کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبووردنی نێونەتەوەیی: ٢ لەسەر ٣ی لەسێدارەدانەکانی جیهان لە ئێران بەڕێوە دەچن

11:10 - 26 بانەمەڕ 2723

ڕاپۆرتی ساڵانەی لێبووردنی نێونەتەوەیی نیشانی دەدات کە بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان لە ساڵی ٢٠٢٢ لە جیهان ٥٣ لەسەد بەرز بووەتەوە و لەو ساڵەدا ٨٨٣ کەس لە سەرانسەری جیهان لەسێدارە دراون کە جگە لە وڵاتی چین، ٩٠ لەسەدی ئەو لەسێدارەدانانە لە ئێران، عەرەبستان و میسر بەڕێوە دەچن.

لەو ڕاپۆرتەی لێبووردنی نێونەتەوەیی کە ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی بانەمەڕ، بڵاو بووەتەوە، هاتووە: لە ساڵی ڕابردوودا ٢٠ وڵاتی جیهان لە سزای لەسێدارەدان کەڵکیان وەرگرتووە کە چین، ئێران و عەرەبستان زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدانیان لە ساڵی ٢٠٢٢دا هەبووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، لە دوای وڵاتی چین، ئێران زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدانی لە ساڵی ٢٠٢٢دا هەبووە و بەپێی ئاماری ئەو ڕێکخراوە، ٥٧٦ کەس لە ئێران لەسێدارە دراون کە بەنیسبەت ساڵی ٢٠٢١ی زایینی، ٨٣ لەسەد بەرز بووەتەوە.

لە دوای ئێران، عەرەبستان بە لەسێدارەدانی ١٩٦ کەس و وڵاتی میسر بە لەسێدارەدانی ٢٤ کەس لە پلەکانی سێ و چوارەمی ئەو وڵاتانەدا جێیان گرتووە کە زۆرترین لەسێدارەدانیان ئەنجام داوە.

بەپێی ئاماری ئەو ڕێکخراوەیە، لە ئێران ٢٧٩ کەس بە تاوانی قەتڵ، ٢٥٥ کەس بە تاوانی کڕین و فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەکان، ٢١ کەس بە تاوانی دەستدرێژیی سێکسی، ١٨ کەس بە تۆمەتی موحارەبە و ٣ کەسیش بە هۆکای ناڕوون لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لەسێدارە دراون.

لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەییدا باس لەوە کراوە کە بەرزبوونەوەی ٨٣ لەسەدیی لەسێدارەدانەکان لە پێوەندی لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان بووە، بەڵام جەخت کراوەتەوە کە بەکارهێنانی لەسێدارەدان بە ئامانجی سەرکوتی سیاسی بەڕێوە چووە.

شایانی باسە کە کەڵکوەرگرتنی کۆماری ئیسلامی لە سزای لەسێدارەدان وەکوو کەرەستەیەک بۆ سەرکوتی سیاسی و لەسێدارەدانی کەسانی سەر بە نەتەوەکانی ئێران لە چوارچێوەی هەڵاوردنی ڕیشەدار و سەرکوتی لەمێژینەی ئەو نەتەوانە، بەردەوامە و چڕتریش بووەتەوە.