کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترس لە لاوازی و نەبوونی پێگە

09:17 - 1 جۆزەردان 2723

سمایل شەرەفی

هەر لە دەستپێکی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادییەوە کە لە کوردستان چەخماخەی لێ‌‌دراو بەدوای خۆی‌دا پشتیوانیی شارو ناوچەکانی دیکەی ئێرانی لە کوردستان لێ کەوتەوە و زۆر خێرا سەرتاسەری وڵاتی گرتەوە، ژوورەکانی پیلانی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرنجیان خستە سەر کوردستان. ڕێژیم کە لەم پیلانەدا هەموو هەوڵێکی بەلاڕیدابردنی بیروڕای گشتی لە سەر شۆڕشەکە و لەسەنتەرخستنی کوردستان لەم شۆڕشەدا بوو، سەرەتا لە ژێر کۆدڕەمزی "تجزیە طلبی"‌دا بە گوتارێکی دیکەوە قۆڵی لە شەڕی کوردستان هەڵماڵی. تۆمەتبارکردنی حیزبەکان بە "تێرۆریست" و "هەڵوەشاوە"(منحلە) جێی خۆی‌ دا بە "گرووپە جیاییخوازەکان" کە گوایا دەیانهەوێ ئێران لەت‌وپەت بکەن و کوردستانی لێ جیا بکەنەوە. کاربەدەستانی ئەمنیەتی و سەربازیی ڕێژیم کە زیاتر لەم پێوەندییەدا و بەم گوتارەوە لێدوانیان دەدا، لە لایەک دەیانهەویست لەو شەپۆلە پشتیوانییە مێژووییەی گەلانی دیکەی ئێران لە کورد و کوردستان بدەن و لە لایەکی دیکەوە پێوەبوون زەمینەی هێرش بۆ سەر کوردستان و حیزبە سیاسییەکانی بڕەخسێنن و بەو تومەتانەوە ی سیاسەتی سەرکوتکاریی خۆیان بدەن. ئەوەبوو کە دوای کەمتر لە مانگێک تێپەڕین بەسەر شۆڕشی ژینا و لە رێکەوتی ٦ ڕەزبەی ١٤٠١ی هەتاوی‌دا یەکەم هێرشی مووشەکیی کرایە سەر بنکە و بارەگانی حیزبەکان و بەدوای ئەودا سەرکوتی سیستماتیکی شۆڕشڤانانی سەر شەقامەکانی کوردستان بێ‌بەزەییانەتر لە شوینەکانی دیکەی ئێران پەلامار دران و هاوکات لەگەڵ شەهید و بریندراکردنی هەزاران کەس، بە هەزاران کەسی دیکەیان لێ دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەکانی ڕێژیم کران.

ئیرادەی بەرزی شۆڕشڤانانی سەر شەقامەکانی کوردستان و بیرکردنەوە مودێرن و ئینسانییەکانی خەڵکی کوردستان کە بە درووشم و ڕەفتاری ڕۆژانەیانەوە دیارە، لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا ڕۆژلەگەڵ ڕۆژ کورد و کوردستانی کردبوو بە کلاسێکی پڕ لە ئیرادەی گۆڕانکاری و مەعریفە کە توانیبووی نەتەنیا سەرنجی گشت خەڵکی ئێران، بەڵکوو بیروڕای نێونەتەوەییشی بۆلای خۆی ڕابکێشێ. لەم پێوەندییەدا ڕۆڵی ناوەندی هاوکاری بە گشتی و بەتایبەت سیاسەت و هەڵوێستەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کاریگەریی بەرچاوی هەبوو. ئەوە بوو بڕیاری ژوورە ڕەشەکانی ڕیژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر گوشار بۆ سەر حیزبەکان و مووشەکبارانکردن پێداگریی لەسەر کرایەوە.

لە درێژەی ئەم پیلانگێڕیانەدا بە گوشارخستنە سەر دەوڵەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕیژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە داواکاریی جۆراوجۆر لە سەر مەحدودکردنەوەی چوارچێوەی بوون و تێکۆشانی حیزبەکان‌، هەموو هەوڵێکی ئەوەیە کە ئەم حیزبانە و لە سەروو هەمووانەوە حیزبی دێموکرات لە خەڵکی کوردستان داببرێت. لەم پێوەندییەدا هەرجارە و کاربەدەستێکی ئەمنیەتیی و سەربازیی ڕێژیم ڕوو بە دەوڵەتی عێراق لە بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر، بە هەڕەشە و گوڕەشەوە داوا دەکەن کە داواکارییەکانی ئێران لە سەر حیزبەکان جێبەجێ بکەن. لەم پێوەندییەدا کاربەدەستانی ڕێژیم ناوە ناوە بە پاساو و بیانووی "نائەمنکردنی سنوورەکان و هەڕەشە بۆ سەر ئەمنیەتی میللی" لە لایەن حیزبەکانەوە، بە زمانی هەڕەشەوە داواکارییەکانیان وەبیر کاربەدەستانی عێراق و هەڕیم دە‌هێننەوە. ئەوە لە حاڵێک دایە کە ئیدیعای کاربەدەستانی ئێران لە سەر ئەمنیەتی سنوورەکان و جموجۆڵی چەکداریی حیزبەکان نەتەنیا لە جێی خۆی‌دا نیە و دوورە لە ڕاستی، خودی حیزبەکانیش پێداگری لە سەر خەباتی سیاسی و مەدەنی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا دەکەن.

ئەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بەدوایدا دەگەڕێ و مەبەستییەتی نە ئەمنیەتی سنوورەکانە و نە دابینکردنی ئاسایش و هێمنی بۆ ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان، بەڵکوو دژایەتییەکی ڕووت و حاشاهەڵنەگری پرسی کورد و بەزاندنی سنووری سەروەریی سیاسیی وڵاتی عێراق و هەرێمی کوردستانە. دەنا کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران خۆیان لە هەموو کەس و لایەنێک باشتر دەزانن کە؛ ئەو کاتانەی کە ئەوان بە هێرشی مووشەکیی بۆسەر بنکە و بارەگای حیزبەکان پلان و پیلانیان ئەوە بوو کە حیزبەکان بکێشنە مەیدانی شەڕێکەوە کە مەرامە شەڕەنگێزانەکانی ڕیژیم دابین بکات، ئەوە حیزبەکان بوون کە خۆیان لەم پیلانە بوارد و داوایان لە خەڵکی کوردستان کرد کە وێڕای هەوڵدان بۆ جەماوەریبوونی شۆڕشەکە، خۆ لە هەر هەڵسووکەت و ڕەفتاری توندوتیژانە بپارێزن.

ژوورە ڕەشە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لە پیلانەکانیان بۆ گوشارخستنە سەر دەوڵەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لە پێوەندی لەگەڵ هەڕەشەکانیان بۆ سەر حیزبەکان هەروا بەردەوامن. لە ماوەی یەک دوو حەتووی ڕابردوودا، ریژیم بە گرتنەبەر پیلانێکی کۆن و چەندین‌بارەی ژەنگاوی، چەند دەستە لە بەکرێگیراوانی خۆی بە جل وبەرگ و ناسنامەی پێشمەرگانەوە لە هێندێک ناوچەی سنووری‌دا بڵاو کردۆتەوە کە گوایا ئەمانە پێشمەرگەی حیزبەکانن بۆ نائەمنکردنی سنوورەکان ئاودیوی "ئێران" بوون. کۆماری ئیسلامی لە لایەک دەیهەوێ بەم پیلانەوە هەوڵی ئەمنیەتیترکردنی سنوورەکان بدات و لە لایەکی دیکەوە وەک کارتێکی فشار بۆ سەر دەوڵەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بەکاری بێنێت کە گوایە ئەوان بەڵێنییەکانیان بەجێ نەگەیاندوە و "ئەوانیش بۆ پاراستی ئەمنیەتی سنوورەکان و ئەمنیەتی ژیانی خەڵک بە مافی خۆیان دەزانن کە پەلامار بۆ سەر حیزبەکان درێژە پێ بدەن".

هیچ گومانی تێدانیە کە هەموو لایەنەکانی پێوەندیدار بەم پرسەوە دەزانن و زانیاریی تەواویان لەسەر ئەم پیلانانەی ڕێژیمی ئێران و هەڵویست و ڕەفتاری بەرپرسانەی حیزبەکانیش هەیە. بۆیە ئیدیعا و رەفتاری کۆماری ئیسلامی ئێران نەتەنیا هیچ بنەمایەکی ڕاست و یاسایی نیە، بەڵکوو لە نەوعی خۆیشی‌دا بێرێزی بە سەروەریی دەوڵەت و خاکی عێراق و هەرێمی کوردستانیشە.

ئەوەندەی پێوەندیی بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە هەیە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە درێژەی خەبات و تێکۆشانی خۆی‌دا پێداگری لە تێکۆشانی سیاسی و مەدەنی لە کوردستان و ئێران‌دا دەکات و لەم پێوەندییەدا وەک حیزبێکی بەرپرسیار هاوکات لەگەڵ ڕێزگرتن لە سەروەریی سیاسی و یاسایی لایەنە پێوەندیدارەکان، چاوسوورکردنەوەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بزووتنەوەی کوردستان بە نیشانەی لاوازی و بێ‌پێگەیی ئەم نیزامە دەزانێ.