کەریم پەرویزی
شه‌وی شه‌ممه ٣٠ی بانه‌مه‌ڕ، له ته‌قه‌كردن له پایگایه‌كی سنووریی هێزه‌كانی ڕێژیم له سه‌راوانی به‌لووچستان، پێنج كه‌س كوژران و ڕۆژی دواتر یه‌كێكی دیكه‌یان به هۆی قورسیی برینه‌كه‌یه‌وه كوژرا.
تا ئێسته‌ش كه‌س ئه‌و ته‌قه‌كردنه‌ی وه‌ئه‌ستۆ نه‌گرتووه و ڕه‌نگه كه‌سانێكی له‌وانه‌ی به‌لووچ بن كه به‌ده‌ستی تاوانه‌كانی ڕێژیم وه‌زاڵه هاتبن یان ڕه‌نگه قاچاقچی بووبن یان ڕه‌نگه خودی سوپای پاسدارانی ڕێژیم به ته‌قه‌كردن له‌و پایگایه و قوربانیكردنی چه‌ند كه‌س، پیلانی دیكه‌ی به‌ده‌سته‌وه بێ ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕوونه كه گه‌ر به بیانووی ئه‌و ته‌قه‌وه خه‌ڵكی به‌لووچ به تێرۆریست ناو ببرێ، نیشانه‌ی بیركردنه‌وه‌ی داگیركه‌رانه و فاشیستیی كه‌سه‌كه‌یه كه له شاره فارسنشینه‌كان هێزه‌كانی ڕێژیم به سه‌ركوتكه‌ر بناسرێ و له خاكی نه‌ته‌وه بنده‌سته‌كان وه‌كوو سه‌ربازی میهه‌ن ناو ببرێن و خەڵكی ئه‌و نه‌ته‌وانه بكرێن به تێرۆریست!
له‌گه‌ڵ نادیاربوونی ته‌قه‌كه‌ره‌كان له سه‌راوان به‌ڵام دوو شت دیار و ڕوونه، كه‌سانێک كه ژێستی ئۆپۆزیسیۆن ده‌گرن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه ئێعدامی دڕندانه‌ی كه‌سه‌كانی سه‌ر به نه‌ته‌وه‌كان له‌لایه‌ن ڕێژیمه‌وه مه‌حكووم ناكه‌ن به‌ڵام هه‌ر زوو بۆ ڕووداوی وه‌كوو سه‌راوان هاوخه‌می ده‌رده‌بڕن، ده‌رخه‌ری ئه‌وپه‌ڕی بیری فاشیستییانه و دووهه‌م شتیش ئه‌وه‌یه كه دوای ئه‌م ڕووداوه سوپای پاسداران ده‌یكا به بیانوو بۆ سه‌ركوتی زیاتری خه‌ڵكی به‌لووچ و ڕه‌نگه هێرشی دڕندانه بكاته سه‌ر كۆبوونه‌وه ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی خه‌ڵک له ڕۆژانی هه‌ینیدا.
ڕووداوی ته‌قه‌كردن له سه‌راوان و بردنه فازی نیزامی ته‌نیا لایه‌نی ڕووداوه‌كانی ئه‌م ڕۆژانه نییه، به‌ڵكوو توندتر و به‌ربڵاوتركردنی ئێعدامی خه‌ڵک له‌نێو ئێران و به پانتایی هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان، هه‌روه‌ها هه‌ڕه‌شه یه‌ک له دوای یه‌كه‌كانی سه‌رانی سوپای تێرۆریستیی پاسداران له كوردستان و كورد و هه‌رێمی كوردستان، پێكه‌وه دیمه‌نێک ده‌خه‌نه به‌رچاو كه بریتییه له‌وه‌ی كه ڕێژیم به‌ره‌و توندتركردنه‌وه‌ی دۆخی نێوخۆی وڵات ده‌ڕوا.
بۆ زیاتر تێگه‌یشتن له دۆخه‌كه چه‌ند هه‌واڵی نیزامیی پێكه‌وه گرێ‌دراو وه‌رد بده‌ینه‌وه:
ڕۆژی دووشه‌مه ٢٢ی مه‌ی، ڕادیۆ فه‌رانسه هه‌واڵی مانۆڕێكی نیزامیی حیزبوڵلای لوبنانی بڵاو كرده‌وه كه له‌و مانۆڕه ته‌بلیغی و نیزامییه‌دا هێرشیان بۆ سه‌ر خاكی ئیسراییل به چه‌كی جۆربه‌جۆر كه رێژیمی تاران پێی داون به‌ڕێوه برد.
مێئیر جاودانفه‌ر مامۆستای زانكۆ له ئیسراییل ده‌ڵێ كه ئه‌و مانۆڕه نیشانه‌ی ترسی حیزبوڵڵا و كۆماری ئیسلامییه له هێرشی نیزامیی ئا‌مریكا و ئیسراییل بۆ سه‌ر ڕێژیمی ئێران.
حه‌وتوویه‌ک پێشتر، ژه‌نه‌راڵ مارک میلی سه‌رۆكی ئه‌ركانی هاوبه‌شی سوپای ئا‌مریكا ڕایگه‌یاند كه ڕێژیمی ئێران به‌توندی خه‌ریكی بردنه پێشی به‌رنامه ناوكییه‌كانیه‌تی و چه‌ند مانگێکی مه‌ودا هه‌یه له‌گه‌ڵ ده‌ستپێڕاگه‌یشتن به چه‌كی ناوكی.
له هه‌واڵێكی دیكه‌دا پایگای هێزه ئاسمانییه‌كانی ئا‌مریكا وێنه‌ی بۆمبێكی نوێی ناسراو به سه‌نگه‌رشكه‌نی بڵاو كرده‌وه و ڕۆژی دواتر هه‌واڵه‌كه‌ی لابرد. له‌و وێنه‌یه‌دا بۆمبێكی زۆر نوێ به كێشی ١٢ تۆن بڵاو كرابووه‌وه كه ده‌توانێ تا ١٠٠ میتر زه‌وی و بتۆن كون بكا و دوایه بته‌قێته‌وه.
له هه‌واڵێكی دیكه‌دا له گۆشه‌یه‌كی دیكه‌ی دونیا، له پاریس، ده‌وڵه‌ت بوودجه‌ی نیزامیی نوێی كه پێشكه‌شی پارلمان كردووە بۆ په‌سند كردن، ١١٨ میلیارد یۆرۆی زیاتر له بوودجه‌ی پێشوو پێ زیاد كردووه یان به واتایه‌كی دیکە نزیک به ٤٠%ی به بوودجه‌ی نیزامی زیاد كردووه و تێیدا ئاماژه‌ی به دژكرده‌وه و ئاماده‌یی بۆ مه‌ترسیی ناوكی و هه‌روه‌ها هه‌ڕه‌شه چه‌ند پێكهاته‌ییه‌كان كردووە.
له په‌نا یه‌ک دانانی ئه‌م وێنانه، ڕه‌نگه له ڕوانینی یه‌كه‌مدا زۆر گونجاو نه‌یه‌ته به‌رچاو و بوودجه‌ی نیزامیی فه‌رانسه و مانۆڕی حیزبووڵا و ئێعدامی نه‌ته‌وه بنده‌سته‌كان له ئێران دوور له یه‌ک نیشان بدرێن. به‌ڵام خوێندنه‌وه‌یه‌كی ڕابردووی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی، ڕه‌نگه له لێكدانه‌وه‌ی ڕاستیمان نزیک بكاته‌وه.
دوای هاتنه‌سه‌ركاری ئیداره‌ی تازه له ئا‌مریكا و ده‌سه‌ڵات گرتنی بایدێن، هه‌وڵێكی زۆریان دا كه ڕێككه‌وتنی به‌رجام زیندوو بكه‌نه‌وه و ئا‌مریكا له‌گه‌ڵ ئێران پێک بێته‌وه، به‌ڵام به چه‌ند هۆكاری وه‌كوو ڕق له‌دڵیی خامنه‌یی و هه‌وڵی به‌رده‌وامی بۆ ده‌ستپێڕاگه‌یشتن به چه‌کی ناوكی، وتووێژه‌كان به ئاكام نه‌گه‌یشتن، ته‌نانه‌ت خامنه‌یی له‌م ڕۆژانه‌دا ڕایگه‌یاند كه ئه‌وه‌ی كه پێشتر وتبووی نه‌رمشی قاره‌مانانه بكه‌ن له ده‌ورانی حه‌سه‌ن ڕووحانی‌دا، ئه‌وه ته‌قیه بوو! به زمانی خودی خامنه‌ییه‌وه ڕاگه‌یه‌نرا كه سیاسه‌تیان ته‌قیه واته ڕیاكاری و درۆكردن بووه!
پرسی سه‌ره‌كیی دیكه، شه‌ڕی ڕووسیه و ئۆكراین بوو كه له‌و قۆناخه‌دا ڕووسیه به قازانجی بوو كه كۆماری ئیسلامی هه‌رچی زیاتر دوور بخاته‌وه له ڕۆژاوا و به‌م شێوه‌یه كردی به گرۆگانی سیاسه‌ته‌كانی خۆی.
ئێسته ئیدی به‌رجام به ته‌واوی مردووه و كه‌س ناوێرێ خۆی بكاته خاوه‌نی لا‌شه مردووه‌كه‌ی، به‌ڵام په‌روه‌نده‌ی ناوكیی ڕێژیمی ئیسلامیی تاران به‌رده‌وامه و مه‌ترسییه‌كانی زۆرتر ده‌بنه‌وه.
سیاسه‌تی ئا‌مریكا و ڕۆژاواش تا ئێسته نه‌گه‌یشتۆته قۆناخی گۆڕینی ڕێژیم و هه‌وڵی مه‌هاری ده‌ده‌ن. هه‌ر بۆیه پێوستیان بوو كه به گوشاری چین، له‌گه‌ڵ وڵاتانی وه‌كوو عه‌ره‌بستان ڕێككه‌وتن بكا تاكوو هه‌ندێ له ناوچه سنووردار بكرێته‌وه. به‌ڵام ڕێژیمی ویلایه‌تی فه‌قیهی ئه‌و ڕێژیمه نییه كه بێ قه‌یران دابنیشێ و هه‌ر بۆیه له سنووری ئیسراییل ده‌ست ده‌داته ئاژاوه‌گێڕی.
ڕۆژاواش ده‌زانن كه كۆماری ئیسلامی بێ ئاژاوه دانانیشێ و بۆیه كۆی وێنه‌ی ناوچه‌یی وا نیشان ده‌دا كه به‌ره‌و هه‌ڵكشانی دۆخه‌كه و زاڵبوونی كه‌شی نیزامی ده‌ڕوا و هه‌ر بۆیه هه‌واڵه پێوه‌ندیداره‌كان زۆرتر ده‌بنه‌وه.
ئه‌وه‌ی له سیاسه‌ت و كرده‌وه‌كانی ڕۆژاوادا دیاره، خۆئاماده‌كردنیان نه‌ک بۆ هێرش بۆ سه‌ر ئێران، به‌ڵكوو بۆ حاڵەتی وایه كه له‌و‌په‌ڕی توندیی دۆخه‌كه‌دا خۆیان بۆ كاردانه‌وه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئاماده ده‌كه‌ن، گه‌ر ئیسراییل بنکە ئه‌تۆمییه‌كانی وه‌لیی فه‌قیهی له‌نێو برد، پێشی په‌ره‌سه‌ندنی ئاگره‌كه بگرن .
له وه‌ها دۆخێك‌دا كه ڕێژیم له ناوچه و جیهان به‌ره‌وڕووی كێشه و قه‌یران ده‌بێته‌وه، هێزه‌كانی له‌سه‌ر نێوخۆ چڕ ده‌كاته‌وه تاكوو دۆخی توند‌و چاوترسێنكردن و كوشتار و وه‌حشه‌ت زاڵ بكا، نه‌كا خه‌ڵک دوباره ده‌ست بده‌نه‌وه به ڕاپه‌ڕین.
خامنه‌ییش خۆی بۆ ئه‌وه ئاماده ده‌كا كه له‌و دۆخه‌دا خه‌ڵک لێی ڕانه‌په‌رن و ڕێژیمه‌كه‌ی له خاڵی له‌رزۆكی خۆیدا وه‌گیر نه‌هێهنن و نه‌یڕووخێنن.
هه‌ر بۆیه ده‌ستی داوه‌ته كوشتار و ئێعدامی زۆرتر تاكوو ترس بخاته دڵی خه‌ڵک و پێیان بڵێ كه زاڵه به‌سه‌ر دۆخه‌كه‌دا، به‌ڵام له ڕاستیدا خۆی زیاتر له هه‌موو لایه‌ک له دۆخه‌كه ترساوه و بۆیه په‌نا ده‌باته به‌ر قه‌یرانسازی!
وەرگیراو لە بەرنامەی هزرین