کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خاوەندارێتی کردن لە شۆڕش و ترسی ڕێژیم

12:12 - 10 جۆزەردان 2723

شەماڵ تەرغیبی

لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا بەداخەوە بە دەیان لاوی خۆپیشاندەر و ناڕازی، تەنیا بەهۆی مافویستییان و سەر نەوی نەکردن بۆ زوڵم بەدەستی کۆماری ئیسلامی شەهید کران؛ یەکێک لە خاڵە گرینگەکانی ئەم شۆڕشە کە ڕەنگە بتوانین وەک خاڵی جیاکەرەوەی شۆڕشی ژینا لەگەڵ باقی بزووتنەوە و شۆڕشەکانی پێش لە خۆی سەیری بکەین چەشنێک لە خاوەندارێتی کردن لە شۆڕشەکە لەلایەن بنەماڵەی شەهیدانی ئەم قۆناغەوەیە؛ پرسێک کە لە چەند ڕەهەندەوە گرینگی هەیە: یەکەم ڕێگریکردن لە بەتاڵانبردنی دەسکەوتەکانی شۆڕش لە داهاتوودا، دووهەم هۆکارێک بۆ بەردەوامبوون لە شۆڕش و سێهەم چێکردنی جۆرێک لە ترس و فۆبیا لە دڵی دوژمن کە پێی دەڵێ ئەم شۆڕشە تووشی نسکۆ و ڕووخان نابێت و کۆتاجار بە ئاکام دەگات.

لەسەر ئەم بنەمایەیە کە دەبینین کۆماری ئیسلامی هەم لە ڕەوتی شۆڕشەکەدا و هەم ئێستەش لەپاش کزبوونی بەردەوام لە هەوڵی بەلاڕێدابردنی شۆڕشەکە و ئامانجەکانیەتی. لێرەدا دوو نموونەی بەرهەست کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕوویان داوە دەخەینە بەر چاو. یەکەم گڵکۆی شەھید ژینا ئەمینی کە بووەتە مەکۆیەک بۆ کۆبوونەوە و ناڕەزایەتیدەربڕین دژی ڕێژیمی ئێران، لەلایەن ھێزە سەرکوتکەرەکان و بەشی شارەوانیی شاری سەقز، پیلانی تێکدان و لابردنی لەئارادایە.

بەپێی دواهەواڵ و ڕاپۆرتەکان شارەوانیی سەقز بڕیاری داوە کە دەرکی سەرەکی و گەورەی گۆڕستانی ئایچیی سەقز کە تەرمی شەهید ژینا و چەند شەهیدی دیکەی سەقز لەوێدا نێژراوە دابخرێت و ھیچ کەسێک مافی ئەوەی نەبێت ماشین بباتە نێو گۆڕستانەکەوە هەتا خەڵک بۆ سەر قەبران نەچن و سەردانی ئەو مەزارە و مەزاری باقیی شەھیدان نەکەن.

ئەوەی ڕوونە لە نێوان دەرکی سەرەکیی گۆڕستانەکە هەتا خودی ئەو گۆڕستانە مەودایەکی یەکجار زۆرە و بە داخستنی دەرکی ئەو گۆڕستانە و ڕێگریکردن لە چوونی ماشین بۆ نێو گۆڕستانەکە، دەیانهەوێت خەڵک لە چوون بۆ سەرقەبران پاشگەز بکەنەوە.

ئێستەش شارەوانیی شاری سەقز بە ھاوکاریی فەرمانداریی ڕێژیم لەو شارە، لە پیلانێکدا دەیانهەوێت پیادەڕەوێک لەنێو گۆڕستانەکە دروست بکەن کە بە تەنیشت گڵکۆی شەھید ژینادا تێدەپەڕێت و ئامانجیشیان ئەوەیە کە لە کاتی سازکردنی پیادەڕەوەکەدا، بە ھەر جۆرێک بێت، گڵکۆی ئەو شەھیدە تێک بدەن.

ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئەوەیکە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دوو جار شووشەی سەر گڵکۆی ژینا ئەمینی شکێندراوە.

لە دوای قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی، هەتا ئێستا بە دەیان جار خەڵکی ئازادیخواز لەسەر گڵکۆی ناوبراو کۆ بوونەتەوە و خۆپیشاندانیان دژی ڕێژیمی ئێران وەڕێ خستووە، ئەمەش وای کردووە کە ڕێژیم بۆ تێکدانی گڵکۆی ژینا پیلان دابڕێژێت.

هاوکات لەگەڵ ئەم هەوڵە نەزۆکە لە ئێستادا کۆماری ئیسلامی لەوپەڕی ڕووهەڵمالڕاویدا پێوەندی بە بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژیناەوە دەکات و دەیهەوێت خوێنی لاوانی شەهید بە بنەماڵەکانیان بفرۆشێتەوە.

ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەمبارەوە ئاشکرای کردووە پاش ئەوەیکە دەیان لاوی ناڕازی کە لە شۆڕشی ژینادا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بە تەقەی ڕاستەوخۆ یان لە زیندانەکاندا لەژێر ئەشکەنجەدا شەهید کران و ئەمە بووەتە پەڵەیەکی ڕەشی دیکە بە نێوچاوانی ڕیژیمەوە، ئێستە دەیهەوێت خوێنی ئەو شەهیدانە بە بنەماڵەکانیان بفڕۆشێتەوە و بنەماڵەکانیان بێدەنگ بکات، بەڵام بنەماڵەی شەهیدان بەوە ڕازی نابن و داوای سزای بکوژانی ڕۆڵەکانیان دەکەن.

لەو پێوەندەییەدا دایکی شەهید محەممەد ئەمینی کە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە شەقامی کارگەر لە سنە لە کۆڵانی خۆیاندا شەهید کرا، لە گرتە ڤیدیۆیەکدا باس لەوە دەکات: سەبارەت بە خوێنی بەناحەق ڕژاوی کوڕەکەمان سکاڵامان تۆمار کردووە و دۆسییەکەمان دراوە بە دادگای نیزامی کە هیچکەس وڵامدەر نین.

ناوبراو دەڵێت: ''لە فەرماندارییەوە پێوەندییان پێوە گرتووین کە وەرن پارەی خوێنی کوڕەکەتان وەربگرن، بەڵام قەبووڵم نەکردووە و بە هیچ شتێک ڕازی نابم، تەنیا دەبێ بکوژی کوڕەکەم بدۆزرێتەوە و سزا بدرێت.''

ئەم دوو نموونە دەرخەری ئەو ڕاستی و کەتوارەن کە ئاماژەمان پێکرد؛ واتە پاش ئەوەیکە خەڵکی کوردستان و بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕش، ئیزنیان نەدا کۆماری ئیسلامی تەرمی ڕۆڵەکانیان بڕفێنێت و بە نهێنی بیاننێژێ و بێدەنگی زاڵ بێ بەسەر ئەم جینایەتانەدا دەبینین کە ناوە بە ناوە و لە بۆنەی جۆراوجۆری وەک ساڵڕۆژی لەدایکبوونی شەهیدەکان خەڵکی کوردستان لەسەر گڵکۆکەیان کۆ دەبنەوە و پەیمان و بەڵێن لەگەڵ ڕێ و ڕێبازی شەهیدان نوێ دەکەنەوە کە ئەمە بووەتە هۆکارێکی بەهێز بۆ زیندوومانەوەی شۆڕش و سازکردنی ئیرادەیەکی گشتی لە نێو کۆمەڵگا کە تێیدا ئەرک بۆ خەڵک دیاری دەکات؛ ئەرک لەپێناو بەردەوامبوون و کۆڵنەدان، ئەرک بۆ بەئامانجگەیاندنی شۆڕشێک کە هاوڕێ و هاوڕێباز و هاووڵاتییەکانیان ئامادە بوون خوێن و گیانی خۆیانی پێشکەش بکەن. هەر ئەم گیانی یەکبوون و یەکگوتارییەشە کە ترس و دڵەڕاوکێیەکی وەهای خستۆتە دڵی دوژمنەوە کە کرداری وەک تێکدانی گڵکۆی شەهیدەکان ئەنجام بدات یان ئامادە بێت دیسانەوە سنوورە ئەخلاقییەکان ببەزێنێت و پێشنیاری پارە بدات بۆ وازهێنانی بنەماڵەکان لە داواکانیان لەمەڕ بەسزاگەیاندنی بکوژان؛ کەواتە ئەوەیکە لێرەدا گرینگە جەختی لێ بکرێتەوە لەڕاستیدا بەتەنیا نەهێشتنەوەی بنەماڵەی شەهیدەکانمانە و وەک چۆن تا ئێستەش سەلماندوومانە نابێ بهێڵین ڕێژیم سەودا بە خوێنی بەناحەقڕژاوی ڕۆڵەکانمانەوە بکات.