەرمی وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناساند. بەفرانباری ساڵی ڕابردووش نوێنەرانی پاڕڵمانی ئورووپا سپای پاسدارانی ڕێژیمیان خستبووە نێو لیستی گرووپە تێرۆریستییەکانەوە، بەڵام لەگەڵ بەردەوامیی ئەو هەوڵانە، کەچی هەتا ئێستا شوڕای ئورووپا و وڵاتانی ئەندامی یەکیەتیی ئورووپا خۆیان لەوە بواردووە کە بەڕەسمی سپای پاسداران بە ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناو ببەن و وەک باس دەکرێ کۆسپێکی سەرەکیی بەردەم پەسندکرانی کۆتایی ئەو گەڵاڵەیە سەلماندنی چالاکییە تێرۆریستییەکانی سپا لە خاکی یەکیەتیی ئورووپادایە.

بەڵگەنەویستە سپای پاسداران کە تەنیا دوو مانگ دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران دامەزرا، هێشتا شەش مانگ لە تەمەنی تێپەڕ نەکردبوو بە تێرۆرکردنی شەهریاری شەفیق لە پاریس یەکەم تێرۆری خۆی لە خاکی ئورووپادا دەست پێ کرد. سپای پاسداران لە ماوەی چل‌وچوار ساڵی ڕابردوودا نەک هەر سەدان چالاکی سیاسیی دژبەری ڕێژیمی لە دڵی پێتەخت و گەورەشارەکانی ئورووپادا تێرۆر کردووە، بەڵکوو بە حزووری نیابەتیی خۆی لە شەڕەکانی ئیسڕائیل و لوبنان، شەڕی نێوخۆیی لوبنان کە دواتر ڕێکخراوی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای بۆ دامەزراند و تەنانەت حزووری نیابەتی لە شەڕەکانی باڵکانیش نەک هەر زەبری قورسی لە پڕستیژی ئورووپا داوە، بەڵکوو ڕاستەوخۆ بەرژەوەندیی وڵاتانی ئورووپاییشی خستووەتە مەترسییەوە.

بەڵگەنەویستە، چونکی تێرۆر و دانانەوەی بۆمب تەنیا پلان و پڕۆژەکانی سپای پاسداران لە ئورووپا نەبووە. سپای تێرۆریستیی ڕێژیم لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا دەیان پیلانی بۆ ڕفاندنی دژبەرانی سیاسیی خۆی لە ئورووپا داڕشتووە کە بەشێکی زۆر لەوان سەرکەوتوو بوون، وەک ڕفاندنی ڕوحوڵلا زەم، ئارەش شوعاع‌شەرق، جەمشید شارمەهد، فروود فولادوەند، شایان کاویانی، سەبری حەسەن‌پوور، حەبیب ئەسیوەد -کە حەوتووی ڕابردوو لەدار درا-، بەشێکی دیکە لە کردەوەکانی سپای پاسدارانن کە نفووز و دەسەڵاتی بەربڵاوی سپای پاسداران لە وڵاتانی ئورووپاییدا پێشان دەدەن و نابێ جێی هیچ شک و گومانێک بۆ شوڕا و یەکیەتیی ئورووپا بهێڵنەوە.

کردەوە تێرۆریستییەکانی سپای پاسداران لە دەرەوەی خاکی ئورووپاش بۆ هەمووان ڕوون و ئاشکران. تەقاندنەوەی بنکەی نیزامیی ئەمریکی-فەڕانسەیی لە بەیرووت (لوبنان-ڕەزبەری ١٣٦٢)، تەقاندنەوەی تاوەرەکانی ئەلخوبەر (عەڕەبستان_پووشپەڕی ١٣٧٥)،  دانانەوەی بۆمپ لە مەنامە (بەحرەین_گەلاوێژی ١٣٩٤)، تەقینەوەی ئامیا (ئاڕژانتین_هاوینی 1373)، زنجیرە تەقینەوەکانی بانکۆک (تایلەند-١٣٩١)، تەقینەوەی دێهلی (هیند-١٣٩١)، تەقینەوەی نایروبی (کێنیا- هاوینی ١٣٧٧)، زنجیرە کردەوە تێرۆریستییەکانی سپا لە بەحرەین (هاوینی ١٣٨٤)، کردەوەی تێرۆریستیی بەردەم بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات (سەرماوەزی 1395)، پەلاماری مووشەکی بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات (خەرمانانی ١٣٩٧)، زنجیرە هێرشی مووشەکی و دڕۆنی بۆ سەر بنکەی هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان (پاییزی ١٤٠١)، بەشداری لە شەڕی نێوخۆیی سووریە و عێڕاق و یەمەن، تێرۆری زیاتر لە 600 سەربازی ئەمریکا لە عێڕاق و هاوکاریی چڕوپڕی ئەلقاعیدە، هێرش بۆ سەر پاپۆڕەکان لە دەریا ئازادەکاندا، ناردنی چەکوچۆڵ و تەقەمەنی بۆ میلیشیا و گرووپە تێرۆریستییەکان، دابینکردنی چەکوچۆڵ و مووشەک و دڕۆن و کەرەستەی دیکەی شەڕ بۆ ڕووسیە لەدژی ئۆکڕاین؛ تەنیا بەشێکی دیکە لە کارنامەی تێرۆریستیی سپای پاسدارانن کە لە بەشێکی زۆر لەواندا هەر بۆخۆیان بەرپرسایەتیی کردەوە تێرۆریستییەکانیان وەئەستۆ گرتووە. تەنانەت فەرماندەرانی پایەبەرزی سپای پاسداران بەئاشکرا هەڕەشەی کوشتنی دۆناڵد تڕامپ، سەرۆک‌کۆماری پێشووی ئەمریکا و کاربەدەستانی دیکەی ئەو وڵاتە دەکەن. هەر گەمارۆکانی یەکیەتیی ئورووپا (لە خەرمانانی ساڵی ١٣٩٠دا) بۆ سەر سپای قودس و گەمارۆیەکانی ئەمریکا، کانادا، ئۆسترالیا و وڵاتانی دیکەش لەسۆنگەی کردەوە تێرۆریستییەکانی سپای پاسدارانەوە جێگەی هیچ شک و گومانێک لەو پێوەندییەدا ناهێڵنەوە. هەروەها سیاسەتی دەستێوەردەرانەی ئێران لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی دی لە ڕێگەی سپای پاسدارانەوە، هۆکاری ناسەقامگیریی سیاسی و کوشت و کوشتار لەو وڵاتانەش بووە کە ئاکامەکەی بۆ هەمووان ڕوون و ئاشکرایە.

سپای پاسداران لە نێوخۆی ئێرانیش لە هەموو ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا بە سەرکوتی ناڕەزایەتیی خەڵک و مافخوازیی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران هۆکاری سەرەکیی پێشێلکرانی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی خەڵکی ئێران بووە. سپای پاسداران نەک هەر وەک ڕێکخراوێکی سیاسی-ئەمنییەتی- نیزامی، بەڵکوو وەک دۆڵپا سواری ملی خەڵکی ئێران بووە و بە پاوانکردنی هەموو جومگە ئابوورییەکان و تاڵانکردنی کانزا و سەرچاوە سروشتییەکان، لە هۆکارە سەرەکییەکانی قەیرانی گرانی و ئابووری و ژینگەیی لە وڵاتە. ڕێکخراوێک کە پلانداڕێژ و جێبەجێکاری پڕۆژەکانی بەبارمتەگرتنی خەڵکی وڵاتانی ئورووپایی و تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامییە و ڕۆڵی سەرەکیی ئەم ڕێکخراوەیە لە تێرۆری دژبەرانی ڕێژیم لە چوارقوژبنی دنیادا لە زۆر دادگای ئورووپایی و بەتایبەت دادگای مێکونووسدا بە بەڵگەوە سەلماوە.

بەڵگەنەویستە، چونکی لە ماوەی پتر لە چوار دەیە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا هیچ کارەسات و جینایەتێک نەبووە سپای پاسداران ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەستی تێدا نەبووبێت. لە هەموو پەروەندەکانی گرتن و ئەشکەنجە و ئێعدامی چالاکانی سیاسیدا، لە تێرۆری چالاکانی سیاسیی نێوخۆ لە سەرەتای شۆڕشەوە کە لە قەتڵە زنجیرەییەکاندا ئیدی هەڵڵای لێ دروست بوو، لە گەندەڵی و تاڵان‌وبڕۆی سەرچاوە سروشتییەکان هەتا دەکەل‌دزی و هەتا سەرکوتی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لەسەر شەقامدا و، بە گشتی لە هەر هەموو جینایەتەکان کە لەپێناو پاراستنی ڕێژیمدا کراون، سپای پاسداران ڕۆڵی هەرە سەرەکیی بووە.

بەڵگەنەویستە، چونکی لە ماوەی تەڕاتێنەکانی سپای پاسداران لە چل‌وچوار ساڵی ڕابردوودا کورد هەم بەربەرەکانێی خوێناویی لەگەڵ ئەم سپا تێرۆریستییە کردووە و هەم زەبری قورسیشی لەو ڕێکخراوە تێرۆریستییە دەوڵەتی و کۆک‌وپۆشتەیە خواردووە. سپای پاسدارانی ڕێژیم لە ماوەی پتر لە چوار دەیەی ڕابردوو، و لە سەدان کردەوەی تێرۆریستیدا گیانی لە لانی‌کەم ٤٥٠ کەس لە ئەندامان و تێکۆشەرانی سیاسیی ئۆپۆزیسیونی کورد ئەستاندووە.

سپای پاسداران بنیاتێکی تێرۆریستییە و وڵاتانی جیهان و بەتایبەت ئورووپا بە ناساندنی سپا وەک ڕێکخراوێکی نیزامی-تێرۆریستی نەک هەر لەپێناو سەقامگیریی ئەمنییەت و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دنیا بڕیارێکی یەکلاکەرەوەیان داوە، بەڵکوو ئەمە دەبێتە یارمەتییەکی گرینگ و بنەڕەتی بۆ بزووتنەوەی مافخوازیی خەڵکی ئێران کە قۆڵی بۆ ڕووخاندن و تێپەڕین لەو ڕێژیمە هەڵماڵیوە. ئورووپا و دنیای ئازاد دەبێ لەگەڵ لایەنی دروستی مێژووی مرۆڤایەتیدا بن و نابێ لەپێناو بەرژەوەندیی کورت‌خایەندا، لەگەڵ ڕێژیمێکی دیکتاتۆردا سەودا بە بەرژەوەندیی درێژخایەنی نەتەوەکانی دیکە بکەن. ئەوان لەسەریانە لەپێناو دەستەبەری دنیایەکی ئەمنتر و بەدوور لە شەڕ و ئاژاوەدا بە هانای خەڵکی ئێرانەوە بێن و ناساندنی سپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی دەسپێکێکی باش بۆ ئەم بڕیارەیە، بڕیارێک کە بەتەواوی لە بەرژەوەندیی ئورووپا و وڵاتانی دیکەی دنیای ئازاددایە.