کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو هاووڵاتیی خەڵکی بانە لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا

11:01 - 9 جۆزەردان 2723

دوو هاووڵاتیی خەڵکی بانە بە ناوەکانی "محەممەد شەریف‌پوور و ڕێبوار تالبی"، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە، هەرکامیان ١٥ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، محەممەد شەریف‌پوور، خەڵکی بانە لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی بانە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم لە بەرژەوەندیی حیزبێکی کوردستانیی دژبەڕی ڕێژیم"، سزای سێ مانگ بەندکرانی تەعزیری و یەک ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە ٣٠ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، لە چوارڕێیانی سالح‌ئاوای بانە بەبێ هیچ بەڵگەیەکی قەزایی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کرابوو و بۆ لێکۆڵینەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری سنە گواسترابووەوە

محەممەد شەریف پوور، پاش کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکەی، بۆ بەندیخانەی ڕێژیم لە شاری بانە گوسترابووەوە و ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرابوو.

هەروەها هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی بانە بە ناوی "ڕێبوار تالبی"، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ڕێژیم لە شارەی بانە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم لە بەرژەوەندیی حیزبێکی کوردستانیی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران" سزای سێ مانگ بەندکرانی تەعزیری و یەک ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندرا.

 ئەو هاووڵاتییە کوردە ٣٠ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لە چوارڕێیانی سالح‌ئاوای بانە بەبێ هیچ بەڵگەیەکی قەزایی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر و بۆ لێکۆڵینەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری سنە گواسترابووەوە.