کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەسێدارەدانی ١٩ زیندانیی بەلووچ لە ماوەی ٥ ڕۆژدا

17:40 - 14 بانەمەڕ 2723

ڕێژیمی ئێران لە ڕاستای پێکهێنانی کەشێکی تۆقێنەر و خەفەقانی زیاتر، لە ماوەی ٥ ڕۆژدا ١٩ بەندکراوی بەلووچی لەسێدارە داوە.

ئەمڕۆ ١٤ی بانەمەڕ حوکمی لەسێدارەدانی زیندانییەکی دیکەی بەلووچ جێبەجێ کرا؛ بەمەش ژمارەی ئەو بەلووچانەی لە ٥ ڕۆژی ڕابردوودا لەسێدارە دراون، گەیشتە ١٩ کەس. 

هەندێک لە گرووپەکانی مافی مرۆڤ، خێراکردنی لەسێدارەدانی زیندانییانی بەلووچیان، بە "سیاسەتی فەرمیی ڕێژیم بۆ دروستکردنی کەشی تۆقێنەر و هەڕەشەئامێز لەنێو ناڕازییانی پارێزگای سیستان و بەلووچستان" ناو لێ بردووە.

لە ڕێکەوتی ٩ی بانەمەڕی ساڵی ١٤٠٢ـەوە هەتا ئێستا، لانیکەم ١٩ هاووڵاتیی بەلووچ بە تۆمەتی پێوەندیدار بە تاوانی ماددە هۆشبەرەکان و کوشتن، لەسێدارە دراون کە دوو کەسیان ژن بوون.

"کەمپەینی چالاکانی بەلووچ" شەپۆلی نوێی لەسێدارەدانی زیندانییانی بە سیاسەتێکی فەرمیی ڕێژیم زانی و نووسیویەتی کە پێشتریش لە چەند قۆناغێکدا لە ماوەی دیاریکراودا و لە شێوەی شەپۆلێکی هاوکاتدا لەسێدارەدان ئەنجام دراوە.

هەروەها بەشێک له بەکارهێنەرانی  تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە هەڵمەتێکی تویتێریدا لەسێدارەدانی ئەو کەسانەیان بە "ژینۆسایدی بەلووچ" ناو لێ برد و داوای ڕاگرتنی کوشتنی ئەو هاووڵاتییانەیان کرد.

ماڵپەڕی ''حال وەش'' کە ھەواڵەکانی سیستان و بەلووچستان ڕووماڵ دەکات، بە پشتبەستن بە لێدوانی کەسوکاری ئەو زیندانییانە، نووسیویەتی کە ئەوان لەژێر گوشاردا دانپێدانانی زۆرەملێیان لێ وەرگیراوە و کەموکوڕی و ناڕوونی لە دۆسیەکانیاندا ھەبووە، کە سیستەمی دادوەری پشتگوێی خستووە و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەر کردوون.