دەزگای دادوەریی ڕێژیم لە شاری سنە بۆ ئازادکردنی کاتیی هەشت چالاکی کرێکاری و مەدەنیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی ئەو شارە، داوای دانانی بارمتەی قورس دەکات.
بەپێی ڕاپۆرتی "هەنگاو"، دەزگای دادوەریی ڕێژیم لە شاری سنە بۆ ئازادکردنی کاتیی هەشت چالاکی کرێکاری و مەدەنیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی ئەو شارە بە ناوەکانی "کەماڵ کەریمی، شادمان عەبدی، عەبدوڵڵا خەیرئابادی، سیروان مەحموودی، ئیقباڵ پێشکاری، هاجەر سەعیدی، خەبات مەحموودی و حەبیبوڵڵا کەریمی" داوای دانانی بارمتەی قورس دەکات و لەم نێوەدا تەنیا خەبات کەریمی توانیویەتی بارمتەیەکی چەند میلیارد تمەنی بۆ ئازادیی کاتیی خۆی دابین بکات.
بەهۆی دانرانی مەرجی بارمتەی قورسی چەند میلیارد تمەنی، ئەم حەوت چالاکە کرێکارییە هێشتا دەسبەسەرن و ڕێگری لە ئازادیی کاتییان دەکرێت و تەنیا خەبات مەحموودی لەنێو ئەم هەشت چالاکە کرێکاری و مەدەنییە توانیویەتی بڕی بارمتەی داواکراو دابین بکات و بە شێوەیەکی کاتی ئازاد بکرێت.
لە دوای هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم بۆ سەر ماڵی فەرشید عەبدوڵڵاهی، باوکی لاوی گیانبەختکردوو، هوومەن عەبدوڵڵاهی، دوای لێدان و کووتانی ئەم هەشت هاووڵاتییە، لەلایەن ئەو هێزانەوە دەسبەسەر کرابوون.
ئەو هاووڵاتییانە، شەوی ٢٧ی بانەمەڕ، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرابوون.