کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ هاووڵاتیی خۆپیشاندەری خەڵکی پیرانشار بە زیندان و لێدانی قامچی سزا دران

12:39 - 23 بانەمەڕ 2723

سێ هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار کە لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کرابوون، لە کاتی دادگاییکردنەکەیاندا سزای قورسیان بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ''کوردپا''، لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی ٢ی ڕێژیم لە پیرانشار بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەزا قەهرەمانی ساعەتلوو"، سێ هاووڵاتیی خۆپیشاندەر بە ناوەکانی "شێرزاد ئازەربەرزین" تەمەن ٢٦ ساڵ و کوڕی عەبدولقادر، "وەفا ڕەسووڵی ئازەر" تەمەن ٢٢ ساڵ و کوڕی حوسێن و "عەبدولسەمیع ڕەسووڵی" تەمەن ٢٢ ساڵ و کوڕی مستەفای بە زیندان و لێدانی قامچی سزا دا.

ئەو سێ هاووڵاتییە تۆمەتی وەکوو "دروستکردنی کۆکتێل مۆلۆتۆف، بەشداری لە تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی، ئاگرتێبەردانی بەئەنقەستی بینای ئیدارەی ئیتلاعات و بەشداری لە تێکدان و تاڵانکردنی فرۆشگای گەندۆمـ"ـیان بەسەردا سەپاوە.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو سێ هاووڵاتییە ڕۆژی ١١ی بانەمەڕ لە لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی ٢ی پیرانشار بەڕێوە چووە.

شێرزاد ئازەربەرزین، خەڵکی پیرانشار ڕێکەوتی ٦ی سەرماوەزی ١٤٠١ و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە یەکێک لە گرتنگەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە پیرانشارەوە بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگویزرا و ئێستا لەو زیندانەدایە.

وەفا ڕەسووڵی ئازەر، خەڵکی پیرانشار، ڕێکەوتی ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠١ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرابوو و بۆ لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ورمێ ڕاگوێزرابوو.

وەفا ڕەسووڵی ئازەر پاش دوو مانگ و هاوکات لەگەڵ کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرا و ڕۆژی هەینی ٨ی بانەمەڕی ١٤٠٢، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

هەروەها ڕێکەوتی ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠١، عەبدولسەمیع ڕەسووڵی خەڵکی پیرانشار، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم دەسبەسەر و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.