کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا زیاتر لە ٤٠ مامۆستا لە پارێزگای سنە دەسبەسەر کراون

10:50 - 4 جۆزەردان 2723

مامۆستایانی کوردستان ڕایانگەیاندووە کە ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی کوردستان، یەکێک لە تاڵترین و ناخۆشترین دەورەکانی خۆی ئەزموون دەکات.

ڕۆژی چوارشەممە ٣ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان (سنە- کەڵاتەرزان) لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند کە ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی کوردستان یەکێک لە تاڵترین و ناخۆشترین دەورەکانی بە خۆیەوە بینیوە.

لە بەشێک لەو بەیاننامەیەدا هاتووە، لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا زیاتر لە ٤٠ مامۆستا لە پارێزگای سنە دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەکان کراون و لە ئێستادا بە دەیان مامۆستای دیکە بە هەیئەتی سەرپێچییەکانی ئیدارەی پەروەردە ناسێندراون.

جێگەی ئاماژەیە کە پاش ئەوەیکە مامۆستایانی کوردستان دەنگی ناڕازیی خۆیان خستە پاڵ دەنگی وەزاڵەهاتووی خەڵکی کوردستان لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا، حەراسەتی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان و هێزە ئەمنییەتییەکانی دیکەی ڕێژیم بە تۆمەتی جۆراجۆر مامۆستایانی قوتابخانەکان دەسبەسەر دەکەن و لە دۆسییەگەلێکی ساختەدا ڕەوانەی بەندیخانەکانیان دەکەن.