کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیاوەش حەیاتی بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندان کرا

17:40 - 23 بانەمەڕ 2723

سیاوەش حەیاتی، چالاکی سیاسی و مەدەنیی کوردی یارسان، بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی دیزڵاوای کرماشان کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ''چاو نیوز''، ڕۆژی شەممە ٢٣ی بانەمەڕی ١٤٠٢، سیاوەش حەیاتی، سکرتێری بەرەی یەکگرتووی کورد و وتەبێژی کۆمەڵەی ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسان، پاش بانگکرانی بۆ لقی ١ی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لە شاباد، بۆ تێپەڕاندنی سزای یەک ساڵ زیندانی بۆ بەندیخانەی دیزڵاوای  کرماشان ڕاگوێزرا.

سیاوەش حەیاتی ڕۆژی هەینی ١ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، لە گوندی "وەرگمە" سەر بە شاری داڵاهۆ، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و لەو کاتەوە مانی لە خواردن گرتووە.

ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠١، لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە کرماشانەوە بۆ زیندانی دیزڵاوا گواسترایەوە و ڕۆژی شەممە ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠١، بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

ئەو چالاکە مەدەنی و سیاسییە لەلایەن لقی ٥ی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە کرماشان کە لە شاری شاباد جێگیرە، بە تۆمەتی ''چالاکیی تەبلیغی دژی ڕێژیم، لە ڕێگای وتووێژ لەگەڵ کاناڵ و میدیاکانی دژبەری ڕێژیم و هەروەها ''هاندانی خەڵک بۆ شەڕ و کوشتن بە مەبەستی تێکدانی ئاسایش و ئارامیی وڵات'' بە یەک ساڵ زیندان سزا دراوە.