کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: ئازادکردنی تێرۆریستێک لەلایەن وڵاتێکی ئورووپاییەوە، هەموو بنەماکانی مافی مرۆڤ دەباتە ژێر پرسیارەوە

10:53 - 6 جۆزەردان 2723

بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکرات، سەبارەت بە ئازادکردنی تێرۆریست ئەسەدوڵڵا ئەسەدی، لە تویتێکدا نووسی: ئازادکردنی تێرۆریستێکی کۆماری ئیسلامی لەلایەن وڵاتی بێلژیکەوە بووەتە هۆی نیگەرانیی زۆری ئێمە و ئەو کارەی وڵاتی بێلژیک هەموو بنەماکانی مافی مرۆڤی بردووەتە ژێر پرسیارەوە.

کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆژی هەینی ٥ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە کاردانەوە بە ئازادکردنی تێرۆریست "ئەسەدوڵڵا ئەسەدی" لە تویتێکدا نووسی: ئەسەدوڵڵا ئەسەدی لە دادگایەکی بێ‌لایەندا لە بێلژیک بە تاوانی تێرۆریستی سزای ٢٠ ساڵ بەندکرانی بۆ بڕدرابووەوە. ئازادکردنی ئەو لە بری ئازادیی هاووڵاتییەکی بێلژیکیی بەبارمتەگیراو لە ئێران، نیشاندانی گڵۆپی سەوزە بە ڕێژیمی ئێران بۆ تێرۆرکردنی چالاکانی سیاسیی دژبەری دەسەڵاتەکەی لە دەرەوەی وڵات.

بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزب لە کۆتاییدا ڕایگەیاند کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، یەکێک لە قوربانییانی تێرۆریزمی دەوڵەتیی ڕێژیمی ئێرانە لە دەرەوەی وڵات و ئەو کارەی وڵاتی بێلژیک جارێکی دیکە وەبیری ئێمە دێنێتەوە کە مافی مرۆڤ دەتوانێت ببێتە قوربانیی ڕێککەوتنە سیاسییەکان، تەنانەت لە وڵاتێکی دێموکراتی ئورووپایی وەک بێلژیک.