شەماڵ تەرغیبی
"ئەمڕۆكە تۆفانێكی بەتەوژم سەرانسەری وڵاتی گرتۆتەوە. هەموو لایەك بە ئۆمێدی بێپایانەوە دەڕواننە خەباتی نەتەوەكەمان و ئەگەر بێت و بەشێوەی عیلمی و دڵسۆزانە ئەم خەباتە بەڕێوە ببرێت، دڵسۆزان و تێگەیشتووان و پێگەیشتووانی سیاسی، ڕوناكبیران و شۆڕشگێڕان بێنە كایەوە و جڵەوی كارەكان بەدەستەوە بگرن، ئەودەم داری هومێدی هەموو لایەک بەر دێت و نەتەوەكەمان بە ئامانجی خۆی دگات."
بەشێك لە نامەی شەهید سماییل شەریفزادە بۆ د.عەبدولڕەحمان قاسملوو
دیرۆكی هەموو نەتەوەكانی جیهان، چ ئەوانەی بە ماف و ئازادییەكانیان گەیشتوون و چ ئەوانەی كە هێشتا بۆ وەدەستهێنانی مافەكانیان خەبات دەكەن و تێدەكۆشن لێوانلێوە لە سەربوردە و حەماسەخوڵقێنی ڕۆڵە گیانلەسەردەست و گیانفیداكانیان. گەلی كوردیش كە دەیان ساڵ خەباتی توندوتیژ و خوێناویی ئەزموون كردووە، لە كارنامەی خۆیدا ناوی زۆر شۆڕشگێڕ و خەباتكاری لێبڕاو و مافویستی تۆمار كردووە كە هەركام لە بڕگەیەكی مێژوویی تایبەتدا بۆ گەیشتن بە ئامانجە بەرزە مرۆڤتەوەرانەكانیان كۆڵنەدەرانە لەدژی مافزەوتكردنی كورد دەنگیان هەڵبڕیوە و گیانی خۆیان كردۆتە پردەبازی سەركەوتن بەڵام هیچ كات ئامادە نەبوون بستێک لە ویستە ڕەوا بەڵام پێشێلكراوەكانیان بكشێنەوە. یەكێک لەو ڕۆڵە بەئەمەگ و بلیمەتانەی كورد كە تاهەتایە ناوی لە ئاسمانی خەباتی گەلەكەمان دەدرەوشێتەوە، هەر خودی شەهید سمایل شەریفزادەیە كە وێڕای چەند هاوڕێیەكی خۆنەویست و مافویستی لاپەڕەیەكی زێڕینیان لە دیرۆكی گەلەكەیاندا تۆمار كرد.
دوابەدوای ڕووخانی كۆماری كوردستان لە ساڵی ١٣٢٦ی هەتاوی و زاڵبوونی جەوی پۆلیسی و خەفەقان، فەزایەكی تەژی لە بێدەنگی باڵی بەسەر كوردستاندا كێشا و پاش ماوەیەک بیری چەپی ئەو كات (تودەئیزم) و پرسی میللیگەرایی (پانئیرانیست)، هەرچەند بەكزی، بەرەبەرە لە هەوڵی ئەوەدا بوو كە كوردستان بتەنێتەوە. ئەمەش هاوكات بوو لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكان لە دەیەی ٤٠ی هەتاوی لە سەرانسەری ئێراندا. لە وەها هەلومەرجێكدا كۆمەڵێک لە خوێندكارانی دەروەستی كورد لەوانە شەهید سمایل شەریفزادە لە زانكۆكانەوە دەستیان دایە چالاكی سیاسی و پێوەندی تەشكیلاتییان لەگەڵ بزووتنەوەی میللی دێموكراتیكی كوردستان دامەزراند كە لەو كاتەدا لە تاراوگە و لە باشووری كوردستاندا نیشتەجێ بوو. پاش ماوەیەكی كورت هاوڕێیان سمایل شەریفزادە، سلێمان موعینی، مەلا ئاوارە، حەمەدەمین سیراجی، سالار حەیدەری، نحۆی شكاک و سەنار مامەندی كۆمیتەیەكیان لەژێر ناوی «كۆمیتەی شۆڕشگێڕی حدكا» دامەزراند و بزووتنەوەی چەكداری ٤٦ – ٤٧ یان وەڕێخست كە توانی لە ماوەیەكی كورتدا هیوا و هۆمێد لە نێو دڵی گەلانی هیوابڕاوكراوی ئێران بەتایبەت لە كوردستان بگەشێنێتەوە و گیانێكی نوێ بە بزووتنەوەی میللی دێموكراتیكی گەلی كورد بدات. هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی چەكداری بە ئامانجی بنبڕكردنی دەسەڵاتی سەرەڕۆی ئەوكات و گەیاندنی گەلی كورد بە مافی ئازادی و چارەی خۆنووسین ڕێبازێكی نوێی پیشانی گەلی كورد دا و ڕێگر بوو لە بەلاڕێداچوونی بزووتنەوەی كوردستان.
بەداخەوە دەرەنجامی ئەم قۆناغە لە خەباتی گەلەكەمان بەهۆی خەیانەتی كەسێک بەناوی كوێخاشەریف شەهیدبوونی هاوڕێ سمایل شەریفزادە و چەند شۆڕشگێڕێكی دیكەی بزووتنەوەی چەكدارانەی ٤٦ – ٤٧ی لە ڕێكەوتی ١٢ی بانەمەڕی ١٣٤٧ لێكەوتەوە. فەلسەفەی ڕاستەقینەی ئەم هەوڵە پڕ لە ماندوویەتییەی كاک سمایل و هاوڕێیانی ئەو هەقێقەتە بوو كە ناوبراو بە باشی دەركی بەو ڕاستییە كردبوو كە كەمتەرخەمیی توێژی خوێندەوار و ڕووناكبیر لە هەر گەل و كۆمەڵگەیەكدا دەتوانێ كاریگەری كوشندەی بۆ نەتەوە بەدواوە بێت بۆیە بێدەنگ نەبوو و وەک مرۆڤێكی بەرهەڵستكار بەگژ نادادپەروەرییەكاندا چوویەوە. ڕاستی و دەروەستیی ئەم مەسەلەش بە ئاوڕدانەوەیەک بەسەر نامەی شەهید سماییل بۆ شەهید قاسملوو دەردەكەوێت كاتێک كە باس لە نەخش و ڕۆڵی توێژی خوێندكار و پێگەیشتووی كۆمەڵگا دەكات و دەڵێ: بە ڕەچاوكردنی مێتۆدی زانستییانە بۆ خەبات و پەلكێشكردنی توێژی ڕووناكبیری شۆڕشگێڕ بۆ بەدەستەوەگرتنی جڵەوی كاروانی خەبات داری هۆمێد و ئاواتی گەل بەر دەگرێت.
لەسەر ئەم بنەما عەقڵانییە و دەرک كردن بەو ڕاستییەی كە هەموو بزووتنەوەیەكی شۆڕشگێڕی لەحاڵی خەبات، پێویستی بە هێما و سیمبۆلی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕانە هەیە، ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی یەكیەتیی خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە هەوڵێكی تۆكمەدا ١٢ی بانەمەڕ، ساڵڕۆژی شەهیدكرانی سمایل شەریفزادە و هاوڕێیانی وەكوو ڕۆژی خوێندكاری كورد دیاری كرد. ئەمەش هەنگاوێكی پۆزەتیڤ و پێویست بوو تاكوو بەدەستنیشانكردنی هێماكان و ئامانجەكان، بە یەكخستن و ڕێكخستنی ڕیزەكانی، پێش بە پەرتەوازەیی هێز و وزەی توێژی خوێندكار وەك یەكێک لە چالاكترین توێژەكانی كۆمەڵگای كوردستان بگرێت و لەم پێناوەشدا توانیویەتی زانكۆ بكاتە مەتەرێزی بەگژداچوونەوەی تاریكپەرستی كە بەردەوام وانەی مەرگدۆستی بە گوێی خوێندكاراندا دەچرپێنن.
ئاوڕدانەوە و وردبوونەوەیەکی خێرا لەم ڕۆژە مێژووییە لەم قۆناغە هەستیارەی خەباتی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان کە بە شۆڕشی ژینا و بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بەڕێوە دەچێ، ئەو کەتوار و ڕاستییەمان بۆ جارێکی دیکە وەبیر دێنێتەوە کە لە ئێستەدا خوێندکاران و توێژی خوێندەڤانی کوردستان پێویستە و دەبێ، لە ڕیزی هەرەپێشەوەی خەباتەکەدا بوونیان هەبێ تاکوو وێڕای ڕۆشنگەریدان لەسەر دۆزی خەبات و شۆڕشی هەنووکەییمان، بە چرای زانست و دۆزینەوەی مێتۆد و مێکانیزمی گونجاو بۆ دەسنیشانکردنی ڕێڕەوەکانی دواتری خەبات، تێکۆشەرانی ئەم ڕێگایە بە تێچووی کەمترەوە بە سەرمەنزڵگەی ئازادی بگەیەن؛ ئەمەش دەقاودەق نێوەڕۆکی نامەکەی شەهید سمایل شەریفزادەیە بۆ شەهیدی هەرگیز نەمرمان د. قاسملوو.