کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەپاندنی سزای بەندکران، پێبژاردنی پارە و لێدانی قامچی بەسەر حەوت هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشاردا

10:01 - 28 بانەمەڕ 2723

حەوت هاووڵاتیی خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوەکانی تەها ڕەسووڵیان، سینا دەشمیر، ئەحمەد عەبدوڵڵاپوور، موحسین قادری، چیا شەهیدئەقدەم و دوو برای خاوەن پێداویستیی تایبەت بە ناوەکانی عەبدوڵڵا و مەحموود قەنبەریوەند لەلایەن دادگای ڕێژیم لەو شارە، سزای ١٥ ساڵ بەندکران، پێبژاردنی پارە و ١٦٠ لێدانی قامچییان بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا چوار هاووڵاتیی خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوەکانی تەها ڕەسووڵیان، سینا دەشمیر، ئەحمەد عەبدوڵڵاپوور و موحسین قادری، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی ٢ی ڕێژیم لە پیرانشار بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەزا قارەمانی ساعەتلوو" بە تۆمەتی "هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایش و ئارامیی گشتی"، هەرکامیان سزای ٣ مانگ بەندکران و لێدانی ٤٠ قامچییان بەسەردا سەپێندرا.

بڕیاری ئەم سزایانە بۆ پێبژاردنی بڕی پێنج میلیۆن تمەن پارە لە سندووقی حکوومەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران گۆڕانکاریی بەسەردا هات و کەم بووەتەوە.

هەروەها بەگوێرەی ئەم بڕیارە، عەبدوڵڵا قەنبەریوەند، بە تۆمەتی "بەشداری لە دروستکردنی ٢٠ دانە کۆکتۆل مۆلۆتۆف لە ماڵەوە" سزای ٦ مانگ بەندکران و پێبژاردنی بڕی دوو سەد هەزار تمەن پارە بە سندووقی حکوومەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و چیا شەهیدئەقدەم بە تۆمەتی "هاتوچۆی نایاسایی لە سنوورەکانی ئێران" سزای پێبژاردنی بڕی پێنج میلیۆن تمەن پارە لە سندووقی حکوومەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان بەسەردا سەپێندرا.

هەر لەم پەیوەندییەدا مەحموود قەنبەریوەند، بە تۆمەتی "دروستکردنی چەکێکی ساچمەیی"، سزای ١٥ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکران، بە تۆمەتی "دروستکردنی چەکێکی شەڕ" سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران، بە تۆمەتی "ڕاگرتنی سێ گوللـەی شەڕ" سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکران و هەروەها بە تۆمەتی "دروستکردنی ٢٠ دانە کۆکتۆل مۆلۆتۆف لە ماڵەوە" سزای ١٥ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی یاسای قورسترین سزاکان، سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ و ١ ڕۆژ کە بەسەر "مەحموود قەنبەریوەند"دا سەپێندراوە، بۆ ٤ ساڵ بەندکران کەم کراوەتەوە و نیوەی ئەو چوار ساڵەش گۆڕدراوە بۆ هەڵپساردن.

بڕیاری سزای ئەو هاووڵاتییانە ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی بەفەرمی پێیان ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، دوو برای خاوەن پێداویستی بە ناوەکانی عەبدوڵڵا قەنبەریوەند، تەمەن ٤٩ ساڵ و مەحموود قەنبەریوەند تەمەن ٤٦ ساڵ، تەها ڕەسووڵیان، چالاکی مەدەنی و هونەرمەند، هاوکات لەگەڵ موحسێن قادری، ئەحمەد عەبدوڵڵاپوور و سینا دەشمیر، تەمەن ١٩ ساڵ، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران و پاشان ئەو حەوت هاووڵاتییە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتایی دادگاییکردنەکەیان لە بەندیخانەی ناوەندیی ڕێژیم نەغەدە ئازاد کرابوون.