کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کانادا؛ خۆپیشاندانێک بۆ شەرمەزاركردنی تاوانەکانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوە چوو

10:29 - 24 بانەمەڕ 2723

کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کوردستانییان و ئێرانییانی دانیشتووی شاری ڤانکۆڤێری کانادا، خۆپیشاندانێکیان دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوە برد.

ڕۆژی شەممە ٢٣ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە ناوەندی شاری ڤانكۆڤێری وڵاتی کانادا، بە هاوكاریی كۆمیتەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و کوردستانییان و ئێرانییانی دانیشتوو لەو شارە، بە دروشمی "نە بۆ ئێعدام و سپای پاسدارانی تێرۆریست"، بەرنامەیەک بەڕێوە چوو.

بەرنامەکە بە چەندین پارچە میوزیکی كوردی و بەلووچی دەستی پێ کرد، پاشان پەیامێک لەلایەن خودابخش ڕەئیسی، چالاكوانی بەلووچ، لەمەڕ تاوانەکانی ڕێژیم لە بەلووچەستان و بە تایبەت ئێعدامەكانی ئەم دواییانە پێشکەش کرا.

ناوبراو لە پەیامەکەیدا وتی: "كۆماری ئیسلامیی ئێران، بەلووچستانی لە خزمەتگوزاریی سەرەتایی بۆ ژیان بێبەری كردووە، هەروەها بە ئاسانی خەڵكی بێ دیفاع دەگرێت و ئێعدامیان دەکات." هەروەها ئەو جینایەتانەی ڕێژیمی تارانی بە ژینۆساید دژی خەڵکی بەلووچستان ناو برد.

دواتر پەیامی كۆمیتەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە زمانی ئینگلیزی لەلایەن ژینۆ كەریمی پێشکەش کرا كە باسی لە ئێعدامەکان لە كوردستان و بەلووچستان کرد كە وەک دوو نەتەوەی ژێردەست لەلایەن ڕێژیمەوە لە هەموو بوارەكان زوڵمیان لێ دەكرێت.

پاشان پەیامێک لەلایەن  خاتوو "حوریران" بە نوێنەرایەتیی بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆكەی ئۆكراینییەکە پێشکەش کرا کە لە بەشێک لەو پەیامەدا هاتبوو: داوا لە وڵاتی کانادا و یەکیەتیی ئورووپا دەکەین کە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بناسێنن و بیخاتە نێو لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانەوە.