کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جیاوازیی نەوەکان و بزووتنەوەی سیاسیی ڕۆژهەڵات

21:04 - 15 بانەمەڕ 2723

ڕەزا دانشجوو

پێشەکی

شۆڕشی پیشەسازی و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانی دوای ئەو بوو بە هۆی کۆمەڵێک ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە پێکهاتەی کۆمەڵگەی وڵاتانی جۆراوجۆردا. هەرچەندە سەرەتای ئەم گۆڕانکاریانە بە شێوەیەکی سەرەکی لە وڵاتانی پێشکەوتوودا بوو، بەڵام بەهۆی پەیوەندییە بەرفراوانەکانی نێوان نەتەوە و کولتوورە جیاوازەکان، ئەم گۆڕانکارییانە زۆر زوو گەیشتە وڵاتانی جیهانی سێیەم و کاریگەریی لەسەر ئەوانیش دانا.

سەرەتای سەدەی بیست و یەک و هاتنی تەکنۆلۆژییە نوێیەکان خێرایی ئەم گۆڕانکارییانەیان هێندە زیاد کرد کە ئێتر هیچ ڕێگەیەک بۆ دوورکەوتنەوە لێیان نییە. گرینگترین دەرئەنجامی ئەو گۆڕانکارییانە سەرهەڵدانی تاقمێک جیاوازیی گەورە لە هەڵوێستەکانی کۆمەڵگە و بەتایبەتی لاوان بوو. جیاوازی لە بەهاکان، تێگەیشتنە فیکریەکان و چاوەڕوانییەکان لەنێوان نەوەی نوێ و دایک‌وباوک و گرووپە تەمەنییەکانی تردا وای کرد نەوەی نوێ ئامادە نەبێت مل بۆ ڕۆڵی پاوانخوازانەی گرووپە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو نەخش و نۆرمانەی ئەوان پێناسەیان کردوون ڕابکێشێت.

ئەم جیاوازییە لەنێوان نەوەی گەنج و نەوەکانی تردا پێی دەگوترێت "بۆشایی نێوان نەوەکان (Generation Gap)". مەبەست لە "بۆشایی نێوان نەوەکان" تەنیا جیاوازیی تەمەن نییە، بەڵکو کۆمەڵێک نۆرم و بەهایە کە دوو نەوەی جیاواز ناتوانن لەسەری ڕێک‌بکەون. ئەگەر ئەم بۆشاییە بەردەوام بێت و لە ڕاستیدا زمانێکی هاوبەش بۆ تێگەیشتن لە نێوەڕۆکەکە نەدۆزرێتەوە، بۆشاییەکە دەتوانێت ببێتە هۆی دوژمنایەتییەکی ئاشکرا لەنێوان نەوەکان و جۆرێک لە پچڕانی پەیوەندیی نێوانیان، کە بە"دابڕانی نەوەکان" (Generation Cleavages)  ناسراوە. ئەم قۆناغه دەتوانێت نیشانەی دەستپێکردنی قەیرانێکی کۆمەڵایەتی بێت، قەیرانێك که به هۆی پارچەپارچەبوونی کۆمەڵگەوە دەتوانێت بێته هۆی زۆر ڕووداوی چاوەڕواننەکراو. ئەگەر پرۆسەی پێکهێنانی بەهاکان سەردەمانێک لە ناوەندە پەروەردەییەکان و خێزانەکاندا بوو، ئێستا دەستڕاگەیشتنی بەربڵاو بە تەکنەلۆژی و پەیوەندییە مۆدێرنەکان بەتەواوی ئەم نۆرمانە و پرۆسەی کۆمەڵایەتیکردنی گۆڕیوە. کارناسان لەسەر ئەوەی بۆچی دیاردەی "بوشایی نێوان نەوەکان" ڕوودەدات بۆچوونی جیاوازیان هەیە، هەندێکیان گەشەسەندنی ئابووری بە فاکتەری سەرەکی دەزانن، هەندێکی دیکەش ڕەگ و ڕیشەی ئەم دیاردەیە لە گەشەسەندنی کولتووریدا دەبینن. یەکێک لەم گریمانە گرنگانە لە ڕەوایەتیدان بەم دیاردەیە، لەسەر بنەمای پرۆسەی "نۆژەنکردنەوەی کۆمەڵایەتیی" (Social Modernisation) دامەزراوە و باس لەوە دەکات کە نەوەیەکی نوێ بە بەهای نوێیەوە سەر هەڵ‌دەدات.

خاڵێکی گرنگی تر گۆڕانی "هەرەمی دانیشتووانە" کە دەتوانێت کاریگەرییەکی زۆری لەسەر پێشهاتە کۆمەڵایەتییەکان هەبێت. هەشتاکان و نەوەدەکانی هەتاویی بە ساڵانی "هەڵاوسانی گەنجێتی" لە ئێران دادەنرێت. "هەڵاوسانی گەنجێتی (Youth Bulge)" کاتێک ڕوو دەدات کە بەشێکی بەرچاو لە دانیشتووانی کۆمەڵگە (20%ی کۆی دانیشتووان یان زیاتر) تازە لاوان و گەنجانی پێگەیشتوو بن (گرووپی تەمەن 15-24 ساڵ) کە لە کاتی شێوازی بەرزی منداڵبوون لەدایک بوون و دواتر بەپێی ڕەچاوکردنی سیاسەتی کەمکردنەوەی ڕێژەی منداڵبوون, ڕێژەی منداڵانی لەدایکبوو کەم بۆتەوە. هەرچەندە ئەم دیاردەیە دەتوانرێت بە دەرفەتێکی زێڕین لە ئابووری وڵاتێکدا دابنرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا پێویستی بە پلانی تایبەت لە بواری کۆمەڵایەتی و کولتووریدا هەیە.

پێویستە بگوترێ ئەو قەیرانە کۆمەڵایەتییانەی کە لە هەندێک کۆمەڵگەدا ڕوویان داوە، وردە وردە و بە هۆی گۆڕانی نۆرم و بەها کۆمەڵایەتییەکانەوە بوون. "هێربێرت موور" هۆکاری ئەم گۆڕانکارییانە بە گۆڕینی شێوازی "هەرەمی دانیشتووان" بە قازانجی گەنجان، یان "هەڵاوسانی گەنجێتی" دەزانێت، کە لەسەر بنەمای ئەو دیاردەیە نەوەی گەنج تەحەدای کەشوهەوای فیکری و بەهاکانی نەوەی پێشوو دەکات و بانگەواز بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆمەڵگەدا دەکات. لەم ڕووەوە "هێنری ئۆرداڵ" پێی وایە "هەڵاوسانی گەنجێتی" بە ڕێژەی لەسەدا یەک لە کۆمەڵگەدا دەبێتە هۆی زیادبوونی لەسەدا پێنجی ململانێ کۆمەڵایەتی-سیاسیەکان.

جیاوازیی نەوەکان و بزووتنەوەی سیاسیی ڕۆژهەڵات

هەواڵی کۆچی دوایی سۆفی مەحمود ئاغایی، پێشمەرگەی سەردەمی کۆماری کوردستان، کۆمەڵگەی کوردستانی دڵتەنگ و خەمبار کرد، پیاوێک کە هەموو تەمەنی خۆی لە خەبات لەگەڵ دو دەسەڵاتی دیکتاتۆر بۆ گەیشتن بە ئازادی و دێموکراسی بەسەر بردبوو و جلوبەرگی پێشمەرگە تاکە جلوبەرگی ژیانی بوو. بەڵام کۆچی دوایی سۆفی مەحموود، جگە لە یادکردنەوەی ساڵانێک ژیانی پڕ لە سەرفرازیی پیری ئاشقی مەیدانی خەبات، بیرهێنانەوەی پرسێکی گرنگ بوو کە ساڵانێکە لەلایەن ڕەوتی سیاسیی ڕۆژهەڵاتەوە پشتگوێ خراوە و دەخرێت. ئەوەی کە ڕەوتێکی سیاسی بۆ نموونە حیزبی دێموکرات لە دەیەی هەشتەمی ژیانی سیاسیی‌دایە و زۆر یەکگرتووتر لە ڕابردوو و بە پێکهاتەیەکی بەرفراوانتر کار دەکات، دەتوانێت بەڵێنی داهاتوویەکی گەش بۆ کوردستان بدات، تەنانەت ئەوەی کە ئێستاش چەندین نەوەی جیاواز لە ڕیزی ئەندامان و لایەنگرانی ئەم حیزبەدان، نیشانەی دینامیزم و زیندوویی حیزبی دێموکراتە، بەڵام پرسیاری بنچینەیی ئەوەیە کە زانیارییەکان، ویست و داخوازییەکانی کەسێکی وەک نەمر سۆفی مەحمودی پێشمەرگەی پێشەوا لە دێموکرات چەندە لەگەڵ زانیاری و چاوەڕوانییەکانی ئەندامێک، هەوادارێک یان گەنجێکی ڕۆژهەڵات کە ماوەیەکە دێموکراتی ناسیوە لێکچوونیان هەیە؟ شێوازی کارکردن و گفتوگۆکردن لەگەڵ کەسێک کە هاوڕێی پێشەوای کۆچکردوو بووە تا چەند لەگەڵ کەسێک کە تەنها لە چوارچێوەی سۆشیال‌مدیا باسی دێموکراتی بیستووە لەیەک دەچێت؟ ڕۆڵی تەکنەلۆژیا لەم کارەدا چییە؟ شۆڕشی ژینا لە چەند قۆناغێکدا نیشانی دا کە تا چەند ئەم پرسە گرنگە فەرامۆش کراوە. بۆ نموونه له لوتکەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵات و سەرکوتکردنی دڕندانەی گەڵی کورد لەلایەن داگیرکەڕانەوە ئەم بۆشاییه بهڕوونی دیار بوو. کاتێک گەنجانی ڕۆژهەڵات چاوەڕوان بوون حیزبە سیاسییەکانی کورد بە بەشداریی و هێزی پێشمەرگانەوە پاڵپشتی لە بەرخۆدانی خەڵک بکەن، بەڵام حیزبە کوردییەکان پێیان باش بوو تەنیا ڕۆڵی پشتیوان بگێڕن. هەڵبەت هیچ گومانێک لە دروستیی هەڵوێستی سیاسیی حیزبە کوردییەکان و نەچوونە نێو گەمەی سیاسیی ڕێژیمدا نییە، ڕەنگە ئێستا دوای تێپەڕبوونی چەند مانگێک و بەدواداچوون بۆ دۆخەکە، زۆر ئاسانتر بتوانین هۆکاری ئەم هەڵوێستە ڕوون بکەینەوە، بەڵام ڕوونکردنەوە بە هیچ شێوە ناتوانێت چارەسەری ئەو کێشەیە بکات کە سەری هەڵداوە. لە ڕاستیدا کێشەی سەرەکی هێشتا ماوە و زۆر گەورەترە لە دژایەتیکردنی بڕیارێکی سیاسی، لە ڕاستیدا ئەوەی گرنگە جیاوازی نەوەکان و نەبوونی زمانێکی هاوبەشە بۆ پەیوەندیکردن. بێگومان بڕیارەکانی حیزبێکی سیاسی لەسەر بنەما و پرەنسیپی حیزبی و دوور لە کەشوهەوای هەست و سۆزدارییە، بەڵام چۆن دەبێت ئەم بڕیارە سیاسییە بۆ نەوەیەک ڕوون بکرێتەوە کە بیرکردنەوەی جیاوازە و ئامرازی تێگەیشتنی جیاوازتر. دەرکردنی بەیاننامەیەکی یەک لاپەڕەیی بە ناوی ڕەوتێکی سیاسی یان وتارێکی سیاسی، تا چ ڕادەیەک دەتوانێت بۆ لاوانی ئەمڕۆ کاریگەر بێت، باشتر ئەوەیە بپرسین کە لە بنەڕەتدا بەیاننامە یان وتارێکی سیاسی لە ژیانی ڕۆژانەی گەنجانی ئەمڕۆدا چ جێگایەکی هەیە؟ گەنجانی ئەمڕۆ کە زۆربەی داتاکانیان لە شوێن و فۆرمی تەواو جیاواز لە ڕابردوو وەردەگرن، چۆن دەکڕێت ڕازییان بکەیت کە هەڵوێستێکی سیاسی وشک و فەرمی قبوڵ بکەن؟

ئەوەی لە سەردەمی شۆڕشی ژینادا بەباشی بیندرا، نەبوونی ئەم زمانە هاوبەشە و پەیوەندی نێوان سەرکردایەتی و جەستەی گەنجی بزووتنەوە سیاسییەکان بوو، کە بەداخەوە هەندێک جار بووە هۆی ئەوەی تاقمێک بزووتنەوەی خۆدروستکراوە و پۆپۆلیست لە کەشوهەوای سۆزداری گەنجەکان کەڵک وەربگرن و بە یارمەتی‌وەرگرتن لە ئامراز و تکنۆلۆژی قبوڵکراو بۆ نەوەی گەنج تێبکۆشن تا مێشکی گەنجانی شۆڕشگێڕ لە ڕاستیەکان دوور بخەنەوە و بۆ ڕێگای ناڕاست هانیان بدەن.

ئەوەی ڕووی دا بانگەوازی بەئاگابوونەوە بوو بۆ ڕەوتی سیاسی ڕۆژهەڵات بۆ ئەوەی بە دووبارە خوێندنەوەی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات، ڕێگایەکی نوێ بۆ پەیوەندیی نێوان نەوە جیاوازەکان و بەتایبەت نەوەی گەنج بدۆزێتەوە. بەدڵنیاییەوە وەک باس کرا، ئەم بۆشاییە وردە وردە و بەدرێژایی ساڵان سەری هەڵداوە و چارەسەرەکەی پێویستی بە پلاندانان و پاتۆلۆژییەکی ورد هەیە و هەوڵدانی زۆری دەوێت. نابێ ئەوە لەبیر بکرێت کە درێژەدان بەم پرۆسەیە دەبێتە هۆی "قەیرانی شوناس"ی بۆ لاوانی کورد و هانیان دەدات لە شوێنێکی تردا بە دوای هیوا و خەونەکانیاندا بگەڕێن، شۆێنێک کە بە دڵنیاییەوە ناتوانێت نە بۆ ئەوان نە بۆ داهاتووی کوردستان هیچ بەرهەمێکی هەبێت. با لەگەڵ "مەحمود ئاغایی"کانی نوێ بە زمانی خۆیان قسە بکەین.