کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە نۆروێژ خۆپیشاندانێک بە مەبەستی پشتیوانی لە خەڵكی بەلووچ بەڕێوە چوو

10:00 - 24 بانەمەڕ 2723

ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبە کوردییەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات، بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە خەڵکی بەلووچ، خۆپیشاندانێکیان لە وڵاتی نۆروێژ بەڕێوە برد.

ڕۆژی شەممە ٢٣ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری ئۆسڵۆی پێتەختی نۆروێژ، لەگەڵ ڕێکخراو و حیزبە کوردییەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو وڵاتە، بۆ مەحکوومکردنی کوشتن و لەسێدارەدانی خەڵکی ناڕازی لە ئێران، بە تایبەتی لە بەلووچستان، لە خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی دژ بەو جینایەتانەی ڕێژیمی ئێران بەشدارییان کرد.

کۆمیتەکانی حیزب و ڕێکخراوە کوردییەکانی تر لە نۆروێژ، پەیامێکی هاوبەشیان پێشکەش کرد کە لەلایەن خوسرەو قادری، ئەندامی بەڕێوەبەریی کۆمیتەی حیزب لەو وڵاتە پێشکەش کرا.

لە پەیامی هاوبەشی هێزە کوردییەکاندا وێڕای ئاماژەدان بە بەردەوامیی شۆڕشی ژینا لە ئێران بە گشتی و بە تایبەتی لە کوردستان و بەلووچستان، هاتبوو: "ڕێژیم بۆ چاوترسێنکردنی خەڵک، ڕۆژانە هێرشی کیمیایی دەکاتە سەر قوتابخانەکان، هەروەها لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا بۆ ترساندن و تۆڵەکردنەوە لە خۆپیشاندەرانی شۆڕشی ژینا، تا ئێستا چەندین کەسی بە بیانووی جۆراوجۆر لەسێدارە داوە کە ٢٦ کەسیان لە هاونیشتمانییانی بەلووچستان بوون."

لە درێژەی ئەو پەیامە هاوبەشەدا هاتبوو: "هێزە کوردستانییەکان وێڕای پشتیوانی لە ئازادیخوازان لە ئێران، بە تایبەتی نەتەوەی تێکۆشەر و قارەمانی بەلووچ، کوشتن و لەسێدارەدانی ئازادیخوازان لەلایەن دەزگاکانی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی مەحکووم دەکەن."

لە کۆتایی پەیامەکەدا هاتبوو: "داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و بە تایبەتی لە نۆروێژ دەکەین کە ئەو جینایەتانەی ڕێژیمی ئێران مەحکووم بکەن و لە هەمان کاتدا لەجێی دانووستان لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، بۆ ڕاگرتنی حوکمی ئێعدام و ئازادکردنی هەموو بەندکراوە سیاسی، مەدەنی و کرێکارییەکان لە ئێراندا هەوڵ بدەن."

 ئەو حیزب و ڕێکخراوە کوردییانە کە لەو خۆپیشاندانەدا بەشدار بوون بریتین لە: "حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران و پارتی ژیانی ئازادی کوردستان."