کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەپاندنی سزای "بەندکران، لێدانی قامچی و لێئەستاندنەوەی جلوبەرگی ئایینی" بەسەر مامۆستایەکی خەڵکی سنە

16:27 - 3 جۆزەردان 2723

مامۆستا عەبدولجەبار لوتفی، کەسایەتیی ئایینی، وانەبێژ و پێشنوێژی مزگەوتی "ئیرشاد"ی شاری سنە، لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی لە شاری هەمەدان، سزای ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکران، لێدانی ٧٤ زەربە قامچی و هەروەها لێئەستاندنەوەی جلوبەرگی ئایینیی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، مامۆستا عەبدولجەبار لوتفی، کەسایەتیی ئایینی، وانەبێژ و پێشنوێژی مزگەوتی "ئیرشاد"ی شاری سنە، لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی لە شاری هەمەدان، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی" و "شێواندنی بیروڕای گشتیی خەڵک"، سزای ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکران و لێدانی ٧٤ زەربە قامچی و هەروەها لێئەستاندنەوەی جلوبەرگی ئایینیی بەسەردا سەپاوە.

شایانی باسە کە ئەو مامۆستا ئایینییە لە سەرماوەزی ساڵی ڕابردووشدا بەهۆی پاڵپشتی لە داخوازی و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی خەڵک جارێکی دیکە لەلایەن هەمان دادگایەوە بانگ کرابوو.

هەر لەم پێوەندییەدا ڕۆژی یەکشەممە، ٣١ی بانەمەڕ، مامۆستا مادێح کەرەمی، لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی لە شاری هەمەدان بانگ کرا و سزای ساڵێک بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندرا.