کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی ئەندامێکی گرووپی شاخەوانیی"بنار"ی ئاودانان لەلایەن ڕێژیمەوە

10:14 - 26 بانەمەڕ 2723

ئەندامێکی گرووپی شاخەوانیی "بنار"ی ئاودانان بە ناوی محەممەد دانیاڵی، لە شاری دێهلوڕان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی "کوردپا"، شەوی یەکشەممە ٢٤ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، محەممەد دانیاڵی، چالاکی فەرهەنگی و ئەندامی گرووپی شاخەوانیی "بنار"ی ئاودانان، بەبێ هیچ بەڵگەیەکی قەزایی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.

کوردپا ڕایگەیاند کە محەممەد دانیاڵی، تەمەن ٢٣ ساڵ، پاش ئەوەیکە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە لە شاری دێهلوڕان دەسبەسەر کرا، بە مەبەستی لێکۆڵێنەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری ئیلام گوازراوەتەوە.

ئەو هاووڵاتییە خەڵکی ئاودانانی ئیلامە و بە مەبەستی کارکردن سەردانی شاری دێهلوڕانی کردووە کە لەوێ دەسبەسەر کراوە.

هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ ناوبراو، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.