کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کانادا؛ خۆپیشاندانێک دژی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی بەڕێوە چوو

11:16 - 7 جۆزەردان 2723

خۆپیشاندانێک بۆ شەرمەزاركردنی كۆماری ئێسلامیی ئێران و بەتایبەت بۆ مەحكوومكردنی لەسێدارەدانی ئازادیخوازان لە كوردستان و سەرانسەری ئێران لەلایەن کۆماری ئیسلامییە، لە ڕوژاوای كانادا بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ٦ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە ''ئارت گالری'' لە سەنتەری شاری ڤانكۆڤێری كانادا، خۆپیشاندانێک بە بەشداریی ژمارەیەک لە كوردستانییان و نەتەوەكانی دیكەی ئێران دانیشتووی ئەو شارە، بە هەڵگرتنی وێنەی لەسێدارەدراوان و شەهیدانی شۆڕشی ژینا، بەڕێوە چوو.

لەو خۆپیشاندانەدا ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ئاڵای كوردستان و هەڵگرتنی وێنەی شەهیدانی كوردستان و هەروەها وتنی سروودی كوردی، چالاکانە بەشدار بوون.

لە دەستپێکی شۆڕشی ژینا، کوردستانییان و نەتەوەکانی دیکەی ئێران لە وڵاتی کانادا بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و مەحکوومکردنی جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران، بە شێوەیەکی بەردەوام لە ڕۆژانی شەممەدا کۆبوونەوە و خۆپیشاندانیان بەڕێوە بردووە و سەرنجی بەرپرسانی ئەو وڵاتەیان ڕاکێشاوە.