کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی پێوەندییەکانی دەرەوەی حیزب لە ئاڵمان، لە ساڵیادی دامەزرانی حیزبی سوسیال- دێموکراتی ئەو وڵاتە

10:18 - 4 جۆزەردان 2723

جێگری بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی حیزبی سۆسیال- دێموکراتی ئەو وڵاتە، لە سێ ڕۆژدا لە ١٦٠ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی ئەو حیزبە بەشداریی کرد.

مستەفا قازیزادە، جێگری بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان، ماوەی سێ ڕۆژ لە ڕێوڕەسمی ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی سۆسیال- دێموکراتی ئاڵمان بەشدار بوو کە ڕۆژی دووەمی ڕێوڕەسمەکە تەرخان کرابوو بۆ پێدانی خەڵاتی "ئاگۆست بێبل" بە "فرانز مونتەفێرینگ"، کەسایەتیی بەناوبانگی ئەو حیزبە.

ئەو خەڵاتە هەر دوو ساڵ جارێک بە کەسانێک دەدرێت کە خزمەتی درێژماوە و بەرچاویان بە بابەتە کۆمەڵایەتییەکان کردووە و کاریگەریی گەورەیان لەسەر باشترکردنی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان داناوە.

لەو ڕێوڕەسمەدا، مستەفا قازیزادە لەگەڵ دوو سەرۆکی ئەو حیزبە بە ناوەکانی "ساسکیا ئێسکن و لارس کلینگبایل" چاوپێکەوتنی هەبوو و  لەسەر بارودۆخی ئێستای ئێران و کوردستان لەگەڵ ناوبراوان دوا و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتی لەوبارەیەوە خستە بەر باس.

ڕۆژی سێهەمی ڕێوڕەسمەکە تەرخان کرابوو بۆ پرسی شەڕی ئۆکراین و ئاسەوارەکانی لەسەر ئاشتی لە ئورووپا و جیهان. "ئۆلاف شۆلچ"، سەدری ئەعزەمی ئاڵمان، دوو سەرۆکی حیزبی سوسیال- دێموکرات و چەند کەس لە وەزیرانی دەوڵەت و چەندین پارلمانتار لەو ڕێوڕەسمەدا بەشدار بوون.

مستەفا قازیزادە لەگەڵ خاتوو "نانسی فێزەر"، وەزیری ناوخۆی ئاڵمان و خاتوو "گابریێلا هاینریخ"، پارلمانتار، لەسەر ڕۆڵی ڕێژیمی ئێران لە شەڕی ئۆکراین باسێکی پێشکەش کرد و داوای لەو دوو کەسە کرد کە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بناسێندرێت.