کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە نۆرۆێژ خۆپیشاندانێک دژ بە ئێعدامەكان لە ئێران بەڕێوە چوو

11:02 - 8 جۆزەردان 2723

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٦ی جۆزەردان، بە بەشداریی ١٠ حیزب و ڕێکخراوی سەر بە نەتەوەکانی ئێران، خۆپیشاندانێکی بەرین لە بەردەم پارلمانی نۆروێژ لە شاری ئۆسلۆ بۆ مەحکوومکردنی ئێعدامەکانی ئەم دواییانە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە و هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بۆ سەر قوتابخانەکان، بەڕێوە چوو.

لەو خۆپیشاندانەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ئاڵای کوردستان و ئارمی حیزبی دێموکرات و وێنەی شەهیدانی ڕاپەڕینی ژینا، بەشدار بوون.

خۆپیشاندان بە خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگەی ئازادی لە ئێران و بە دروشمی ''ژن ژیان ئازادی'' دەستی پێ کرد.

دواتر سیاوەش موباشێری، لە حیزبی سووری نۆروێژ و بەرهەم ئازادی، لە حیزبی سۆسیالیستی چەپی نۆروێژ وتاریان پێشکەش کرد کە هەر دووکیان وێڕای ئیدانەکردنی ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە سیاسەتی سەرکوت و و زیندان و ئێعدامی زیندانییانی سیاسی لە ئێران، هاودەردیی خۆیان لەگەڵ گەلانی ئێران دەربڕی و پشتیوانیی خۆیان لە شۆڕشی گەلانی وەزاڵەهاتووی ئێران لە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەربڕی و داوایان لە دەوڵەت و پارلمانی نۆروێژ کرد کە هەڵوێستی شیاو بەرامبەر بە ڕێژیمی ئێران بگرێتە بەر.

پاشان شانۆیەک لەژێر ناوی "یەکیەتی بۆ ئازادی" بەڕێوە چوو کە پێشوازیی گەرمی خۆپیشاندەرانی لێ کەوتەوە.

لە کۆتاییدا بڕیارنامەی خۆپیشاندەران بە هەر سێ زمانی نۆروێژی، کوردی و فارسی خوێندرایەوە کە لەم بڕیارنامەیەدا وێڕای ئاماژەدان بە شۆڕشی ژینا لە ٨ مانگی ڕابردوو و جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی، داواکانی خۆیان ڕوو بە کۆمەڵگەی نۆروێژ و جیهانی دەرەوە لە چوار خاڵدا باس کرد کە بریتی بوون لە: "هەڵوەشانەوەی حوکمی ئێعدام لە ئێران، ئازادیی بێ مەرجی هەموو زیندانییانی سیاسی و عەقیدەتی، ڕاوەستانی هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکان لە ئێران لەلایەن ڕێژیمەوە، سپای پاسداران و هێزە سەرکوتکەرانی ڕێژیم بخرێنە نێو لیستی تێرۆرەوە.''