کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەنابەرێکی کورد دژی پەیماننامەی لۆزان لە ئاڵمانەوە هەتا سویس بە پێ دەپێوێت

10:58 - 10 جۆزەردان 2723

ئیسماعیل جەعفەری ناسراو بە "بژیر کوردستانی"، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی گەلێن سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە کە ساڵی ٢٠١٨ی زایینی ڕووی لە وڵاتی ئاڵمان کردووە، بە دژی پەیماننامەی ''لۆزان'' کە سەد ساڵ لەمەوپێش بە دژی کوردستان واژۆ کرا، لە ئاڵمان هەتا سویس بە پێ دەپێوێت.

ئیسماعیل ئەم ڕێپێوانەی ڕێکەوتی ١ی جۆزەردان، لە شاری ''بیکنباک''  لە وڵاتی ئاڵمانەوە دەست پێ کردووە و بە "کوردستان میدیا"ی ڕاگەیاند کە ئەگەری هەیە ٣ یان ٤ ڕۆژی دیکە بگاتە شاری لۆزان لە وڵاتی سویس و سەبارەت بەو زوڵم و ستەمەی کە لە کورد کراوە، مان بگرێت.

ناوبراو هەروەها لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا باسی لەوە کردووە: ''لەپێناو ئەو ناحەقییانەی وڵاتە زلهێزەکان و داگیرکەرانی کوردستان بە درێژایی ئەم سەد ساڵەی پەیماننامەی لۆزان بەسەر نەتەوەی کوردیان هێناوە، ئەو چالاکییە بەڕێوە دەبەم.''

ئەو پەنابەرە کوردە ڕایشیگەیاند: ''ئەم چالاکییەی من بۆ ئەوەیە هاندەرێک بم هەموو کورد بەبێ جیاوازیی باوەڕ و ئایدیۆلۆژی و زاراوە، یەکگرتووانە بۆ مەحکوومکردنی ئەم پەیماننامە شوومە بێنە سەر شەقام."

ئیسماعیل جەعفەری، تەمەن ٢٧ ساڵ، پێشتر نزیک بە ٣ ساڵ پێشمەرگەی کوردستان بووە و لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا خەباتی کردووە.