کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبووردنی نێونەتەوەیی داوای ڕاوەستانی خێرای ئێعدامەکان لە ئێران دەکات

10:08 - 3 جۆزەردان 2723

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک و بە ئاماژەدان بە ئێعدامی دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکان لە ئێران، داوای ڕاوەستانی خێرای سزای ئێعدامەکان لە ئێران دەکات.

ڕۆژی سێشەممە ٢ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا بە ئاماژەدان بەوەیکە لانیکەم ٧ کەس لە ئێران لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییە گشتییەکان سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە، نووسیویەتی: دەیان کەسی دیکەش لە بەندیخانەکان چاوەڕێی سزای ئێعدامن.

ئەو ڕێکخراوەیە لە بەیاننامەکەیدا باسی لەوە کردووە: ڕێژیمی ئێران، مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانەی لە خۆپیشاندەران وەرگرتووەتەوە و بە ئەشکەنجە، قامچی، شۆکی کارەبایی، هەڕەشەی کوشتن و توندوتیژیی ڕەگەزی، گیانی دەسبەسەرکراوانی خستووەتە مەترسییەوە.

لە بەشێکی دیکە لەو بەیاننامەیەدا هاتووە، بە هەڵکشانی ڕێژەی ئێعدامەکان لە ئێران، بەرپرسانی قەزایی کۆماری ئیسلامی، سێ هاووڵاتیی ناڕازیی دیکەیان بە ناوەکانی "مەجید کازمی، سەعید یەعقووبی و ساڵح میرهاشمی"، پاش ئەشکەنجەدانێکی زۆر و دانپێدانانی زۆرەملێ لە دادگایەکی نادادپەروەرانەدا، سزای ئێعدامی بەسەریاندا سەپاند و لە بەندیخانەی ئیسفەهان لەسێدارەیانی دا.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی بە بڵاوکردنەوەی نامەیەک ڕوو بە موحسێنی ئێژەیی، بەرپرسی دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێران، داوای لە هەموو کەس و لایەنێکی تریش کردووە کە بە ناردنی نامەی ناڕەزایەتیی خۆیان، داوای ڕاوەستانی ئێعدامەکان لە ئێران بکەن.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە نامەکەیدا ڕوو بە موحسێنی ئێژەیی نووسیویەتی: سەبارەت بەوەیکە دەیان کەس بەهۆی دادگاییکردنێکی نادادپەروەرانەوە بە تۆمەتگەلی وەکوو "شەڕ لەگەڵ خودا و موفسێدی سەر زەوی"، مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە، زۆر نیگەرانین و داوا دەکەین کە بە خێراترین کات کۆتایی بە ڕەوتی ئێعدامی خۆپیشاندەرانی ناڕازیی دەسبەسەرکراو لە بەندیخانەکاندا بێنن.