کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ڕۆژاوای کانادا لە کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە

11:14 - 3 جۆزەردان 2723

هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕۆژاوای کانادا، لە کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی کانادا کە تایبەت بە پرسی ئێران و شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" بوو، بەشداریی کرد.

ڕۆژی سێشەممە ٢ی جۆزەردان ١٤٠٢ی هەتاوی، هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕۆژاوای کانادا، پێکهاتوو لە "سمایل ئیبراهیمی، بەرپرسی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی کۆمیتە و کەیوومەرس بەیگی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی کۆمیتە"، بە بانگهێشتی فەرمی، لە کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوە و چەندین ئەندام پارلمان لە حیزبی لێبراڵ، بەشدار بوون.

لەو کۆبوونەوە تایبەتەدا، ''میڵانی جۆڵی''، وەزیری کاروباری دەرەوە و ''جۆناتان ویلکەنسۆن''، وەزیری سامانە سروشتییەکان و سێ ئەندامی پارلمانی کانادا، باسێکیان لەسەر هەوڵەکانی دەوڵەتی کانادا بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ''ژن ژیان ئازادی'' و گوشارەکانیان لەسەر ڕێژیمی تاران لە ئاستی نێوخۆیی و نێونەتەوەییدا، پێشکەش کرد.

لە درێژەی ئەو کۆبوونەوەدا، سمایل ئیبراهیمی، وێڕای ئاماژەدان بە سیاسەتی تێکدەرانە و تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامی و سپای پاسداران، باسێکی لەسەر هێرشی تێرۆریستیی سپای پاسداران بۆ سەر بنکە و بارەگای حیزبی دێموکرات و هێزە کوردستانییەکان لە باشووری کوردستان کرد کە تەنانەت بە مووشەک و دڕۆن هێرش کراوەتە سەر قوتابخانەی سەرەتایی.

ناوبراو باسی لەوە کرد کە ویستی بەتیرۆریست ناساندنی سپای پاسداران لە ئێستادا ویستێکی نەتەوەیی، ناوچەیی و نێونەتەوەییە و بە هەموو پێوەرە سیاسی و یاساییەکان، ئەو ڕێکخراوە دژە مرۆییە دەبێ بخرێتە لیستی ڕەشی کانادا، بەتایبەت بڕیاری مێژوویی دادگای ''بێرلین'' سەبارەت بە تێرۆری ڕێبەرانی گەلی کورد و حیزبی دێموکرات، بە ڕوونی کۆی سەرانی ڕێژیمی بە تاوانبار ناساندووە و پێویستە دەوڵەتی کانادا لەو پێوەندییەدا بڕیاری کۆتایی بدات.