کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی ٥١ چالاکی مەدەنی و سیاسی لە ماوەی یەک مانگدا

10:30 - 1 جۆزەردان 2723

لە ماوەی یەک مانگدا، ٥١ چالاکی مەدەنی و سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە یەک مانگی ڕابردوودا، واتە مانگی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، ٥١ چالاکی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، دەسبەسەر کراون.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، بەشێک لەو چالاکانە دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە، بە بارمتەی قورس ئازاد کراون و بەشێکیان تا ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە.

هەروەها لە مانگی بانەمەڕدا، ٢٧ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و لێکۆڵینەوەیان لێ کرابوو، لەلایەن دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کەیسەکانیان یەکلایی کراوەتەوە و سزای بەندکران و پێبژاردن و قامچییان بەسەردا سەپێندراوە.

چالاکانی سیاسی و مەدەنی لەسەریەک "٥١ ساڵ و ٥ مانگ و ٢١ ڕۆژ" بەندکران و ٢٩ میلیۆن تمەن پێبژاردن و لێدانی ٢٢٨ قامچییان بەسەردا سەپاوە.