کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەخرەدین ئیبراهیمی کوڕی مەحیەدین ئیبراهیمی، زیندانی سیاسیی لەسێدارەدراو، سزای زیندانی بەسەردا سەپێندرا

16:01 - 6 جۆزەردان 2723

فەخرەدین ئیبراهیمی، کوڕی مەحیەدین ئیبراهیمی، حوکمی ساڵێک زیندانی تەعزیری و دوو ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ''کوردپا''، فەخرەدین ئیبراهیمی، کوڕی مەحیەدین ئیبراهیمی، زیندانیی سیاسیی لەسێدارەدراو، بە تۆمەتی "شکاندنی شووشەی دەرگای نیگابانیی دادگای پێداچوونەوە''، حوکمی ساڵێک زیندانی تەعزیری و دوو ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراوی بەسەدا سەپێندرا.

ناوبراو سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگا ناڕەزایەتیی دەربڕیوە و دۆسییەکەی بۆ پێداچوونەوە ڕەوانەی دادگا کراوەتەوە.

ڕۆژی سێشەممە ١٥ی خاکەلێوە، ئەم هاووڵاتییەی خەڵکی شنۆ بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

فەخرەدین ئیبراهیمی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠١، ڕۆژێک پێش لەسێدارەدانی باوکی، لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی هەینی ٢٦ی ڕەشەمە، بە دانانی بارمتە  ئازاد کرابوو.

ڕۆژی هەینی ٢٦ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠١، مەحیەدین ئیبراهیمی، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شنۆ، لە زیندانی ورمێ لەسێدارە درا و کۆماری ئیسلامی ئامادە نەبوو تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی بکات و ناوبراو لە شوێنێکی نادیاردا بە خاک سپێردرا.