کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا لە وڵاتی ئاڵمان بەڕێوە چوو

15:17 - 27 بانەمەڕ 2723

پشتیوانیکردنی ئەندامانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات لە شۆڕشی ژینا و گەلانی  ڕاپەڕیوی ئێران، بەردەوامە.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە شارەكانی "هامبۆرگ، بریمێن و دۆسیلدۆرفـ"ـی وڵاتی ئاڵمان، بۆ پشتیوانیكردن لە شۆڕشی ژینا و گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران و مەحكوومكردنی لەسێدارەدانی ئازادیخوازانی بەلووچ لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، هاوڕێ لەگەڵ چەند لایەنێكی ئێرانی، خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

خۆپیشاندانەكان بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی‌ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەكێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی كوردستان دەستی پێ كرد.

لە درێژەی خۆپیشاندانەکاندا لە شاری هامبۆرگ، پەیامی حیزب لەلایەن خاتوو كوردستان سەركەبوود بە زمانی ئاڵمانی خوێندرایەوە و پاش خوێندنەوەی پەیام و وتنەوەی دروشم دژی ڕێژیم، ئەندامانی حیزب لە شاری هامبۆرگ، بەرەو كۆنسولخانەی ڕێژیم لەو شارە وەڕێ كەوتن و لەوێش بە وتنەوەی دروشم و سروودی شۆڕشگێڕی، بێزاری و ناڕەزایەتیی خۆیان لە ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەربڕی.

لە بەشێكی تری ئەم خۆپیشاندانانە، لە شاری دۆسلدۆرف، پەیامی حیزب لەلایەن كاوە نووری خوێندرایەوە و لە كۆتایی ئەو خۆپیشاندانانەدا، شەهریار نەقشبەندی لە شاری بریمێن پەیامێکی بە زمانی فارسی خوێندەوە و بەشداربووان بە دانی دروشمی كوردی، فارسی و ئاڵمانی كۆتاییان بە خۆپیشاندانەکە هێنا.