کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی هەڵگری چەکوچۆڵی ئێران لە نزیک گەرووی بابۆلمەندەب

11:02 - 1 خەزەڵوەر 2725

کەشتییەکی ئێرانی کە چەک و کەرەستەی نیزامیی بۆ حوسییەکان هەڵگرتبوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی یەمەنەوە لە نزیک گەرووی بابولمەندەب دەستی بەسەردا گیرا.

ئەو کەشتییە لە بەندەرعەباسەوە بەرەو ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی گرووپی حوسییەکان دەڕۆیشت و بە وتەی سەرچاوە ئەمنییەکان، هی یەکێک لە سەرکردەکانی ئەو گرووپەیە. لە کاتی پشکنینی کەشتییەکەدا، مووشەکێکی دژە تانکی ''کۆرنێت'' و پارچەی دڕۆن و دەرمان ئێرانی و خۆراک دۆزراوەتەوە.

هەروەها لە کەشتییەکەدا کۆگایەکی نهێنیی چۆڵ هەبووە، کە پێدەچێت بۆ دابەزاندنی چەک لە دەریادا بەکار هاتبێت. هێزەکانی یەمەن ڕایانگەیاندووە کە ئۆپەراسیۆنەکە دوای چاودێریی وردی جموجۆڵەکانی کەشتییەکە لە نزیک بابولمەندەب ئەنجام دراوە و هەشت دەریاوانی سەر بە تۆڕی قاچاخی حووسییەکان دەسبەسەر کراون.

عەبدولڕەحمان ئەلموحەڕەمی، ئەندامی شۆرای ڕێبەریی سەرۆکایەتیی یەمەن، ئەم هەنگاوەی بە بەشێک لە سەرکەوتنەکانی کەمپەینی ئەمنییەتی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخ لە کەناراوەکانی پارێزگای لەحج وەسف کرد و ڕایگەیاند کە ئەم هەوڵانە بە ئامانجی ڕێگریکردن لە گواستنەوەی چەک و ماددە هۆشبەرەکان بۆ حووسییەکان و دەستەبەرکردنی ئەمنییەتی ئاوەکانی باشووری یەمەن بەردەوام دەبن.