کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەندکراوێکی سیاسیی پێشوو، سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا

09:42 - 3 جۆزەردان 2723

خەدیجە مەهدیپوور، بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد و خەڵکی شاری ئەیوانی سەر بە پارێزگای ئیلام، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە ئیلام، سزای ٣ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، خەدیجە مەهدیپوور، خەڵکی شاری ئەیوانی سەر بە پارێزگای ئیلام، لەلایەن لقی ١٠٣ی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە ئیلام، بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە بە دژی کۆماری ئیسلامی"، سزای ٣ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، لە کاتی تێپەڕاندنی سزای ٢٠ مانگەی ماوەی بەندکرانی پێشووتری لە بەندیخانەی ناوەندیی ڕێژیم لە ئیلام، بەبێ ئاگاداریی پێشوەختە و بە زۆرەملێ لەو بەندیخانەیە ئازاد کرا و گەڕابووەوە ماڵەوە.

خەدیجە مەهدیپوور، ڕۆژی ١٨ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو و لەلایەن دادگاوە بە تۆمەتگەڵی "پڕوپاگاندە دژی کۆماری ئیسلامی و بێڕێزی بە خامنەیی و بە کۆماری ئیسلامی"، سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.