سەلام ئیسماعیل پوور
١٢ی بانەمەڕی هەموو ساڵێک وەبیرهێنەری خەبات و گیانبازیی شەهید سمایل شەریفزادە و پۆلێک لە تێکۆشەرانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستانە کە بێ گوێدانە تەنگ و چەڵەمەکان و تەنیا بە پشتبەستن بە ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی خۆیان مێژوویەکی نوێیان لە حەماسە و ئازایەتی خوڵقاند و بوونە سەرچەشنێک بۆ نەوەکانی دوای خۆیان و سەلماندیان کە مرۆڤی شۆڕشگێڕ دەبێ هەوڵ بدا بۆ خۆی خوڵقێنەری دۆخی دڵخواز بێت و هیچ هەلومەرجێک نەکاتە پاساو بۆ پاسیڤبوون و بێ کاریگەربوون لەسەر هاوکێشەکانی کۆمەڵگا و هیچ کات ئیرادەی پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ژیان بە پێشمەرج و لەمپەر و ئەگەرەکانەوە گرێ نەدات.
شەریفزادە دەنگی بەرزی زانکۆ و شەقام، خاڵی بە یەکگەیشتنی بزووتنەوەی ڕووناکبیری و خوێندکاری و بزووتنەوەی چەپی دژە کۆڵۆنیاڵیستی و بزووتنەوەی سیاسی نەتەوەیی کورد و شریخەی چەکی پێشمەرگە لە دڵی چیاکان لە قۆناغێکدا بوو کە هەیمەنەی دیکتاتۆری و داگیرکاریی فاشیزمی پەهلەوی لە هەموو ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات لەوپەڕی خۆیدا بوو.
شەریفزادە وەکوو یەکێک لە هێماکانی بزووتنەوەی پارتیزانیی ٤٧- ١٣٤٦ بە ئیلهام وەرگرتن لەو هەموو باکگراوندە هزری و ڕووناکبیرییانەی خۆی ڕۆڵێکی گرینگی لە بەرەوپێشبردن و پەرەدان بە ڕادیکاڵیزمی شۆڕشگێڕانە و پێشکەوتنخوازیی بزووتنەوەکەدا بوو کە هەر ئەوەش دواتر بوو بە هۆی مانەوەی لە هزر و بیرگەی مێژوویی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورددا و وەکوو ڕچەشکێنی نێو سەهۆڵبەندانی خەفەقان، ڕێگای بۆ هزر و قەڵەمە شۆڕشگێڕ و نوێخوازەکانی دوای خۆی کردەوە.
ئەو ڕاپەڕینە بۆ کوردستان خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی و گرینگ بوو، چونکە پاش کارەساتی ڕووخانی کۆماری کوردستان، شەپۆلی دەستبەسەرکردن و ئاشکرابوونی تیمە تەشکیلاتییەکانی حیزبی دێموکرات کە پاش برینی قورسی نسکۆی کۆمار لە هەوڵی هەستانەوە و بنیاتنانەوەی خۆیدا بوو، بڕستی لە بزووتنەوەی سیاسیی کوردستانی ڕۆژهەڵات بڕیبوو. لە باشووری کوردستانیش بزووتنەوەی کورد لەوپەڕی گرێدراویی بەرژەوەندی و چارەنووسی خۆی لەگەڵ سیاسەتی بەرژەوەندیخوازانەی دەسەڵاتدارانی ئێران بوو و بە کردەوە هەوڵی دەدا هەموو پۆتانسێلی شۆڕشگێڕانەی تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵات بە قازانجی ئەو هاوپەیمانێتییە بتوێنێتەوە و لە ڕاستیدا دۆخی شۆڕشگێڕانی ڕۆژهەڵات لە باشووری نیشتمانیش زۆر باشتر لە دیوی ڕۆژهەڵات نەبوو.
ئەوە یەکەم ئەزموون لە مێژووی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی مۆدێڕنی کورد لە ڕۆژهەڵاتدا بوو کە پێشمەرگە وەکوو هێزێکی پارتیزانی لە بەرانبەر داگیرکەردا ڕادەوەستا، چونکە شەڕەکانی پێشووتری هێزی پێشمەرگەی کۆمار شەڕی جبهەیی بۆ پاراستنی سەروەریی نیشتمانی و کیانی سیاسیی گەلی کوردستان بوو. بۆیە لەم سۆنگەیەشەوە دەکرێ پێشەنگەکانی بزووتنەوەی ٤٧-٤٦ بە دەستپێشخەر و ڕێنوێنێک بۆ شێوەی خەباتی نەسڵەکانی دوای خۆیان پێناسە بکەین.
لە ئاستی ئێرانیشدا ڕێژیمی حەمەڕەزا شا پاش کوودەتای ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٣٢ و سەرکوتی هەموو لایەنە سیاسییەکان و زاڵبوون بە سەر ڕاپەڕینەکاندا، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت خۆی لەوپەڕی بەهێزیدا دەبینی. حیزبی توودە وەکوو مەزنترین حیزبی چەپی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تەواوی تەفروتونا کرابوو، ڕێکخستنەکانی هەڵوەشابوونەوە و کادرەکانی زیندانی کرابوون، ڕێکخراوی بەهێزی ئەفسەرانی ئەو حیزبە لە نێو چووبوو و ڕێبەرانی ئاوارەی هەندەران ببوون، جبهەی میللی وەکوو بەهێزترین حیزبی نەتەوەپەرستی ئێران بە هەمان چارەنووسی حیزبی توودە چووبوو. خۆپیشاندانی ناڕەزایی سەرەتاکانی دەیەی ٤٠ی هەتاوی لە لایەن توێژی مەزهەبی و بە پاڵپشتیی بازاڕ و فیۆداڵەکانی ناڕازی لە چاکسازییەکانی ناسراو بە شۆڕشی سپی سەرکوت کرابوو. تەنانەت نەتەوەخوازە لیبراڵەکانی وەک عەلی ئەمینی، سەرۆک وەزیرانی دڵخوازی ئەمریکا کە لە دەسەڵاتدا بوون لە کار لادرابوون.
لە وەها هەلومەرجێکدا کە ڕێژیمی شا پێی وابوو بەهۆی چاکسازیی زەوی و زار و شۆڕشی سپی، لە ڕووی هزری و گوتاریشەوە لایەنە چەپەکانی لە هەر چەشنە توانا و کاریگەرییەک داماڵیوە و لە ڕاستیدا بەستێنەکانی شۆڕشی زەحمەتکێشانی لە ناو بردووە، لە سەرانسەری جیهاندا لە بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکانی ڕەش پێستەکان، ژنان و بزووتنەوەی دژ بە شەڕی ڤێتنام لە ئەمریکاوە بگرە تا بزووتنەوە ڕووناکبیری و خوێندکارییە چەپ و ڕادیکاڵەکانی ئوروپا، لە ڕاپەڕینی خەڵکی چێکۆسلۆڤاکی دژ بە کۆمۆنیزمی سۆڤێتی لە ڕەوتی بزووتنەوەی ناسراو بە بەهاری پراگ تا بزووتنەوە پارتیزانییەکانی ئەمریکای لاتین، لە بزووتنەوە دژە کۆڵۆنیالیستی و ڕزگاریخوازانەکانی گەلانی ئەفریقا تا ئاڵوگۆڕەکانی شۆڕشی چین و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا خەباتی فەلەستینییەکان و شەڕی نێوان نەتەوەخوازانی عەرەب بە سەرکردایەتیی جەمال عەبدولناسر دژ بە ئیسراییل و شۆڕشەکانی زەفاری عوممان و کوردستانی باشوور، بڵێسەی ئاگری ڕاپەڕین و شۆڕش دژ بە کۆڵۆنیاڵیزمی دەرەکی و سەرەڕۆیی و چەوسانەوەی نێوخۆیی هەموو دنیای گرتبووەوە.
لە وەها هەلومەرجێکدا کە سۆڤێت وەکوو جەمسەری بلۆکی چەپ، لە دوای مردنی ستالین و هاتنەسەرکاری خروشچۆف سیاسەتی بەخۆداچوونەوەی گرتبووە پێش، پێشەنگایەتیی مۆسکۆ و مانیفێستی شۆڕشی حیزبە چەپەکانی هەڵگری ڕێبازی سۆڤێت وەک حیزبی توودەی ئێرانیش چووبووە ژێر پرسیار و سیما و پرێستیژی شۆڕشگێڕانەیان کاڵ ببووەوە و سەرچەشنایەتیی شۆڕشی چین واتە دەستپێکردنی شۆڕش لە گوندەکانەوە و گەمارۆدانی شارەکان کە هاندەرێک بۆ خەباتی پارتیزانی بوو، ببووە گوتار و سەرچەشنی باوی شۆڕش لە سەرانسەری جیهاندا و پارتیزانەکان کە زیاتر سەر بە توێژی جووتیاران و زەحمەتکێشانی گوندەکان بوون پێگە و ڕۆڵی چینی کرێکاریان وەکوو پێشڕەوی شۆڕش بۆ ئاڵوگۆڕی بنچینەیی و ڕادیکاڵ وە ئەستۆ گرتبوو.
لە وەها بارودۆخێکدا بزووتنەوەی خوێندکاریی ئێرانیش کە لە دۆخی نیمچەکراوەی سەرەتای دەیەی ٤٠ی هەتاویدا هەلێکی بۆ چالاکی و خۆنواندن بۆ ڕەخسابوو، لە کاریگەریی ئەم هەلومەرجە ڕادیکاڵە شۆڕشگێڕانەیە بەدەر نەبوو. ئەو خوێندکارانەی کە چاوەدێریی وردی ئاڵوگۆڕەکان و دۆخی شۆڕشیان لە جیهاندا دەکرد و لە بەرانبەر خەمساردی و پاسیڤبوونی خروشچۆف و کۆمۆنیزمی ڕووسی لەو بەستێنە شۆڕشگێڕییەدا، سەرنجیان بۆ هێندێک نموونەی باڵکێشتری خەبات ڕادەکێشرا کە سیماکانی وەک مائۆ، هووشی مین، کاسترۆ و چەگوارا پێشکەشیان دەکرد، دۆخی سیاسیی داخراوی نێوخۆی وڵات و وەڵامدەر نەبوونی گوتاری حیزبە گەورەکانی وەک توودە و جبهەی میللی و داخرانی ڕێگاکانی چالاکیی سیاسیی یاسایی، ئەوانی تووشی بێهیوایی دەکرد و بەرەو ئاڵوگۆڕێکی هزری و تیۆریک پاڵی پێوە دەنان و ڕوویان لەو شێواز و نۆرمە نوێیەی خەبات دەکرد کە لە ئاستی جیهانی و لە وڵاتانی دەوروبەردا لە پەرەسەندندا بوو.
لەسەر بنەمای ئەو ئاڵوگۆڕە تیۆریکەیە کە هەر لە نێو زانکۆکان و لقی خوێندکاریی حیزبەکانی وەک توودە و نەهزەتی ئازادییەوە، کۆمەڵێک حیزبی نوێی وەک موجاهیدینی خەلق، فیداییانی خەڵک و کومیتەی شۆڕشگێڕیی حیزبی توودە (کە دواتر ناوی گۆڕدرا بە حیزبی ڕەنجبەرانی ئێران) سەریان هەڵێنا کە بانگەشەیان بۆ شێوازە ڕادیکاڵەکانی خەبات و بە دیاریکراوی بزووتنەوەی پارتیزانی دەکرد.
لەم نێوانەدا خوێندکارانی کوردیش کە وێڕای شوێندانەریی گوتاری زاڵی جیهانی، لە ڕابردووی خەبات و نەریتی شۆڕشگێڕانەی لەمێژینەی کوردستانیش ئیلهامیان وەردەگرت، لە ڕیزی چالاکانی پێشڕەوی ئەو گۆڕانکارییە هزری-کردارییە لە نێو زانکۆکاندا بوون کە دواتر کاریگەرییان لەسەر بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کوردستانیش دانا. شەریفزادە یەکێک لە بژاردە دیارەکانی نێو ئەم توێژەیە کە لە نامەیەکدا کە لێی بەجێ ماوە دەڵێ:
“ئەمڕۆ توفانێکی بە تەوژمی شۆڕشگێرانە سەرانسەری وڵاتەکەمانی داگرتووە، کۆمەڵانی خەڵک هاتوونەتە سەر ئەوەی کە تەنیا ڕێگەی ڕزگاری دەستدانە چەک و وەشاخ کەوتنە. ڕێگەی ڕزگاریی هەموو نەتەوە ژێردەست و چەوساوەکان هەر ڕێگەی ڕاپەڕینی کۆمەڵانی زەحمەتکێشە، واتە شەڕی پارتیزانی کە لە پێشدا دەبێ لە دێهاتەوە دەست پێ بکرێ و کۆمەڵانی هەراوی جوتیارە تێکۆشەرەکان هان بدا بۆ خەباتی چەکدارانە”.
هەڵبەت ئەو ئۆگرییە جیهانییە بۆ ڕادیکاڵیزم لە هزر و کردەوەدا کە لە ژێر کاریگەریی قووڵی بەستێنی دووجەمسەری و هێڵە ڕوونەکانی جیاکەرەوەی چەوسێنەر-چەوساوە یان کۆڵۆنیاڵیست-بە کۆڵۆنیکراودا بوو، لە ئێراندا تا کۆتاییەکانی دەیەی ٤٠ی هەتاوی نەیتوانی ببێتە هۆی سەرهەڵدانی بزووتنەوە یان چالاکییەکی چەکدارانەی ئەوتۆ و تەنیا کاتێک کە ڕاپەڕینی چەکداریی کوردستان بە ڕێبەرایەتیی خەباتکارانی وەک شەریفزادە، مەلا ئاوارە، برایانی موعینی، مەلا مەحموود زەنگەنە، نحۆی شکاک و... هەڵگیرسا و بۆ ماوەی هەژدە مانگ بەرخۆدانی ئازایانەی لە بەرانبەر هێزی چەکداریی پۆشتە و پەرداخی ڕێژیمدا کرد، خەباتکارانی ناوچە جیاوازەکانی ئێرانیش وە خۆ کەوتن و بە ئیلهام وەرگرتن لە شەریفزادە و هاوڕێیانی، هێندێک سەرهەڵدانی پارتیزانیی بەرتەسکی وەک "ڕاپەڕینی سیاهکەڵ"یان وەڕێ خست کە هەڵبەت چەند ساڵێک دواتر یەک لە دوای یەک پێگەی کۆمەڵایەتی و توانای چالاکیی خۆیان لە دەست دا و لە نێو بەرداشی پاسیفیزم و لاوازیی خۆیان لە لایەک و دڕندایەتیی دەزگای داپڵۆسینی ڕێژیم و دزەکردنی دەزگا سیخوڕییەکان بۆ نێو ڕیزەکانیان و شەڕی دەروونیی ڕێژیمدا وردوخاش بوون و کەفوکوڵی شۆڕشگێڕییان دامرکایەوە و ئاڵوگۆڕی قووڵ بەسەر ڕوانگە و کرداریاندا هات، بە جۆرێک کە زۆرێک لە ڕێبەران و کادرە دیارەکانی ئەو لایەنانە لە دوای سەرکەوتنی شۆڕش بوونە لایەنگری خومەینی و ئۆگری سیاسەتی بە ناو دژە ئیمپریالیستیی ڕێژیم و خەڵخاڵیی خوێنمژیان وەک قارەمانی شۆڕش و تەنانەت کاندیدای دڵخوازی خۆیان بۆ سەرۆک کۆماری ناساند و پاڵپشتییان لە کوشتار و قەڵاچۆکردنەکانی خەڵکی کوردستان بە دەستی ڕێژیمی دژە مرۆیی کۆماری ئیسلامی کرد و لە بەردەم سندووقەکانی شانۆی فریودەرانەی هەڵبژاردن لە کونسوولخانە و باڵوێزخانەکانی ڕێژیمی تیرۆریستیی ئێراندا بە ملی شۆڕەوە ڕێزیان بەست.
بەڵام بزووتنەوەی پارتیزانیی سەربەرزی کوردستان بەهۆی ناوەڕۆکی مرۆییانە، ڕەسەنایەتی و پابەندبوونی بە جەوهەری یاخیبوونی شۆڕشگێڕانە دژ بە نەزمی داسەپاوی بێگانە و ڕۆحی هەمیشە زیندووی خەبات لە کۆمەڵگای کوردستاندا سەرەڕای هەموو زەبروزەنگ و دڕندایەتیی لەڕادەبەدەری دامودەزگای شەڕ و کوشتار و سیخوڕیی ڕێژیم لە کوردستان، هەروا ئاڵای خەباتی خۆی بە شەکاوەیی ڕاگرت و پێگەی کۆمەڵایەتیی نەک هەر لە دەست نەچوو بەڵکوو بەهێزتریش بوو و هەر بەم دواییانە و لە شۆڕشی ژینادا بوو بە نموونە و سەرچەشنێک بۆ خەباتی شۆڕشگێڕانەی ڕەسەن و ڕاستەقێنە و بێ گرێ و گۆڵ لە سەرانسەری ئێراندا.
ئەگەرچی شەریفزادە لە ئێوارەی ڕۆژێکی خوێناویی گوندی "دارینە"ی بانە لەگەڵ سێ هاوڕێ و هاوخەباتی سەربەرزی خۆی بە دەستی گڵاوی چەکدارانی فاشیزمی پەهەلەوی و کۆمەڵێک جاش و نیشتمانفرۆشی سەرشۆڕ شەهید کرا، بەڵام ورە و ئازایەتیی ئەو شۆڕشگێڕە بلیمەتە، بیروباوەڕە مرۆییەکانی و ئیرادەی لە شکان نەهاتووی بۆ گۆڕانکاری و بەدیهێنانی ئازادی و یەکسانی و باوەڕی قووڵی بە دواڕۆژی ڕزگاری لە داگیرکاری و فاشیزم، خولیا و ئاواتی هەموو کوردێکی شەرەفمەند لەو سەردەمەوە تا هەنووکە بووە و لە خۆڕا نیە کە نموونەکانی وەک ئەو بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر بەردەوام ڕوویان لە زیادبوون کردووە و زیاتر لە چوار دەیەی ڕەبەقە کە لاوان بە ئیلهام وەرگرتن لە ئەو، لە شەقام تا شاخ و لە زانکۆ تا بەندیخانە دوژمنانی ئازادییان وە زاڵە هێناوە و هیچ گۆڕەپانێکی خەبات نیە کە ناوبانگی ئازایەتی و جوامێریی ئەو تێیدا دەنگ نەداتەوە و خەباتکارانی نەسڵەکانی دوای خۆی بە شانازییەوە و بە هاواری پڕ بە گەروویان ناوی نەهێنن.