کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵوێستی سێ ڕێکخراوی مافی مرۆیی لەهەمبەر دانانی نوێنەری ئێران بۆ بەرپرسیارەتیی "کۆڕبەندی کۆمەڵایەتیی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ"

09:22 - 30 بانەمەڕ 2723

سی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردستان، ''چاونیوز، هانا و کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان''، لەهەمبەر دانانی نوێنەری ڕێژیمی ئێران بۆ بەرپرسیاریەتیی نۆرەیی کۆڕبەندی کۆمەڵایەتیی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ"، لە بەیاننامەیەکدا هەڵوێستیان دەربڕی و ڕایانگەیاند کە ئەم بڕیارە سەرجەم سیستمی مافەکانی مرۆڤی دەوڵەتە یەکگرتووەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

لە بەشگەلێکی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە:

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە دانانی نوێنەری کۆماری ئیسلامی لە کۆڕبەندی کۆمەڵایەتی، ڕیاکارانە دەجووڵێتەوە.

دانانی نوێنەری ڕێژیمی ئێران بۆ بەرپرسیارەتیی نۆرەیی "کۆڕبەندی کۆمەڵایەتیی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ دەتوانێت وەک کردەیەکی تەواو دەغەڵبازانە و ڕیاکارانەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت کە متمانە و باوەڕ بەو کۆمەڵەیە و سەرجەم سیستمی مافەکانی مرۆڤی دەوڵەتە یەکگرتووەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

بەرپرسان و ڕێبەرانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەمێکە لە داهێنان و زانستی ڕۆژ بە مەبەستی چاودێری و سانسۆری نەتەوەکانی ئێران کەڵکاژۆی نابەجێ وەردەگرن، لەوانە دەستپێڕاگەیشتن بە زانیارییەکانی بەرتەسک کردووتەوە و گۆڕینەوەی زانیاری و بیروباوەڕ لە ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکانیشی خستووەتە ژێر ڕكێفی خۆی و پاوانی کردووە.

"بەحرەینی" لە سێپتامبری ٢٠٢٢ لە کاتێکدا بووە نوێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە خەڵکی ناڕازی لە ڕەوتی شۆڕشی ژینا بە توندترین شێواز لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە، مافیان پێشێل دەکرا.

سەیر لەوەدایە لەو دانیشتنەدا باس لە بەشداریی زانستی، لێزانی و داهێنەری بۆ پێشکەوتنی مافەکانی مرۆڤ دەکرێت، لە کاتێکدا ڕێژیمی ئێران لەو زانستە بۆ سەرکوت، سانسۆر و پێشگرتنی ڕەوتی ئازادیی زانیارییەکان و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بە شیوازی فێلتێرینگی ئینتەرنێت و پلاتفۆڕمە پێوەندیدارەکانی کۆمەڵایەتی کەڵک وەردەگرێت.

بە باوەڕی ئێمە دانانی عەلی بەحرەینی بێڕێزیی ئاشکرایە بە قوربانییانی هەموو ئەو ساڵانەی تەمەنی کۆماری ئیسلامی، بەتایبەت ئەم ڕاپەڕینە مەزنەی خەڵک کە هەموو مافەکانیان لە بەستێنی ئازادیی ڕادەربڕین، کۆبوونەوە و دامەزراوەکان پێشێل کراوە، خەڵکێکی زۆر دەسبەسەر و ئەشکەنجە دراوە، هاونیشتمانییان ڕووناهیی چاویان لەدەست داوە و لەوش گرینگتر بە تەقەی ڕاستەوخۆ و لەژێر ئەشکەنجەدا کوژراون.

لە کۆتایی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە، هەربۆیە ئێمە وەک ناوەندەکانی مافی مرۆڤ کە لە بەستێنی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کار و چالاکی دەکەین، داواکارین خێرا ئەو بڕیارە هەڵبووەشێننەوە و عەلی بەحرەینی لەو پۆستە وەلا بنێن.