کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیانلەدەستدانی گوماناویی خوێندکارێکی خەڵکی سەرپێڵ‌زەهاو لە خەوتنگەی زانکۆی ئازادی کرماشان

12:01 - 30 بانەمەڕ 2723

سەنا زارعی، خەڵکی سەرپێڵ‌زەهاو و خوێندکاری بەشی پەرستاریی زانکۆی پزیشكیی کرماشان، لە خەوتنگەی زانکۆی ئازادی کرماشان بە شێوەی گوماناوی گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی "کوردپا"، شەوی چوارشەممەی حەوتووی ڕابردوو ڕێکەوتی ٢٨ی بانەمەڕ، کچە خوێندکارێک بە ناوی "سەنا زارعی" تەمەن ٢١ ساڵ، خەڵکی گوندی "کوییکـ"ـی ناوچەی سەرپێڵ‌زەهاو، بە شێوەی گۆماناوی لە خەوتنگەی زانکۆی ئازادی کرماشان گیانی لەدەست دا.

هەروەها هەواڵدەریی حکوومەتیی "ئیسنا" لە زاری پەیوەندییە گشتییەکانی دادسەرای شاری کرماشانەوە ڕایگەیاند: بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو کچە خوێندکارە، بە ئەگەری زۆرەوە ژەهراوییبوون بووە.

لەلایەکی ترەوە تۆڕی میدیایی ڕووداو لە زاری کەسانی نزیک لەو خوێندکارە بڵاوی کردووەتەوە، سەنا زارعی، هیچ نەخۆشییەکی نەبووە و هاوژوورییەکانیشی هەستیان بە هیچ نیشانەیەکی نەخۆشبوونی نەکردووە و لەناکاو خوێن لە لووت و گوێی هاتووە و گیانی لەدەست داوە.