٨ چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە لەو شارە دەسبەسەر کران و بۆ ئیدارەی ئیتلاعات ڕاگوێزران.
بەپێی ڕاپۆرتی "کوردپا"، شەوی چوارشەممە ٢٧ی بانەمەڕ، هاجەر سەعیدی، عەبدوڵڵا خەیرئابادی، کەماڵ کەریمی، شادمان عەبدی، حەبیبوڵڵا کەریمی، خەبات مەحموودی، سیروان مەحموودی و ئێقباڵ پیشکاری لە چالاکانی کرێکاریی سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.
کوردپا ڕایگەیاندووە کە ئەم چالاکانە بۆ بەرزڕاگرتنی یادی هوومەن عەبدوڵڵاهی، لە شەهیدانی ڕاپەڕین چووبوونە ماڵی باوکی هوومەن کە هێزە ئەمنییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی فەرشید عەبدوڵڵاهی و بە زۆر دەسبەسەریان کردووە.
هەروەها ئەم چالاکە کرێکارییانە بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە ڕاگوێزرابوون و هێزە ئەمنییەکان بێڕێزییەکی زۆریان بە باوکی هوومەن عەبدووڵاهییان کردووە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەو چالاکە کرێکارییانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
هوومەن عەبدوڵڵاهی یەکێک لە شەهیدانی ڕاپەڕینە کە شەوی چوارشەممە ١٦ی سەرماوەزی ١٤٠١ لە سنە و بە تەقەی هیزە سەرکوتکەرەکان گیانی لەدەست دا.