کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران؛ لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا لانیکەم ١١٤ زیندانی لەسێدارە دراون

12:13 - 5 جۆزەردان 2723

سزای لەسێدارەدانی لانیکەم ٧ کەسی دیکە بە تۆمەتەکانی وەک مادەی هۆشبەر و کوشتن لە زیندانەکانی کرمان، جیرۆفت، ئیسفەهان، سنە و ورمێ جێبەجێ کران.

بەپێی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ، ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی جۆزەردان، دوابەدوای شەپۆلی ئێعدامەکان لە ئێران، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی جۆزەردان، لانیکەم حەوت کەسی دیکە لە زیندانەکانی جیرۆفت، ئیسفەهان، کرمان و ورمێ بە تۆمەتی مادەی هۆشبەر و کوشتن لەسێدارە دراون.

جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە ساڵی ڕابردوودا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشووتر، ٨٠ لەسەد زیادی کردووە. ئەمساڵیش لەسێدارەدانی زیندانییان خێراتر و زەبری زیاتری بەخۆوە گرتووە، بە جۆرێک کە تەنیا لە مانگی بانەمەڕدا لانیکەم ١١٤ زیندانی لەسێدارە دراون.

"هێرانا" پێشتر لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا باسی لەوە کردبوو کە لە ساڵی ١٤٠١دا لانیکەم ٦١٧ کەس لەسێدارە دراون کە ٦ کەسیان منداڵ بوون و دوو کەسیان لە شوینی گشتی لەسێدارە دراون.

شەپۆلی بەربڵاوی ئێعدامەکان لە ئێران کاردانەوەی بەربڵاوی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیی لێ کەوتووەتەوە و لە زۆر حاڵەتدا ڕەخنەگران خوازیاری جێبەجێکردنی ڕێوشوێنی سزا دژی کۆماری ئیسلامی بوون.

ڕۆژی چوارشەممە ٣ی جۆزەردان، کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامە و ڕاپۆرتی نوێی خۆیدا، داوای لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کرد، دەستبەجێ لەسێدارەدانەکان ڕابگرن.

زیادبوونی ژمارەی ئێعدامەکان لە ئێران لە حاڵێکدایە کە نوێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم دواییانەدا وەک سەرۆکی کۆڕی کۆمەڵایەتیی شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستنیشان کراوە کە کاردانەوەی زۆری لێ کەوتەوە و بە هەوڵێکی "قێزەون" ناویان بردووە.