کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاریگەریی ڕێككه‌وتننامه‌كان: زەهاو و ئەرزەروومی ١ و ٢ لەسەر پرسی کورد

00:21 - 5 جۆزەردان 2723

مستەفا مەولوودی

کاریگەریی ڕێككه‌وتننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان لەسەر پرسی کورد

(ڕێككه‌وتننامه‌كان: زەهاو و ئەرزەروومی ١ و ٢)

هەروەک لە بەشەکانیی پێشوودا تیشکی خرایە سەر، بابەتەکەی ئێمە لەسەر شوێنەواری ئەو ڕێککەوتن و پەیماننامەنەیە کە لەو ماوە دوور و درێژەدا کاریگەرییان لەسەر کوردستان و کورد داناوە، بۆیە لەم بەشەدا دەچینە سەر باسی پەیماننامەکان.

ڕێککەوتننامەی زەهاو

ساڵی ١٥٠١ی زایینی شائیسماعیلی سەفەویی یەکەم لە تەورێز چووە سەر تەخت. سەفەوییەکان بەهۆی ڕکەبەرایەتیی ئایینی لەگەڵ سوڵتانە عوسمانییەکان بە قزڵباش (سەرسوورەکان) ناوزەد کراون، چونکە مێزەرەکانیان بە دوازدە قەیتان دەڕازاندەوە وەک ئاماژەیەک بۆ دوازدە ئیمامی شیعە و دواتر دەسەڵاتەکەیان بە ئیمپراتۆریی سەفەویی قزڵباش ناو دەبرا.

شائیسماعیل دوای ئەوەی دەسەڵاتی جێگیر بووە، هێرشی کردۆتە سەر خۆرئاوای ئیمپراتورییەکەی، واتە عێراق و بەشێکی تورکیەی ئێستا و ناوچەیەکی زۆری لە بەغداوە تا مەرعەش، دیاربەکر، قەڵای کێف، سیرت، حەزۆ، ئاتاق، میافارقین، باڵۆ و ئەگیل و چەند ناوچە و شاری دیکەی داگیر کرد.

بە هاتنی سوڵتان سەلیمی یەکەم (١٥٢٠-١٥١٢ )ی زایینی بۆ سەر تەختی عوسمانی گۆڕانێکی ڕیشەیی لە گۆڕەپانەکەدا ڕووی دا و وەرەق هەڵگەڕاوە. سوڵتان سەلیم دەستی کردووە بە هێرش بۆ سەر ڕۆژهەڵات. لە ٢٣ی ئاگۆستی ساڵی ١٥١٤ی زایینی شەڕ لە نێوان لەشکری عوسمانییەکان و لەشکری سەفەوییەکان لە دۆڵی چاڵدێران لە باکووری ڕۆژهەڵاتی دەریاچەی ورمێ ڕوو دا و لە ئەنجامدا قزڵباشەکان تێک شکان. شائیسماعیل بە برینداری ڕای کرد و تەورێزی پایتەخت کەوتە دەست عوسمانییەکان.

شەڕی نێوان ئەو دوو ئیمپراتورییە بەردەوام بوو. سوڵتان مراد، چوارەمین سوڵتانی عوسمانی لە ساڵی ١٦٣٨ لە ڕێگای موسڵەوە هێرشی کردەوە سەر بەغدا و پاش شەڕێکی چل ڕۆژە و کوشتارێکی زۆر، لەشکری شای سەفەویی شکاند و بەغدا داگیر کرد. دواتر شای سەفەوی باڵوێزێک بە ناوی محەممەد قوڵی‌سوڵتانی ناردە بەغدا و پێشنیاری سوڵح و ئاشتیی کرد. لە ڕیکەوتی ٧/١/١٦٣٩ دا پەیماننامەی ئاشتیی زەهاو (قەسری شیرین) لەلایەن نوێنەری ئەو دوو وڵاتە واتە سارو تەقی ئێعتمادولدەولە، نوێنەری سەفەوی و مستەفا پاشا نوێنەری عوسمانی ئیمزا دەکرێ. بەپێی ئەو پەیماننامەیە بەغدا و بەسرە و بەشێک لە کوردستان درا بە عوسمانی و لە بەرانبەردا ڕۆژهەڵاتی ئازەربایجان و ڕەواندز و ئەرمەنستان و گورجستان دران بە ئێران. بەو جۆرە شەڕی چاڵدێران بووەتە خاڵ و نیشانەیەکی مەترسیدار لە مێژووی کورددا و بۆ یەکەم جار خاک و نیشتمانی کورد لە نێوان دوو ئیمپراتۆریی عوسمانی و سەفەویدا دابەش کرا.

لە نێوان ساڵەکانی ١٥١٤ کە شەڕی چاڵدێران تێیدا ڕووی‌ داوە هەتا ساڵێ ١٦٣٩ کە ڕێککەوتننامەی زەهاوی تێیدا مۆر کراوە. یانی لەو ١٢٥ ساڵەدا چەندین شەڕ لە خاکی کوردستان لە نێوان عوسمانییەکان و سەفەوییەکاندا ڕووی داوە کە کوردەکان ڕۆڵ و دەوری زۆر کاریگەرییان لە سەرکەوتن و شکستی شەڕەکاندا هەبووە. چەندین ڕێککەوتنی کاتییش لە نێوانیاندا هاتۆتە ئاراوە، وەک ڕێککەوتنی سوڵتان سەلیمی عوسمانی لەگەڵ میرەکانی کورد، بەڵێننامەی ئێرانی- تورکی لە ساڵی ١٥٥٥ی زایینی کە ناسراوە بە پەیماننامەی "ئاماسیا"، ڕیککەوتنی شاعەبباس (١٦٢٩-١٥٨١)ی کە بە ناوی ڕێککەوتننامەی ئاشتی لە ساڵی ١٥٩٠ی زایینی مۆر کراوە و ناسراوە بە پەیماننامەی فەرهادشا. سەرئەنجام پاش ١٢٥ ساڵ شەڕ و هێرش و پەلامار و ئاشتی و بەڵێننامە، لە ساڵی ١٦٣٩ی زایینی ڕێککەوتننامەی زەهاو هاتۆتە ئاراوە، کە شوێنەواری زۆر نیگەتیڤی لەسەر چارەنووسی خەڵکی کوردستان داناوە. بەو شێوەیە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ بارودۆخی ئاشتی دەستی کێشا بەسەر پەیوەندیی نێوان دوو دەوڵەتی گەورە هەتا بیستەکانی سەدەی هەژدەیەم.

پاش هاتنە سەرتەختی "نادرشای ئەفشار" و شکانی عوسمانییەکان، بەپێی پەیماننامەیەک عوسمانییەکان لە ساڵی ١٧٣٢ی زایینیدا سەرجەم ناوچەکانی ڕۆژئاوای مەمالکی مەحرووسەی ئێرانیان لەدەست داوەتەوە. پاش نیزیک حەوت ساڵ شەڕ و ململانێ لەنێوان لەشکری نادرشای ئەفشار و عوسمانییەکان، سەرئەنجام لە پەیماننامەی قووستەنتەنییە (ئیستانبووڵ) لە ١٧/١٠/١٧٣٩ دانیان بە سنووری دوو ئیمپراتۆریی عوسمانی و ئێراندا ناوە. بەپێی ڕێککەوتننامەی "زەهاو"ی ساڵی ١٦٣٩ی زایینی و پاش پەیماننامەی ١٧٣٢ جارێکی دیکە شەڕ و ململانێ لە نێوان ئەو دوو وڵاتە هاتۆتە ئاراوە، هەر بۆیە لە ساڵی ١٧٤٦ی زایینی ڕێککەوتننامەیەکی دیکەیان بە یەکەوە مۆر کردووە و بۆ جارێکی دیکە سنووری دیاریکراوی پێشوویان بە فەرمی ناسیوە. ئەو سنوورە بۆ جارێکی دیکەش لە ڕێککەوتننامەی "ئەرزەروومی‌یەکەم" لە ساڵی ١٨٢٣ و "ئەرزەروومی دووهەم" لە ساڵی ١٨٤٧ بەفەرمی دانیان پێدا ناونەوە. بەپێی ئەو ڕێککەوتنە نێوەڕاستی خاکی کوردستان بە درێژایی زیاتر لە هەزار کیلۆمیتر بۆتە سنووری ڕەسمیی نێوان ئێران و عوسمانی و دابەشکردنی کوردستان بە ڕەسمی چەسپاوە.

هەموو ئەو ڕێککەوتننامە و پەیماننامانە لە بەڵێننامەی "زەهاو"ەوە هەتا ڕێککەوتنی "ئەرزەروومی دوو" کاریگەریی گەورەیان لە پێوەندی و تێکەڵاویی ئەو دوو ئیمپراتوورییەدا هەبووە. ئەو پەیماننامانە شوێنەواری زۆر نێگەتیڤیان لەسەر کوردستان داناوە کە ئاماژە بە چەند خاڵیکیان دەکەین:

كاریگه‌ریی نێگه‌تیڤی ڕێكه‌وتننامه‌كان‌

ا: ئەو بەڵێننامانە لە ئەنجامی ئەو شەڕانەدا بوون کە بە زۆری لەسەر خاکی کوردستان لە نێوان ئەو ئیمپڕاتۆرەدا ڕوویان ‌داوە.

ب: لەو ناکۆکییانەدا کوردیان ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە شەڕەکانەوە گلاندووە. شەڕکەری کورد شەڕی بۆ هەر دوو لایەن بەدژی یەکتر کردوە و بەوەش کێشە و پرسی کورد زۆر ئاڵۆز و پێچەڵاوپێچ بووە. تەنانەت لە زۆر شەڕیشدا شەڕکەری کورد بۆ بەرژەوەندیی فەرمانڕەواکانی عوسمانی و ئێرانی، لەگەڵ یەکتر و خۆبەخۆ بەشەڕ هاتوون.

پ: ئەو شەڕانە کە بە زۆری لەسەر خاکی کوردستاندا ڕوویان داوە، بوونه‌تە هۆی وێرانی و خەسارێکی زۆری گیانی و ماڵیی قەرەبوونەکراو کە لە کوردستان و خەڵکی کوردستان کەوتووە. ئەو ڕێککەوتنانە لەسەر پێوەندیی ئەو دوو وڵاتە کاریگەریی خۆیان بووە و بۆ نیزیک بە سەد ساڵ تا کۆتایی سەردەمی سەفەوییە ئارامییەک لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا هەبووە.

ت: ئەوەی لێرەدا مەبەستە ڕوون بکرێتەوە ئەوەیە کە لە دوای شەڕی چاڵدێران لە ساڵی ١٥١٤ وە بە کێشانی سنوور لە نێوان ئەو دوو ئیمپراتووریەدا خاکی کوردستان بۆ یەکەم جار لە پەیماننامەی زەهاو لە ساڵی ١٦٣٩ دا بەڕسمی لەت کراوە و سنووری دوو وڵات دیاری کراوە کە لە هەموو ئاست و بوارەکاندا وەک پێوەندی نەتەوەیی، چارەنووسی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، کولتووری و تەنانەت کار و کەسایەتی و خزمایەتییەوە، شوێنەوار و کاریگەریی زۆر نێگەتیڤی لەسەر چارەنووسی خەڵکی کوردستان هەبووە.

 ئەگەر بە وردی شیکاری بۆ ئەو بابەتە بکەین، دەتوانین بڵێین نادیاریی چارەنووسی خەڵکی کوردستان لە کێشانی ئەو سنوورەوە سەرچاوە دەگرێ کە کوردی بەو ڕۆژە گەیاندووە. لەو کاتەوە تا ئێستا زۆر دەرفەت بۆ کورد ڕەخساوە هەتا چارەنووسی سیاسیی خۆی ڕۆشن بکاتەوە، بەڵام ئەو سنوورە یەکێک لەو هۆکارانە بووە کە دەرفەتی لە کورد بڕیوە. من باوەڕم وایە ئەگەر دوای شەڕی یەکەمی جیهانی، کوردستان هەمووی بۆ نموونە بەسەر ئیمپراتووری عوسمانییەوە بایە دەوڵەتی کوردی دروست دەبوو و لە ئێستادا مێژووی ئەو دەوڵەتە زیاتر لە سەد ساڵ بوو. بەپێی هەلومەرجی جوغرافیایی، سازگاریی ئاو و هەوای ناوچەکە، کانگەی ژێرزەویی زۆر و توانایی خەڵکی مرۆیی کوردستان لە ناوچەکەدا، یەکێک لە وڵاتە دەوڵەمەند و کاریگەرەکان دەبوو؛ بەڵام چارەنووسی خەڵکی کوردستان وا ئاڵۆز کراوە کە بە زەبر و زۆر ئیرادە لە خەڵکی کوردستان زەوت کراوە. لێرەدا سیناریۆیەکی سەیر و دەگمەن دێتە ئاراوە، لەشکری عوسمانی هێرش دەکا بۆ بەغدا و وڵات و شاڕێکی عەرەبی داگیر دەکات. لەشکری فارسی ئێرانی تێک‌دەشکێندرێ و وتووێژ بۆ سوڵح و ئاشتی لەسەر خاکی کوردستان (قەسری شیرین) پەیماننامەی زەهاوی لێ دەکەوێتەوە و بێ لەبەرچاوگرتنی ئیرادە و خواستی خەڵکەکەی، کوردستان لە نێوان دوو ئیمپراتووریدا دابەش دەکرێ.

پەیماننامەی ئەرزەروومی(١)

پەیماننامەی ئەرزەروومی١ (١٨٢٣ی زایینی)پێداگریی کردۆتەوە لەسەر بەلێننامەی (زەهاو) و جارێکی دیکەش سنووری ئەو دوو ئیمپراتووریەی بەڕەسمی ناسیوە. لێره‌دا ئاماژه‌ به‌و به‌شانه‌ له‌ په‌یماننامه‌كه‌ ده‌كه‌م كه‌ ئەوە پێوەندی بە پرسی کوردستان و کوردەوە هەیە:

 لە یەکەم فەسلی ئەو پەیماننامەیەدا باس لە کوردستان و عەشایری کوردستان دەکات و دەڵێ هیچ لایەک لەو دەوڵەتانە نابێ دەست لە کاروباری یەکتر وەربدەن. لەوە بەدوا ئەو کوردستانەی کە کەوتۆتە لای بەغدا یان ئەوانەی لەسەر سنوورن و شارەکانی ناوچەکانی کوردستان نابێ لە لایەن ئێرانەوە دەستێوەردان لە کاروباری ئەو ناوچانەدا بکرێ و هێرش بکرێتە سەر ئەو ناوچانە. پێویستە کێشەکان لەنێوان شازادە عەباس میرزا وەلیعەهدی ئێران و والی بەغدا بە وتووێژ چارەسەر بکرێن.

لێرەش دەردەکەوێ پاش ماوەیەکی زۆر لە پەیماننامەی زەهاو کێشەی سەر سنوور لە کوردستان چارە نەکراوە، لەبەر ئەوەی لە سەرەتاوە کێشەکە بە شێوەیەکی تەندروست چارە نەکراوە یان باشترە بڵێین بە دیاریکردنی سنوور و لەتکردنی کوردستان لە نێوان ئێران و عوسمانی کێشەیەکی قووڵتر هاتۆتە ئاراوە کە تا ئێستاش چارەسەری گونجاو و ڕیشەیی بۆ نەدۆزراوەتەوە، هەر بۆیە هەر جارە بە شێوەیەک کێشەکان سەر هەڵدەدەنەوە. کێشەیەک کاتێک بەتەواوی چارەسەر دەبێ کە لەسەر پایە و ئەساسی دروست بێ و ئیرادە و مەیل و خواستی خەڵکی دەڤەرەکە لەبەر چاو بگیردرێ. بەڵام لێرەدا هەموو شتێک پێچەوانەیە و لە بەرژەوەندیی دوو ئیمپراتوور و دەسەڵاتداری زاڵم مافی نەتەوەیەکی ڕەسەن و خاوەن مێژوو پێشێل کراوە.

لە پەیماننامەی ئەرزەرووم‌دا پرسی کورد ئەوەندە بۆ ئەو فەرمانڕەوایانە گرینگە کە کەوتونەتە نێو وردەکاری زۆر و بابەتی زۆر بچووک بۆ نموونە وەک چارەسەرکردنی هاتوچۆی گەرمێن و کوێستانی ڕەوەندەکان، لەوەڕگەی مەڕ و ماڵات یان کێشەی عەشیرەیەک وەک عەشیرەتی (حیدر انلووسیبکی) کە سەر بە کام وڵات دەبێ. چۆن هاتوچۆکانی سنووردار بکرێن و لەو نێوەدا بە چ شێوەیەک باجی لێ وەربگیرێ.

پەیماننامەی ئەرزەروومی(٢) ساڵی ١٨٤٧

لە پەیماننامەی ئەزرەروومی(٢)دا پێداگری لەسەر پەیماننامەی ئەرزەروومی(١) لە ساڵی ١٨٢٣ی دەکرێتەوە. لەو پەیماننامەیەدا لە فەسڵی دوودا باس لە پێدانی هێندێک زەوی و زار بە یەکتر دەکەن کە لە وردکردنەوەی ڕێککەوتنەکەدا بە ڕوونی دەڵێن دەوڵەتی ئێران هێندێک لە نوقتە و عەرزی پێوەندیدار بە ناوچەی "سلێمانی" و ناوچەی "مەحمرە" دەدات بە عوسمانی، یانی ئێران بەڵێن دەدا هیچ مافی بەسەر شار و ناوچەی سلێمانی‌یەوە نییە و ئەوانە دەکەونە ژێر دەسەڵات و خاوەنداریەتی عوسمانی. لە بەرانبەردا دەوڵەتی عوسمانی لای ڕۆژهەڵاتی زەهاو یانی هەموو شاخەکانی لەگەڵ "کرێند" دەدا بە ئێران. یانی دیسان سات و سەودا بە کوردستان و خاکی کوردستان دەکرێ. سروشتییە لەگەڵ ئەرز و وڵاتەکە  خەڵکەکەش هەر سەر بەو دەوڵەتانە دەبن. ئەوه‌ چارەنووسی خەڵکی کوردستان بووە لە دەست دەوڵەتانی فەرمانڕەوای زاڵم و داگیرکەری کوردستاندا.

لێرەدا بۆ چەندەمین جار پرسیارێک دیسان سەر هەڵدەداتەوە، ئایا ڕیککەوتن و پەیماننامەیەک مافی گەلێک پێشێل بکات، دەوڵەتان بۆ بێ مافی گەلێک بەرتیل بدەن بە یەکتر بێ ئەوەی حیساب بۆ حقوق و ماف و ئیرادەی گەلێک بکه‌ن ئەگەر لە نێوان چەند دەوڵەتیشدا بێ یاسایی و ڕەوایە؟