کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی دوو چالاکی مەدەنیی کوردی یارسان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

09:36 - 3 جۆزەردان 2723

دوو چالاکی مەدەنیی کوردی یارسان بە ناوەکانی سەید فەریبۆرز شائیبراهیمی و سەید فەرهاد زۆنووری، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە لە شاری سەحنە دەسبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ٢ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، دوو کەس لە چالاکانی مەدەنیی کۆمەڵگەی یارسان بە ناوەکانی سەید فەریبۆرز شائیبراهیمی و سەید فەرهاد زۆنووری، لە شاری سەحنە سەر بە پارێزگای کرماشان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.

کوردپا ڕایگەیاند: ئەم دوو چالاکە مەدەنییە لە ماڵەکەی خۆیاندا دەسبەسەر کراون و ئەو ناوەندەی کە دەسبەسەری کردوون نادیارە و هیچ زانیارییەک لەمەڕ دۆخی تەندروستییان لەبەر دەستدا نییە.

دەسبەسەرکرانی ئەم دوو چالاکە مەدەنییە کوردە توندوتیژانە بووە و بە زۆر چوونەتە ماڵەکانیان و هیچ حوکمێک یان قسەیەکیان لەسەر دەسبەسەرکرانیان پێ نەبووە.

ئەم دوو چالاکە مەدەنییە، ڕۆژی هەینی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاویش لە ڕێوڕەسمی ٢١‌ـەمین ساڵیادی سەید خەلیل عالی‌نژاد، بە توندوتیژی و لێدان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوون.

هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ ناوبراوان، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.